زووم:
تەنها دوو رۆژ دوای بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی حزبەکە قسەیەکی دیکەی کرد، رەتیکردەوە بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردبێت.
ئەمڕۆ، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو قسەیەی بە ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق گوت، بەگوێرەی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی، مەسعود بارزانی گوتوویەتی، “پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنی نەكردووە، بەڵكو لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و شەفاف و دوور لە دەستوەردانی دەرەكی و بەرنامەی پێشوەختەیە”.
لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەڵوێستەکەی دوو رۆژ لەمەوبەریدا رایگەیاند، “بەشداریی هەڵبژاردنێک ناکەین بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت”.
قسەکەی مەسعود بارزانی لەبارەی بایکۆتنەکردنی هەڵبژاردن لەلایەن پارتییەوە، لەکاتێکدایە، هەڵوێستەکەی دوو رۆژ لەمەوبەری پارتی، لە ئاستی نێودەوڵەتی، عێراقی و ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پشتگیریی نەکرا.
ئەمڕۆ ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، “نیگەرانیی خۆی و وڵاتەكەی لە دوا پێشهاتە سیاسییەكان” بە مەسعود بارزانی گەیاندووە، “داواشی كرد، پارتی دیموكراتی كوردستان رۆڵی خۆی ببینێت و لەگەڵ لایەنەكانی دیکە پێكەوە كێشە و نیگەرانی و تێبینییەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بكەن”.
پێش ئەم قسەیەی باڵیۆزەکەی ئەمریکا، پارتی شاندێکی ناردبوو بۆ لای گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵی دادگەری، نیگەرانییەکانی حزبەکەی لەبارەی هەڵبژاردن و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی گەیاندبوو، بەڵام ئەو سێ حزبە و زۆرێک لە لایەنەکانی دیکەی کوردستان، دوای بڕیارەکەی پارتی، رایانگەیاندبوو، لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنن لەکاتی خۆیدا.
بەگشتی، حزبەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ئەوانەی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهێناوە، جگە لە پێکهاتەکان، گلەییان لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نییە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لەسەر ئاستی عێراقیش، چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان، هەرزوو لەبارەی نیگەرانییەکانی پارتییەوە هەڵوێستی راگەیاند، دووپاتیانکردووەوە، نایانەوێت هاوبەشیی سیاسی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵ نەمێنێت.
لەو چوارچێوەیە، دوێنێ، موحسین مەندەلاوی سەرۆکی بەوەکالەتی پەرلەمانی عێراق، سەردانی سەڵاحەدینی کرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبووەوە، نووسینگەی مەندەلاوی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگ تاوتوێ کران، لەنێویاندا شایستە دەستوورییەکان، بڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان”.
دوای بینینی بارزانی، ئەمڕۆ موحسین مەندەلاوی، لەگەڵ نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە.
هەر ئەمڕۆ، دادگای فیدراڵی نیگەرانیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، “دادگاکە رووبەڕووی هێرشی میدیایی ناوخۆیی و دەرەکی بووەتەوە، هێرشەکان بەسیاسی کراون و ئامانجیان زیانگەیاندنە بە ناوبانگ و شەرعیەتی دادگاکە”، بۆیە دادگای فیدراڵی هەڕەشەی ئەوەیکرد، رێکاری یاسایی بگرێتەبەر بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە.
هەموو ئەمانە ئاماژە بوون بۆ ئەوەی، پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامدانەوەیەکی دڵخوازی بۆ بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەسەر ئاستەکانی ناوخۆ، عێراق و نێودەوڵەتی دەستنەخست.
پێدەچێت گەڕێکی دانوستان لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان، تەنانەت عێراقییەکان و خودی دادگای فیدراڵی بێتەئارا، ئاراستە سەرەکییەکەش گەیشتنبێت بەو خواستە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەی لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندایە.