رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
وەزیری دەرەوەى ئەمریکا سەردانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکاتەوە
لەکاتێکدا گفتوگۆکانى نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامییان هەیە، وابڕیارە رۆژى سێشەممەى داهاتوو ئەنتۆنى بلینکن وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ هەمان مەبەست سەردانى عەرەبستانى سعودییە و میسر بکات و باس لە هاوکارییە مرۆییەکانى غەزە و پێویستى ئاگربەست و گۆڕینەوەى بەبارمتەگیراوەکانى هەردوولا لەگەڵ گەورە بەرپرسانى ئەو وڵاتانەدا تاووتوێ بکات.
سەعید عەکاشە، پسپۆڕ و شارەزا لە بواری کاروبارى ئیسرائیل، لە دامەزراوەى –ئەهرام- ـى میسر بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، ئەمریکا دەتوانێت فشارى زیاتر بخاتە سەر ئیسرائیل، بەتایبەتى لە ئێستادا کە ناکۆکی نێوان نەتانیاهۆ و جۆ بایدن بەردەوامە.
شەرقولئەوسەت نوسیویەتى، بەرپرسانى ئیسرائیل و حەماس گەڕێکى نوێی دانوستانیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەى بگەنە ئاگربەست و راگرتنى جەنگى غەزە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بەتەواوى ناکۆکییەکانیان لەسەر وردەکاریی دانوستانەکەیان بەردەوامە.
سەباح
رێکخراوى کارى نێودەوڵەتى: ملیۆنێک ژنى عێراقى لە بازاڕەکانى کاردان
رێکخراوى کارى نێودەوڵەتى رایگەیاند، بەشداریی ژنانى عێراق لە بازاڕەکانى کاردا کەمترین رێژەى بەشداریکردنى ژنانە لەسەر ئاستى ناوچەکە و جیهان و پلانیان هەیە بۆ بەرزکردنەوەى ئەو رێژەیە.
مەها قەتاع، رێکخەرى کاروباری رێکخراوەکە لە عێراق بە رۆژنامەکەى گوتووە، رێژەى بەشداربوونى ژنان لە بازاڕەکانى کارى عێراقدا 10.6% ـە، واتە لە کۆی 13 ملیۆن ژنى عێراقى تەنها 400 هەزاریان لە نێو بازاڕەکانى عێراقدا کاردەکەن و لەو ژمارەیەش 70% یان لە کەرتى گشتى دا کاردەکەن، بەتایبەتى لە کەرتەکانى پەروەردە و تەندروستى و خزمەتگوزارییدا.
عەرەبی جەدید
هاوپەیمانەکانى ئێران لە عێراق لەبارەى هەموارى یاساى هەڵبژاردن ناکۆکن
هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق مژاری رۆژی نێوان لایەنە سیاسییەکانى عێراقە و هەموانیش بەدواى بەرژەوەندییەکانى خۆیانەوەن تا لەنێو یاساکەدا جێگەى بکەنەوە، وەک رۆژنامەکە ئاماژەى پێکردووە یەکێک لەو بڕگانەى زۆرترین گفتوگۆی لەبارەوەکراوە ئەوەیە کە وەزیر و سەرۆک وەزیران نەتوانن خۆیان کاندید بکەنەوە و هاوپەیمانی سودانیش فرەبازنەییان پێ باش نییە.
سەرچاوەیەکیش بە رۆژنامەکەى گوتووە، هێزێک لەنێو چوارچێوەى هەماهەنگیدا پلانى هەیە جێگە چۆڵەکەى رەوتى سەدر پڕبکاتەوە، ئەوە لەکاتێکدا ئەو رەوتە بڕیاریان داوە لە هەڵبژاردنەکانى داهاتوودا بەشداریی بکەن.
دەستوور
ئەردۆغان: لە هاوینى ئەمساڵدا ئاسایشی تەواوى سنوورەکانمان لەگەڵ عێراق دابیندەکەین
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەربازەکانى وڵاتەکەى و لە سەر سفرەى بەربانگ رایگەیاندووە، وڵاتەکەى پلانى داناوە لە هاوینى ئەمساڵدا ئاسایشی تەواوەتى بۆ سنووری وڵاتەکەى لەگەڵ عێراق دابین بکات، جەختیشکردووەتەوە دابینکردنى ئاسایشی سنوورەکانى تورکیا لەگەڵ عێراق ئەرکی سەرەکی حکومەتەکەیەتى و گوتویەتى: هاوینى داهاتوو ئەو کارانەى کە لە سوریا دەستمانپێکردووە لە سەر سنوورەکانى عێراق کۆتایی پێدەهێنین.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
ئەمریکا دراوی رووسی لە گیرە دەدات
کاتێک ئەمریکا و ئەوروپا هەوڵیاندا رووسیا لە سیستمی دارایی رۆژئاوایی داببڕن، مۆسکۆش چوارچێوەیەکی تازەى بۆ کارکردنی خۆی دۆزییەوە، کە بریتى بوون لە وڵاتانى کەنداوی عەرەبى و هەندێک لە وڵاتانى ئەوروپا.
ئێستا واشنتن لە هەوڵدایە چەند دەروازەیەکی دیکەى رووسیا دابخات، بۆ نموونە بانکی فەرمیی دەوڵەت لە دوبەی، کە چەند بازرگان و سەرمایەدارێکی بواری نەوتی رووسی ئاڵوگۆڕى دراوی تێدا دەکەن، جگە لەوە چەند دەزگایەکی قەرزپێدانی تورکییش گومانیان لێدەکرێت، هەروەها ئەمریکا چاوی لەسەر ناوەندێکی مامەڵەی دارایی ڤییەننای پایتەختی نەمساشە، کە کار بۆ رووسیا دەکات، رەنگە ئەمانەش داخستن بیانگرێتەوە.
گەڵف نیوز
نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ئیسرائیل برسیکردن وەک چەکێک بەکاردەهێنێت
نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریی دا، رێگریکردنی ئیسرائیل لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بە غەزە و پەلامارە بەردەوامەکانی سوپاکەی ئەو وڵاتە وا دەبیندرێن ئیسرائیل نیازی وابێت برسیکردنی خەڵک وەک چەکێکی شەڕکردن بەکاربهێنێت.
ڤۆڵکەر تراک، بەرپرسی ناوەندی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوەیەکگرتووەکان گوتی، برسێتییەکی گشتی و بێدادییەکی زۆر لە غەزەدا بڵاوبووتەوە، ئەم برسیکردن و خۆراک لێبڕینە ئەنجامی ئەو هەموو رێگریکردن و رێوشوێنە توندانەن، کە ئیسرائیل بۆ گەیشتن و دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان دروستیاندەکات.
فاینەنشیەڵ تایمز
کرێدیت کاردەکانی قەرزوەرگرتن بوون بە بارێکی قورس بەسەر ئەمریکییەکان و جۆ بایدنیشەوە
بەکاربەرەکانی ئەمریکا لە ساڵی رابردوودا تەنها رێژەی لەسەدا 50ـی ئەو بڕی ئەو قەرزانەیان گەڕاندووەتەوە، کە لەڕێگەی کارتە بانکییەکانەوە وەریانگرتووە و دەبوو وەک قەرز بیانگەڕێننەوە. ئەم رێژەیە نیوەی ئەو بڕەیە، کە ساڵی 2020 ئەمریکییەکان توانیویانە بیانگەڕێننەوە بۆ بانکەکان. کەواتە ساڵێک پێش حوکمکردنی جۆ بایدن ژیانی دارایی خەڵک باشتربووە. کۆمارییەکان بەگوێڕەی پێوەرەکانی ناو ئەم بەراوردکردنە دەڵێن پەستانی زۆر بۆ سەر ئاستی ژیان و گوزەرانی خەڵک دروست بووە، ژیان لە ئێستادا قورسترە.
دواکەوتنی ئەمساڵی خەڵک لە دانەوەی قەرزەکانی سەریان بەشێوەیەکە، کە جیاواز لە 13 ساڵی رابوردوو. ناوەندی شیکاریی (مەندەی ئەناڵیسس) دەڵێت ئێستا بانکەکان ئاسانکاریی زیاتریش دەکەن، بۆ خەڵک، بەڵام هاوڵاتیان کەمتر دەتوانن قەرزەکانی سەر خۆیان ببژێرنەوە.
واشنتن پۆست
سیستمی نەخۆشخانەکانى ئەمریکا لەبەر ئەگەری هاککردنیان لاوازن
بەرپرسە فیدراڵی و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کەرتی نەخۆشخانەکان دەڵێن، سیستمی خزمەتگوزاریی تەندروستیی ئەمریکا زۆر لاوازە لەبەر ئەگەری هاککردنیدا و چەند ساڵیشە بەرپرسانی ناوەندەکە ئەو راستییە دەزانن، بەڵام هیچ کارێکی بۆ ناکەن. ئەمە هۆکاری سەرەکیی ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییانەیە، کە ئەم هەفتەیە کرانە سەر چەندان دەرمانخانە و ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستی.
ساڵی 2021 بەڕوونی ئەوە دەرکەوت، کە بوونی ئەم لاوازییە چەند مەترسیدارە، ئەودەمە پەتای کۆڤید 19 ش لەناودا بوو، چەند هاکەرێک توانییان ئاراستەی ئەو پارە و خەرجییانە بگۆڕن، کە کەسانێکی نەخۆش دەیانناردن بۆ وەرگرتنی چارەسەرەکانی خۆیان، بۆیە دەستیان نەگەشت بە ئەو دەرمانانەدا، کە دەبوو وەک چارەسەر بۆ چەندان نەخۆشیی کوشندەی ناو خەڵک وەریانبگرن.
تایمز
کارمەندێکى نەخۆشخانە هەوڵیداوە فایلی تەندروستیی شاژنە كەیت بکاتەوە
ئەو نەخۆشخانە تایبەتەی نەشتەرگەرییەکی هەناویی بۆ شاژنە کەیت تێدا ئەنجامداوە لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە لەبارەی ئەو دەنگۆیانەوە، کە دەڵێن کارمەندێکی نەخۆشخانەکە هەوڵیداوە بە نهێنی دۆسیەی تەندروستی و نەشتەرگەرییەکانی شاژنە کەیت ببینێت، ئەوکاتەی کە ناوبراو لەناو ئەو نەخۆشخانەیەدا بووە و نەشتەرگەریی بۆ ئەنجامدراوە.
دەگوترێت کارمەندێکی نەخۆشخانەی تایبەتی لەندەن دەستگیرکراوە، لەبەرئەوەی ئەو کاتەی شاژن لەوێ چارەسەر دەکرا، ئەو کەسە توانیویەتی دەستی بگات بە دۆسیەی تۆمارە تەندروستییەکانی شاژندا، بەڵام لەکاتی کردنەوەی فایلەکاندا دەستگیرکراوە.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنى بیرلیک
پەیوەندى نێوان یەکێتى و پەکەکە مەترسییەکى نێودەوڵەتییە
هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا رایگەیاند، پەیوەندى نێوان یەکێتيى نیشتیمانيى کوردستان و پەکەکە چیتر بە تەنها مەترسییەک نییە بۆ سەر تورکیا، بەڵکو مەترسییەکیشە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتى.
فیدان گوتیشی، تورکیا هەموو هەوڵەکانى دەخاتەگەڕ بۆئەوەى لە ناوچەکە لەبارەى روبەڕوبوونەوەى تیرۆر و سەقامگیریی قسەڕۆشتوو بێت.
سۆزجو
کۆشکی کۆماریی تاکە شوێنە هەڵاوسان کاریگەریی لێناکات
کۆشکی کۆماریی لەماوەى یەک مانگدا، هێندەى موچەى 145 هەزار 480 خانەنشین پارەى خەرج کردووە.
لە شوباتى ساڵى رابردوودا 470 ملیۆن لیرە بۆ کۆشکی کۆماریی خەرجکرابوو، بەڵام لە مانگى شوباتى ئەمساڵدا خەرجییەکان زیاتربوون و گەیشتووەتە یەک ملیار و 454 ملیۆن لیرە. پارە بۆ خانەنشینان نییە، بەڵام بۆ خۆیان هەیە.
جمهورییەت
لانیکەم 917 ژن کوژراون
لەسەر فەرمانى رەجەب تەیب ئەردۆغان رێککەوتنى ئیستەنبوڵى سێ ساڵە هەڵوەشاوەتەوە، لەم ماوەیەشدا 917 ژن کوژراون، مافناسان رایانگەیاندووە، توندوتیژیى بەرامبەر ژنان زیادیکردووە.
قەرار
بابەجان: چارەسەرى پرسی کورد لاى ئەردۆغان نییە
عەلى بابەجان سەرۆکى گشتى پارتى پێشکەوتن و دیموکراسی، لەبارەى لێدوانەکانى بەرپرسانى دەم پارتى کە ئاماژەیان بەوەکردبوو چارەسەریی پرسى کورد لەدەستى ئەردۆغاندایە و جگە لەو کەسی دیکە ناتوانێت هەنگاوى بۆ بنێت، بابەجان گوتى، چیتر ئەردۆغان سەرۆکێک نییە بتوانێـت هەنگاو بۆ ئاشتەوایی بنێت و هاوکاریی پرۆسەیەکى ئاشتی بکات.
بابەجان راشیگەیاند، ئەوانەى پێشتر لەناو ئاک پارتیدا هاوکارى پرۆسەى ئاشتی بوون هەموویان تەسفییە کران و لە کارەکانیان دوورخرانەوە، لەبەرئەوە پێموایە ئاک پارتى نییەتێکى چارەسەریی بۆ پرسى کورد نییە.