زووم:
نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، دەیەی رابردوو گەرمترین دەیە بووە لە مێژووی تۆمارکراودا، بە جۆرێک بووەتە هۆی توانەوەی بەستەڵەکەکان و سەهۆڵبەندانەکان لە ساڵی 2023ـدا.
ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت، بەگوێرەی راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی جیهانیی چاودێریی کەشوهەوا، ساڵانی 2014-2023 گەرمترین دەیە بووە لە مێژوودا و رێکخراوەکە هۆشداری دەدات لەوەی بارودۆخی کەشوهەوای جیهانی”لە لێواری داڕماندایە”.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پێدەچێت لە ساڵی 2024ـدا ریکۆردێکی تازە تۆمار بکرێت و گەرمتر بێت لە ساڵی رابردوو.
لەبارەی راپۆرتەکەوە، سیلیستی ساوڵۆ، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی جیهانیی چاودێریی کەشوهەوا دەڵێت، “گۆڕانی کەشوهەوا، بەتەنها کورت ناکرێتەوە لە پلەکانی گەرمادا، ئەوەی لە 2023 بینیمان، بەتایبەت لە رووی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای ئۆقیانووسەکان و توانەوەی بەستەڵەکەکان و رووبارە سەهۆڵبەندانەکان لە کیشوەری جەمسەری باشوور، بێوێنە بووە و مایەی نیگەرانییە”.
هاوکات ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەدا هۆشداری داوە لەبارەی ئاماژەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە ساڵی 2023ـدا، کە لەپێشتردا بێوێنە بووە، بەوەی مەترسی لەسەر زەوی دروست دەکات و لە “لێواری لەنێوچوون” نزیکی دەکاتەوە”.
گۆتێرێس جەختیشی کردووەتەوە لەوەی هێشتا کات لەبەردەستە بۆ “رزگارکردنی زەوی”.
لە راپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە، تێکڕای گەرمیی رووی زەوی بە رێژەی 1.45 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە، ئەمەش زۆر نزیکە لەو رادە مەترسیدارەی رێککەوتننامەی پاریس بۆ کەشوهەوا لە 2015 دیاریکرد، کە 1.5 پلەی سیلیزی بوو.