زووم:
مەکتەبى سیاسیی پارتى دیموکراتى کوردستان، بە راگەیەندراوێکی زیاتر لە هەزار و 200 وشەیی، بایکۆتى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستانى کرد.
پارتی، چەند هۆکارێکی بۆ هەنگاوی بایکۆتکردنەکە باسکردووە، دیارترینیان بریتین لەمانەی خوارەوە:
پێشێلکردنی دەستوور لە هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردندا
پارتى لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەى بەوەکردووە، دادگای باڵای فیدراڵی، بە هەمواركردنەوەی جومگە گرنگەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە ماددەكانی پەیوەست بە دیاریكردنی سیستەمی بازنەكانی هەڵبژاردن، كۆتای پێكهاتەكان، ژمارەی كورسییەكان، لایەنی سەرپەرشتیار و لایەنی تایبەتمەند بە یەكلاییكردنەوەی تانەكانی هەڵبژاردن، سەرەڕای ئەوەی پێشێلی ماددەكانی (117 و 121)ـی دەستووری كردووە، كە تایبەتن بە گەرەنتیكردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێم، لەهەمان كاتدا پێشێلكاریی زەقی ماددەی (6)ی دەستووریشی كردووە، كە جەختدەكاتەوە لەسەر دەستاودەستكردنی دەسەڵات بەشێوازێكی دیموكراسییانە و بەگوێرەی رێوشوێنە دەستوورییەكان دەبێت.
پارتی پێیوایە هەموارکردنەکانی یاسای هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە “دەبێتە هۆی شێواندنی سیستەمی دیموکراسی”.
رەخنەیەکی دیکەی پارتی لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، نەهێشتنی کورسیی کۆتاکانە، دەڵێت، بە نەهێشتنی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان، یەكێك لە گەرەنتییە سەرەكییەكانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد و هەلی یەکسان و دادپەروەرانە پێشێلکرا، چونكە سەرەڕای ئەوەی پێشێلكردنی ویست و ئیرادەی هاووڵاتییانی هەرێمە لە مامەڵەكردن لەگەڵ بابەتێكی هەستیاری وەك پێكەوەژیان و یەکترقبوڵکردن، كە بووەتە ناسنامەی سەقامگیری و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتیی هەرێم، لەلایەكی دیكەشەوە ناكۆكە لەگەڵ ماددەكانی (49/ بڕگەی یەکەم) و (125)ى دەستور، یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکانى عێراق، ماددەكانی (2) و (25) لە پەیمانی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەكان (ICCPR)، كە عێراق لە ساڵی 1971 پەسندیكردووە و پێوەی پابەندە، كە هەموویان جەخت دەكەنەوە لەسەر رەچاوکردنی نوێنەرایەتیکردنی هەموو پێکهاتەکانی گەل لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكاندا و بەشداریکردنیان لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتیدا.
زیادهڕۆیی مهترسیداری دوورخستنهوهی دهسهڵاتی دادوهریی ههرێم
دادگای فیدراڵی دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی كوردستانی لە یەكلاكردنەوەی تانەكانی پەیوەست بە پرۆسەی هەڵبژاردن دوورخستۆتەوە، پارتی لەم هەنگاوە نیگەرانە و دەڵێت، دوورخستنەوەکەی دەسەڵاتی دادوەری، كە لە ماددەی (شەشەم دووبارە / بڕگەی چوارەم)ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دیاریكراوە و سپاردنی ئەو تایبەتمەندییە بە دەستەیەكی دادوەریی سەر بە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، زێدەڕۆییەكی مەترسیدارە لەسەر دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم، چونكە لەلایەك پێشێلكردنی سەربەخۆیی هەرێمەكانە، لەلایەكی دیکەشەوە لادانێكی بێپاساوی ئەو پیادەكردنە ئاساییەیە لەمەوپێش لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمدا لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە پەیڕەودەكرا، بەوەی دەستەیەكی دادوەریی لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم تانەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنەكانی یەكلاییدەكردەوە.
“400 هەزار دەنگەر لە دەنگدان بێبەشکراون”
پارتى دیموکراتی کوردستان گرفتى لەگەڵ نەخوێندنەوەى پەنجەمۆرى دەنگدەران هەیە، دەڵێت، رێکاری دیکەی ناتەندروست گیراونەتەبەر، کۆی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەخەنە ژێر پرسیاری جدییەوە، لەوانە بێبەشکردنی نزیکەی (400) هەزار دەنگدەری هەرێمی کوردستان لەدەنگدان، کە دەکاتە 20%ـی کۆی ئەو دەنگدەرانەی بایۆمەترییان كردووە، بەبیانووی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر.
لە کۆتاییدا پارتی هۆکارێکی دیکەی بایکۆتکردنی بۆ کەمی کورسیی دیاریکراو بۆ پارێزگای هەڵەبجە گەڕاندووەتەوە، دەڵێت، “نادادپەروەری لە دیارکردنی کورسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە” کراوە.
ئەمانە سەرەکیترین ئەو هۆکارانە بوون پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوی تایبەت بە بایکۆتی هەڵبژاردن باسیکردبوون، لەکاتێکدا زۆربەی لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا دووپاتدەکەنەوە.
ئەمە، پارتی دیموکراتی کوردستانی والێکرد، بڕیار بدات سەردانی لایەنە کوردستانییەکانی دیکە بکات و پرسی هەڵبژاردن و بایکۆتکردنەکەیان لەگەڵ باسبکات.