زووم..
تەواوی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی روسیا جیاکرانەوە و ئەنجام راگەیەندرا، ڤلادیمێر پوتین زیاتر لە 87%ی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکەی بەدەستهێناوە و بۆ خولێکی دیکە لە پۆستی سەرۆکایەتیی روسیا دەمێنێتەوە.
سەرکەوتنەکەی پوتین کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێناوە، وڵاتانی هاوپەیمانی روسیا بە گەرموگوڕییەوە پیرۆزبایی لە پوتین دەکەن، بە پێچەوانەشەوە، نەیارانی مۆسکۆ بە چاوی کەمەوە لە هەڵبژاردنەکە دەڕوانن و بە پڕۆسەیەکی “ساختەی پێشوەختە بڕیارلێدراو”ی دەزانن.
دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی روسیا، هەر یەک لە وڵاتانی چین، ئێران، ڤەنزوێلا و بۆسنە لە ئاستی باڵادا پیرۆزبایی سەرکەوتنی ڤلادیمێر پوتینیان کرد، دەڵێن، درێژە بە هەماهەنگی و کاری پێکەوەییان لەگەڵ روسیا دەدەن.
هاوپەیمانەکانی روسیا هەڵبژاردنەوەی پوتین بە پێشهاتێکی گرنگ بۆ روسیا و تەواوی جیهان ناو دەبەن.
لە بەرامبەردا ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا رەخنەی توند لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی روسیا دەگرن و پێیان وایە، حکومەتی روسیا کەشێکی ئازاد و دادپەروەرانەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە فەراهەم نەکردووە.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە رایگەیاندووە، بە روونی دیارە ئازادی و دادپەروەری فەراهەم نەکراوە، چونکە پوتین رکابەرە سیاسییەکانی زیندانی کردووە و رێگەی نەداوە هیچ رکابەرێکی راستەقینە لە بەرامبەریدا خۆی کاندید بکات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا جۆزێف بۆریێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا گوتی، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی روسیا لەژێر ترس و تۆقاندن ئەنجامدرا و بەهیچ شێوەیەک هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد نیە.
ئانالینا بایەر بۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش دەڵێت، سەرکەوتنی پوتین لە “هەڵبژاردنێکی بێبژاردە”دا بوو و هەڵبژاردنەکە دەرخەری رەفتاری خراپی پوتینە بەرامبەر بە گەلی روسیا.
هەر یەک لە فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، پۆڵندا و کۆماری چیک لە ریزی ئەو وڵاتانە بوون ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی روسیا رەتدەکەنەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، دۆخی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراسییانە لە روسیا فەراهەمنەکراوە، ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە سەرکەوتکراوە و دەنگدەرانی روسیا بەبێ بوونی هیچ بژاردەیەکی دیکە بەشداریی هەڵبژاردنەکەیان کردووە.
بەگشتی، سەرکەوتنی پوتین لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی روسیا چاوەڕوانکراو بوو، بۆیە رۆژی ١٥ی ئەم مانگە و پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکە، چارلس میشێل، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە تەنزەوە نووسی، ” دەمەوێت پیرۆزبایی سەرکەوتنی گەورەی پوتین لە هەڵبژاردنەکەدا بکەم، هەڵبژاردنێک بەبێ ئۆپۆزسیۆن و ئازادی و بەبێ هیچ بژاردەیەک بەڕێوەدەچێت”.