زووم:
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی راگەیاند.
راگەیەنراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هات بە سەرپەرشتی مەسعودی بارزانی، سەرۆکی حزبەکە، هەڵوێستی حزبەکە سەبارەت بە بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی عیراق سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی هەرێم و نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان خراوەتەڕوو.
مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاندووە، پارتی ناچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستوری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک ناکات، بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت.
مەکتەبی سیاسی پارتی لەراگەیەنراوەکەدا دەڵێت، “دادگای فیدراڵی بە هەمواركردنەوەی جومگە گرنگەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە ماددەكانی پەیوەست بە دیاریكردنی سیستەمی بازنەكانی هەڵبژاردن و كۆتای پێكهاتەكان و ژمارەی كورسییەكان و لایەنی سەرپەرشتیار و لایەنەکانی تایبەتمەند بە یەکلاییکردنەوەی تانەكانی هەڵبژاردن، پێشێلکردنی ماددەکانی ١١٧ و ١٢١ی دەستووری عیراقی کردووە، کە گرەنتی سەربەخۆیی دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێم دەکات، هەروەها بڕیارەکان پێشێلکارییەکی زەقی ماددەی ٦ی دەستووترە، کە جەخت لە دەستاودەستکردنی ئاشتیانە و دیموکراسییانەی دەسەڵات دەکاتەوە”.
مەکتەبی سیاسیی پارتی پێیوایە، “دادگای فیدراڵی بە نەهێشتنی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان، یەكێك لە گەرەنتییە سەرەكییەكانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد و هەلی یەکسان و دادپەروەرانە لە هەرێم پێشێلکرد، چونكە ئەو بڕیارە پێشێلكردنی ویست و ئیرادەی هاووڵاتیانی هەرێمە لە مامەڵەكردن لەگەڵ بابەتێكی هەستیاری وەك پێكەوەژیان و یەکتر قەبوڵکردن، كە بووەتە ناسنامەی سەقامگیری و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتیی هەرێم.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، پارتی پێی وایە دوورخستنەوەی دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم لە یەکلاکردنەوەی تانەکانی سەر هەڵبژاردن و سپاردنی ئەو ئەرکە بە دەستەیەکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق، “زێدەڕۆییەكی مەترسیدارە لەسەر دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم”، دەڵێت، “دادگای فیدراڵیی عیراق بە بڕیارە یەکلەدوایەکەکانی خۆی خستۆتە پێگەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و هەندێك دەسەڵاتی و تایبەتمەندی بەخۆی داوە، کە لە دەستوردا بۆی دیاری نەکراوە”.
مەکتەبی سیاسیی پارتی جەختیشیکردووەتەوە، “پێكهاتەی ئێستای دادگای فیدراڵی نادەستورییە و بەردەوام لە بڕیارەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان، پێشێلی مافە دەستورییەكانی كردووە و دەیەوێت ئەو دەستكەوتانەی کورد كە بە خەبات و تێكۆشان و خوێنی شەهیدان و ئەنفالکراوان و کیمیابارانكراوان وەدەستی هێناوە، بە بڕیاری سیاسی و نادەستوری لە گەلی كوردستانی بستێنێتەوە”.