زووم:
تیمی یەکێتی لە ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، لە کۆبوونەوەی پێشوو داوایانکردووە بەو پارەیەی لە بەغدادەوە هاتووە مووچەی مانگی شوبات دابەشبکرێت، بەڵام هەبوون لایەنی سەرەکی حکومەتن و دژی دابەشکردنی مووچە بوون.
تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی مووچە بڵاوکردەوە، دەڵێت، “چەند رۆژی رابردوو هەواڵ و تەسریباتی ناڕاست و نادروست لەسەر بابەتی مووچە زۆر وترا و بڵاوکرایەوە”، بۆیە ئەو روونکردنەوەی دا.
تیمەکەی یەکێتی رایگەیاندووە، “لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، تیمی وەزاری یەکێتی داوایکرد بەو بڕە پارەیەی لە بەغدادەوە هاتووە، دەستبکرێت بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، چونکە بەرەجەژنانە و خەڵک چاوەڕێی ئەو مافەی خۆیەتی وەریبگرێت، لەگەڵ ئەوەش هەوڵبدرێت ئەو بەشەی دیکە داوا بکرێت لە وەزارەتی دارایی عێراق بینێرێت”.
بەگوتەی تیمەکەی یەکێتی، “هەبوون لایەنی سەرەکیی حکومەتن دژی ئەو بۆچوونەی یەکێتی قسەیان کرد”، بۆیە دووپاتیدەکەنەوە، “جگە لەوە هەرچییەک گوترابێت بەپێچەوانەی ئەوەی دەیڵێین، راست نییە و مەرام و موزایەدەی سیاسی لەپشتە”.
تیمی یەکێتی راشیگەیاندووە، “هەرگیز یەکێتی هەوڵی تێکدانی نێو ماڵی لایەنەکانی هەرێم و بەغدادی نەداوە لەپێناو پۆستێکی دیاریکراودا، بۆیە ئەوانەی ئەو هەوڵانە دەدەن، بوونەتە باعیسی رێکنەکەوتن و تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و دواتر خەڵکی کوردستانیش دەبنە قوربانی ئەو سیاسەتە هەڵەیە”.
لە کۆتاییدا تیمی یەکێتی لە ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، “خۆزگە لەبری بەیاننامە و لێدوان و تەسریباتی ناڕاست”، بە هەموومانەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەیان بدایە.