زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح:
کوردستان خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان ئامادە دەکات
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەولێر، دەستی کردووە بە دانەوەی کارتی تازەی دەنگدان بەو کەسانەی لە ٢٠٢٣ـدا کارتەکانیان نوێکردووەتەوە بۆئەوەی بتوانن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ دەنگ بدەن. تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان و قەوارە سیاسییەکان و چاودێرە نێوخۆییەکانیش دەستیپێکردووە.
ئەحمەد مازن، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمسیۆن بە سەباحی گوتووە، ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەستیان پێکردووە. بڕیارە هەڵبژاردن لە رۆژی ١٠ـی حوزەیرانی داهاتوودا ئەنجام بدرێت.
مەدا:
رێکخراوێکی نێودەوڵەتی پلانی هەیە ژیانی خێزانە ئاوارە و گەڕاوەکان باشتر بکات
بەرنامەی خۆراکی جیهانی (دەبلیو ئێف پی) لە راپۆرتێکی خۆیدا دەڵێت، پلانێکی ستراتیجیی نیشتمانییان هەیە بۆ پاڵپشتیکردنی ئاستی گوزەران و بەهێزکردنی توانای خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییەکانی ژینگە لە عێراقدا.
دەبلیو ئێف پی دەیەوێت بەرنامەکەیان لەنێو ناوچە گوندنشینەکانی ١٠ پارێزگای عێراقدا جێبەجێ بکەن، کە لە دوای ئاوارەبوونەوە گەڕاونەتەوە گوندەکانی خۆیان، بەڵام کێشەی بێکارییان بۆ دروست بووە.
دەبلیو ئێف پی دەشڵێت، عێراق لەسەر پێوەری پەرەپێدانی مرۆیی پاشەکشەی کردووە، لە ئێستادا لەنێو ١٩١ وڵاتدا، لە پلەی ١٢١ـیەکەمدا دێت.
زەمان:
نەتانیاهۆ: درێژە بە هێرشی سەر رەفەح دەدەم و یەک ملیۆن و نیویش هاووڵاتیی مەدەنی دەگوێزمەوە
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرەکوەزیرانی ئیسرائیلی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات پێش ئەوەی دەست بکەن بە پەلاماردانی سەربازیی ناوچەی رەفەح، یەک ملیۆن و نیو هاووڵاتیی فەلەستینیی نیشتەجێی رەفەح لە باشووری کەرتی غەزەوە دەگوێزنەوە.
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش دەڵێن، هەر کات چۆڵکردنی رەفەح دەست پێبکات، کارەساتێکی لەوەی ئێستا گەورەتر روودەدات.
شەرقلئەوسەت:
ژنان و نەوەکانی خەلافەت لەنێو خێوەتگەی چاوەڕوانیکردنی درێژخایەندان
راپۆرتی ئەم رۆژنامەیە، کە لە ناوچەی قامیشلی لە رۆژاڤا ئامادەی کردووە دەڵێت، کەمپی هۆڵ ماوەی چەند ساڵێکە بووە بە کەمپێکی راستەقینە، نزیکەی ٤٣ هەزار کەس هەن، لەوێ دەژین، زۆربەیان ژنان و منداڵانی عێراقی و سوریین.
کەمپی هۆڵ، ٤٥ کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی حەسەکەوە دوورە، لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریایە.
لە دووریی ١٣٦ کیلۆمەتر لە کەمپی هۆڵەوە، کەمپێکی دیکەی پەنابەران هەیە، ناوی رۆژە، لە رووی دەرەوەی لە هەر کەمپێکی ئاسایی دەچێت، بەڵام لە ناوەوە رەوشەکە جیاوازە، دیوارەکان بەرزترن، کامێرای چاودێری زۆرن، دەیان و سەدان خێمەی بەیەکەوەلکێندراو هەن، کە ژن و منداڵی چەکدارانی داعشی تیادا دەژین.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی مەیل:
لایەنگرانی سوناک لە مۆردان تووڕەن
ئەمڕۆ ریشی سوناک هەڵمەتێکی پێچەوانە دەست پێدەکاتەوە، دەیەوێت ئەندام پەرلەمانەکانی سەر بە پارتەکەی خۆی قایل بکات بەوەی ئابووری، لەم سەردەمەدا کە خۆی سەرەکوەزیرانە، پاشەکشەی نەکردووە بەڵکو هاوسەنگ بووە.
ریشی سوناکی سەرۆکوەزیران لە ناوچەی میدلاندس لە ناوەڕاستی وڵات گوتارێک پێشکەش دەکات، هەوڵدەدات هەندێک ئەو رەوشە نائاساییە لەسەر خۆی ئارام بکاتەوە، کە تیایدا باسی ئەوە هاتبووە پێشەوە، بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە پۆستەکەی دووری بخەنەوە، لەبەرئەوەی لە دۆسیەی ئابووریدا شکستی هێناوە.
لایەنگرانی سوناک لە پێنی مۆردان تووڕەن، لەبەرئەوەی ئەم ژنە بووە بە بەشێک لەو هەڵمەتەی کار لەسەرئەوە دەکەن سوناک لابەرن و مۆردان بکەن بە سەرۆکوەزیران.
تایمز:
رووسەکان لە سەرکەوتنەوەی پوتین تووڕەن
دوێنێ دەیان هەزار کەسی رووسی سەرەیان گرت بگەن بە سندووقەکانی دەنگدان، بۆئەوەی پەیامی ناڕەزایی خۆیان لەبارەی سەرکەوتنەوەی پوتین بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی دەرببڕن و رەتیبکەنەوە.
پوتین بە جیاوازییەکی زۆر بەرز لە چاو کاندیدەکانی دیکە بە سەرۆکی وڵات هەڵبژێردرایەوە و سەرۆکایەتییەکەی تا سیەمین ساڵ مسۆگەر کرد.
یولیا ناڤاڵنییا، هاوسەری ئەلێکسی ناڤاڵنی، سەرکردەی پێشووی ئۆپۆزسیۆن، داوای لە جەماورەکەیان کرد، وەک دەربڕینی ناڕەزاییەکی ئاشتیخوازانە، بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و لە دژی پوتین دەنگ بدەن، رۆژی دەنگدانیان ناونا (بەیانیی دژبە پوتین).
دەیلی تەلەگراف:
سەرەکوەزیران تەنگەتاو کراوە، بۆیە پەنا بۆ حزبەکەی دەباتەوە و دەڵێت دەستم لێ هەڵمەگرن
ریشی سوناک بەپەلە هانای بۆ ئەندام پەرلەمانەکانی سەر بە حزبەکەی برد، داوای لێکردن پشتگیری لێ بکەن، چونکە دەیەوێت پلانێکی ئابووری کار پێبکات، بەڵکو ئەو پلانە ببێت بە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی ئەو گومانانەی لەسەری دروست بوون.
سەرەکوەزیران دوێنێشەو قسەی بۆ ئەندام پەرلەمانەکانی سەر بە حزبەکەی کرد و گوتی، ئابوورییەکەیان لە بەردەم خاڵێکی وەرچەرخانی گەورەدایە، بۆیە داوای لێکردن لە دەوری بمێننەوە و گوێ بەو دەنگە ناڕازییانە نەدەن، کە پلانی دیکەیان داناوە و دەیانەوێت کەسێکی دی بکەن بە سەرۆکوەزیران.
ئەم هەوڵانەی سوناک پاش ئەو دەنگۆیان دێت، کە باس لەوە دەکەن کەسە پارێزگارەکانی ناو پارتەکەی خۆیان بەرنامەیان هەیە سوناک لە سەرۆکوەزیرانی لابدەن و پێنی مۆردان وەک کاندیدی تازە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە پێشنیاز بکەن.
واشنتن پۆست:
رێگرییە تازەکانی نێو یاسای پەنابەری ناتوانن شەپۆلی هاتنی پەنابەران لە سنوورەکانەوە کەم بکەنەوە
داتاکان دەڵێن گۆڕینی سیاسەتەکانی پەنابەری، ئەگەر پاڵپشتیی دارایی بەهێزیان لەگەڵدا نەبێت کاریگەریی ئەوتۆیان نابێت.
سێ سەرچاوەی ئاگادار لەنێو حکومەتەوە دەڵێن ناکۆکی هەیە لەسەر دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ داخستنی چەند رێگایەکی فراوانی سەر سنوور.
حکومەت دەیەوێت لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەو دەروازانە دابخات، بەڵام بودجە بۆ ئەو کارە گەورەیە تەرخان ناکات، بۆیە ئێستا کۆنگرێس و کۆشکی سپیش لە گفتوگۆدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ ئەو کێشەیە، ئەگەر کۆنگرێس لەو ڕوەوە هەنگاوێکی باش نەنێت و بودجە تەرخان نەکات، ئەوا ئەو سیاسەتە تازانەی بۆ گرتنی سنوورەکان دانراون، سەرناگرن.
رۆژنامە تورکییەکان
ئەکشام
سەرۆکى مەهەپە پشتیوانیی خۆى بۆ ئەردۆغان دووپاتکردەوە
دەوڵەت باخچەلى، لە چواردەیەمین کۆنگرەى پارتى بزاڤى نەتەوەپەرستدا بە سەرۆک هەڵبژێردرایەوە.
باخچەلى لە پاش هەڵبژاردنەوەى پەیامێکى بۆ ئەردۆغان نارد و گوتى، پشتیوانی هاوپەیمانیى کۆماری دەبن، ئەردۆغان “رزگارکەرى سەدەی تازەیە” بۆ ئەوان، مانەوەى لە دەسەڵات “گرنگە” و پشتیوانى دەبن، نابێت واز لە دەسەڵات بهێنێت و میللەتەکەی بەتەنها بەجێبهێڵێت.

یەنى بیرلیک
هاکان فیدان: عێراق بۆ پاکتاوکردنى پەکەکە بەڵێنی هاوکارى پێداوین
هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا رایگەیاند، تورکیا لە ناوچەکەدا بووەتە وڵاتێکى قسەڕۆشتوو، لە سەردانەکەیاندا بۆ عێراق توانیویانە بەڵێن لە عێراق وەربگرن بۆ ئەوەی هاوکاریان بن لە رووبەڕووبوونەوەى پەکەکە لە دەرەوەى سنوورەکانیان.
هاکان راشیگەیاند، حکومەتى عێراق بەڕوونى بۆ یەکەمجار ئامادەیی خۆى بۆ دەرکردنى پەکەکە لە خاکى عێراق دەربڕی، بەمەش سەردەمێکى تازە لە شەڕی پەکەکە دەبڕن.

ئایدنڵک
دادگاى دەستووریى تورکیا سەرۆکى تازە هەڵدەبژێرێت
لە ٢١ـى ئازاردا دادگاى دەستووریى تورکیا سەرۆکی تازە هەڵدەبژێرێت و لەئێستادا عیرفان فیدان وەک تاکە کاندید بۆ ئەو پۆستە دەبینرێت.
دادگاى دەستوورى بڕیارەکانى بۆ تەواوى جومگەکانى ئەو وڵاتە گرنگە، چاوەڕێ دەکرێت هیچ کاندیدێکى بەهێز لە بەرامبەر عیرفان فیدان نەبێت.
ئەڤرەنسەل
هەژارى بەرۆکى میللەتى گرتووە و دەسەڵاتیش بەڵێنی شەڕ دەدات
ئەردۆغان لە مەیدانەکاندا بەڵێنی درێژەپێدانى سیاسەتى شەڕ بە چەکی تازەوە دەدات، ئەمە لەکاتێکدایە بەشێکى زۆرى بودجە و داهاتى وڵات بۆ شەڕى پەکەکە تەرخان کراوە، هاوکات بارودۆخی هاووڵاتیان تادێت خراپتر دەبێت، بەڵام بازرگانەکانى چەک دەوڵەمەنتر دەبن، بەم سیاسەتەوە تورکیا زیاتر ژێردەستى وڵاتانى ئیمپریالیزم دەبێت.
رۆژنامە فارسییەکان
ئیعتدال:
رەچەتەی دەرمان لە ئێران دوو هێندەی ستانداردی جیهانییە
مێهدی ناسیحی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی بیمەی تەندروستیی ئێران لەبارەی بەرزیی تێکڕای رەچەتەی دەرمان هۆشداری دا و رایگەیاند، لە ئێران نزیکەی چوار دەرمان بۆ هەر رەچەتەیەک دەنووسرێت.
ناسیحی دەڵێت، لە دونیادا بۆ هەر رەچەتەیەک یەک بۆ دوو دەرمان دەنووسرێت، بەڵام لە ئێران رێژەکە دووهێندە و زیاتریشە.
ناسیحی سەبارەت بە کارەکانی بیمەی تەندروستی رایگەیاند، بە هاوکاریی پەرلەمان و حکومەت، وەزارەتی تەندروستی و رێکخراوی بیمەی سامێت “هەنگاوێکی گرنگ”ـیان ناوە، بیمەی بێبەرامبەریان بۆ نیوەی خەڵک کردووە، بۆ ئەوەی خەڵک خەمی ئەوەیان نەبێت بچنە ناوەندە پزیشکییەکان بۆ چاودێریی تەندروستی.
لە ئێستادا ٩٠٪ـی خەرجییەکانی خەواندن لە نەخۆشخانە و ٧٠٪ـی خەرجییەکانی نەخۆشخانەی دەرەوە لە کەرتی حکومی و زانکۆدا، بە بیمە قەرەبوو دەکرێن.
ئەفکار:
ژمارەی ئەو گەنجانەی هاوسەرگیرییان نەکردووە گەیشتووەتە ۱۲ ملیۆن
گوتەبێژی وەزارەتی وەرزش و لاوان رایگەیاند، کاری ئەوان چاودێریکردن و باشترکردنی دۆخی گەنجانە و گوتی، خەڵک هەر شەش مانگ جارێک داوای راپۆرتیان لێدەکەن لەسەر دۆخی گەنجان، بەڵام دوایین راپۆرتی فەرمی ١٠ ساڵ لەمەوبەر بڵاو کراوە و ئێستاش راپۆرتی دۆخی تازەی گەنجان ئامادە دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بابەتی کۆچبەری و تەندروستی پەیوەندییان بە گەنجانەوە هەیە و لە ئەمساڵدا بەرزترین ئاستی دامەزراندن و کەمبوونەوەی بێکارییان لە ماوەی ۲۰ ساڵی رابردوودا هەبووە.
هەروەها باسی لە هاوسەرگیریی گەنجان کرد و رایگەیاند، ژمارەی ئەو گەنجانەی هاوسەرگیریان نەکردووە لە ١٦ ملیۆنەوە بۆ ١٢ ملیۆن کەمیکردووە، گۆڕانکارییەکانی دیمۆگرافیای ئێران گرنگترین هۆکاری ئەو کەمبوونەوەیەن.

هەمدلی:
ئابووریناسێک پێشبینی دەکات ساڵی داهاتوو بۆ ئێران سەخت بێت
مێهدی پازوکی، مامۆستا لە زانکۆی عەلامە دەڵێت، خەرجییەکانی حکومەت زیاترە لە داهاتەکانی و ئەو پرۆسەیەش کورتهێنانی بودجەی لێکەوتووەتەوە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، حکومەت دەبێت یان داهاتەکانی زیاد بکات، واتە نەوتی زیاتر بفرۆشێت، یان خەرجییەکانی کەم بکاتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە داهاتی نەوتی حکومەت بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، حکومەت بۆ ساڵی داهاتوو نزیکەی ٢٠٪ـی مووچەی فەرمانبەرانی زیادکردووە، بودجەی زۆربەی دامودەزگاکان زۆر زیادی کردووە، ئەوەش ناهاوسەنگی دروست دەکات.
ئەو مامۆستایەی زانکۆی عەلامە دەشڵێت، بەشێکی حکومەتیان گەورە کردووە کە کارێکی ئەوتۆ ناکەن، بۆیە لەپێناو باشترکردنی خەرجییەکانی حکومەت، نابێت پارە بدەن بە هەندێک شوێن، بۆ نموونە، هەندێک زانکۆ لە ئێستادا پێویست نیین بەڵام لە بودجەی ئەمساڵدا، سەرچاوەکانی ئەم زانکۆیانە گەشەیان کردووە، لەبەرئەوەی زۆربەی بەرپرسان لەم زانکۆیانەدا بڕوانامەیان بەدەستهێناوە.
کەیهان:
گەورەترین گرێبەستی نەوتی دوای شۆڕشی ئیسلامی واژۆ کرا
لە سەروبەندی رۆژی بەنیشتمانیکردنی پیشەسازیی نەوت لە مێژووی ئێراندا، گەورەترین گرێبەستی نەوتی دەیان ساڵی رابردوو واژۆ کرا، کە شەش کێڵگەی نەوتی وڵات بەپشتبەستن بە هێزی ناوخۆ پەرەپێبدات.
ئەو گرێبەستە ١٥ ملیار دۆلار بۆ داهاتی ساڵانەی وڵات زیاد دەکات، بە بەرزکردنەوەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل بۆ بەرهەمهێنانی نەوت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی نەوت، رۆژی یەکشەممە رێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستەکانی پەرەپێدانی شەش کێڵگەی نەوت بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆککۆمار و وەزیری نەوت بەڕێوەچوو، جێبەجێکردنی گرێبەستەکەش لەلایەن کۆمپانیا ئێرانییەکانەوە ئەنجام دەدرێت.