زووم:
بێتینا ستارک واتیزینگەر، وەزیری پەروەردەی ئەڵمانیا رایگەیاند، پێویستە خوێندکاران فێربکرێن کە لە حاڵەتەکانی جەنگ و کارەساتە سروشتییەکان و بڵاوبوونەوە و سەرهەڵدانی پەتا و نەخۆشیدا، چۆن رەفتاربکەن و رووبەڕووی ببنەوە.
بێتینا ستارک واتیزینگەر، وەزیری پەروەردەی ئەڵمانیا رایگەیاند، دەبێت قوتابخانەکان ئاماژە بە بەرگریی شارستانی بدەن و گوتی، ئامانج لەم هەنگاوە “بەهێزکردن و دروستکردنی هەستی دانبەدخۆداگرتنە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ” قوتابخانەکان دەبێت بە باشی ئامادەبکرێن بۆ قەیرانەکان، هەر لە پەتا و کارەساتە سروشتییەکانەوە تا حاڵەتی جەنگ، ئەوەش بکرێتە بەشێک لە پرۆگرامەکانی خوێندن لە قوتابخانەکاندا” .
ناوبراو ئاماژەی بە بوونی ئەو بابەتە کرد لە قوتابخانەکانی بەریتانیا و جەخیتکردەوە کە پێویستە وڵاتەکەشی هەمان هەنگاو بنێت.
وەزیری پەروەردە هەروەها داوای پەرەپێدانی پەیوەندییەکی “تەندروست”ـی کرد لە نێوان خوێندکاران و هێزە چەکدارەکاندا و پێشنیازی کرد کە ئەفسەرانی پۆلیس سەردانی قوتابخانەکان بکەن، بە مەبەستی روونکردنەوەی ئەوەی کە ئایا هێزە سەربازییەکانی ئەڵمانیا دەتوانن چیبکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات.
هەروەها داوایکرد گەنجانی ئەڵمانیا هۆشیاربکرێنەوە و رابهێنرێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی سەر ئاشتی و ئازادی، بە مەبەستی ئەوەی باشتر رابهێنرێن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسییەکاندا.