رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
گرووپی7 داواى سزادانى زیاتری ئێران دەکەن
ئێران بە پێدانى موشەکى بالیستى بەردەوامە لە هاوکاریکردنى روسیا و گرووپى جى7 داواى سزای زیاتر و خێراتر دەکەن بۆ ئەو وڵاتە.
بەگوێرەى راگەیەنراوێکى هاوبەشى نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، کەنەدا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و ژاپۆن، ئێران بەردەوامە لە هاوکاریکردنى روسیا بە موشەکى بالیستى و بۆ راگرتنى خێرای ئەو هاوکارییانە پێویستە سزای خێراو زیاتر بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنرێت.
هەرچەندە روسیا تا ئێستا هیچ وەڵامێکى راستەوخۆی بۆ ئەو راگەیەنراوە نەبووە، بەڵام لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: ئێمە نیگەرانین لەو زانیارییانەى کە باس لەوە دەکەن ئێران هاوکاری روسیا دەکات لەناردنى موشەکى بالیستى بۆ روسیا لەگەڵ پێداویستیەکانى دا و داوا لە ئێرانیش دەکەین بە خێرایی ئەو هاوکارییانەى رابگرێت، چونکە پشێوى و ناکۆکى لەناوچەکەدا زیاتر پەرەپێدەدات.
بەگوێرەى راپۆرتێکى رۆژنامەوانى لە مانگی رابوردوودا ئێران ٤٠٠ موشەکى بالیستى لە جۆری فاتح ١١٠ى لەگەڵ پێداویستییە تەکنۆلۆجییەکانى داوە بە روسیا و شارەزایانیش دەڵێن ئەو جۆرە موشەکە تا دوورى ٧٠٠ کیلۆمەتر دەتوانێت ئامانجەکەى بپێکێت.
دەستوور
بەغداد پشکى شێری لە زیادەڕۆیی دروستکردنى خانوودا هەیە
وەزارەتى پلاندانانى عێراق رایگەیاند، بەغدادى پایتەخت پشکى شێری زیادەڕۆییەکانى عێراقى بەردەکەوێت و یەک لەسەر چوارى زیادەرۆییەکانى بیناسازیی دەکەونە سنوورى شارەوانى پایتەختەوە.
عەبدولزوهرە هنداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق رایگەیاندووە زیادەڕۆیی لەسەرانسەرى عێراقدا سێ ملیۆن خانووى تێپەڕاندووە، تەنها لە سنووری شارەوانى بەغداد سێ هەزار خانووى زیادەڕۆ هەیە و پارێزگاى بەسرەش لە پلەى دووەمدایە و لە دواى ئەویش پارێزگاى موسڵ دێت لە بوارى زیادەڕۆییدا.
بەگوێرەى گوتەبێژەکەى وەزارەتى پلاندانان یەکێک لە چارەسەرە بنەڕەتییەکانى کەمکردنەوەى زیادەڕۆیی پەرەپێدانى کەرتى بیناسازیی و کردنەوەى یەکەکانى نیشتەجێبوون و دابەشکردنیانە بەسەر چین و توێژەکانى خەڵکدا.
گوتەبێژەکەى وەزارەتى پلان دانان ئەوەشى خستووەتە روو زیادەڕۆییەکانى تەنها ناوشار و دەروبەرى شارەکانى نەگرتووەتەوە، بەڵکو پەلى کێشاوە بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان و ئەوەش مەترسی لەسەر چارەنووسى کەرتى کشتوکاڵیش دادەنێت لە داهاتوودا و ئاشکراشى کردووە کە عێراق پێویستى بە سێ ملیۆن یەکەى نیشتەجێبوون هەیە.
قودسى عەرەبی
هاوارێک لە دارفۆرەوە: نە کولە و نە گەڵاى داریشمان دەستدەکەوێت بیخۆین
ناکۆکی و ململانێکانى ناوخۆی دارفۆرى سودان پێى ناوەتە قۆناغێکى مەترسیداری مرۆییەوە و ئاوارەکانى ئەو وڵاتەش هاواریان لێهەستاوەو دەڵێن، نە کولە و نەگەڵاى درایشمان دەستدەکەوێت بیخۆین.
یەعقوب محەمەد عەبدوڵا، رێکخەرى کاروبارى ئاوارەکانى دارفۆر، دۆخی ئاوارەکانى بە کارەسات ناوهێناوە، سەرەڕای نەبوونى هاوکارییە نێو دەوڵەتییەکان، چوونە دەرەوەى ژنانیش لە چادرگەو شوێنى نیشتەجێبونیان لە ترسی دەستدرێژیی هێندەى دیکە دۆخى خێزانەکانى خراپتر کردووە و زۆرتریش ژیانى منداڵانى خستووەتە مەترسییەوە.
ئەو بەرپرسە دارفۆرییەى ئاوارەکان باسی لەوەش کردووە کە ماوەیەک پێش ئێستا منداڵان کولەیان دەگرت و لە نێو ئاگردا دەیانبرژاند و دەیانخوارد، ژنانیش گەڵاى دارەکانیان دەکردە ئاو و گەرمیان دەکرد و دەیاندا بە منداڵەکانیان، بەڵام ئێستا هیچیان دەستناکەوێت.
عەرەبی جەدید
گفتوگۆکانى نێوان واشنتن و بەغداد رۆڵى هاوپەیمانان لە عێراق دەگۆڕێت
سەرچاوەیەکى باڵاى عێراقى رایگەیاندووە گفتوگۆى نێوان بەرپرسانى ئەمریکی و عێراقى لەبارەى کشانەوەى هێزى هاوپەیمانان دەبێتە هۆی گۆڕینى رۆڵی سوپاى ئەمریکا لە عێراق نەک پاشەکشەکردنیان.
رۆژنامەى عەرەبی جەدید باسی لە سێ لیژنەى هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکا کردووە بۆ رێکخستنەوەى پەیوەندییەکانى نێوانیان و هەردوولاش جەختیان کردووەتەوە لەسەر روبەڕووبوونەوەى ئەگەرى سەرهەڵدانەوەى داعش، باسیان لەوەشکردووە کە هێشتا سنوورەکانى عێراق بەتەواوى کۆنترۆڵ نەکراون و دەکرێت وڵاتانى دراوسێ ببنە کێشە بۆ تێکدانى ئارامى عێراق، بۆیە عێراق پێوستى بە مانەوەى هاوپەیمانان هەیە لەم قۆناغەشدا، لەو بارەیەشەوە سەرچاوەیەکى باڵاى عێراقى کە ناوەکەى ئاشکرا نەکردووە بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە پێدەچێت لە ماوەیەکى نزیکی داهاتوودا محەمەد شیاع سودانى بۆ ئەو مەبەستە سەردانى واشنتن بکات و لە نزیکەوە لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە بگەنە ئەنجامێک.
بەرپرسە عێراقییەکە گوتوشیەتى کشانەوە و مانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان لەعێراق بەو شێوەیە نییە کە لە میدیاکانەوە باس دەکرێت و بەردەوامیش لەنێوان هێزە سەربازیی و ئەمنییەکانى هەردوولادا کۆبوونەوەو راوێژکاریی بەردەوامی هەیە.
رۆژنامەکە لە زاری یەکێک لە بەرپرسانى ئەمریکاوە بڵاوى کردووەتەوە رۆڵی هێزە ئەمریکیەکان لە عێراق دەگوڕێت نەک پاشەکشە بکەن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
بنەماڵەی پاشایی بەرنامەیەکی وای هەیە مۆردان بکات بە سەرەکوەزیران
باڵی راستڕەوی نێو پارتی پارێزکارانیش قسەوباسی نهێنییان لەبارەی ئەوەوە کردووە، کە مۆردان لەبریی ریشی سوناک بکرێت بە سەرەکوەزیران.
ئەندام پەرلەمانەکانی سەر بە پارتی پارێزگاران، بەتایبەتییش راستڕەوەکانیان قسەیان لەگەڵ پێنی مۆرددان کردووە، کە پێشنیاری دەکەن لەبریی ریشی سوناک ببێت بە سەرەکوەزیران. چەند سەرچاوەیەک دەڵێن ئەو گفتوگۆیانە لەم هەفتەیەدا ئەنجامدراون . بۆیە ئەگەر لە هەفتەکانی داهاتوودا و لە پرۆسەی داهاتووی تاج لەسەرناندا مۆردان دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت، ناوبراو رادەسپێردرێت پۆستی سەورەکوەزیران وەربگرێت. ئەم جموجوڵە مانای وایە کە لەپاش دوایین پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنەوە، ئەم گۆڕانکارییە دەبێت بە سێیەمین گۆڕینی سەرەکوەزیران پێش ئەوەی هەڵبژاردنی نوێ ئەنجامبدرێت.
واشنتن پۆست
سیاسەتی نیشتەجێکرن دەتوانێت نرخی موڵک و خانو داببەزێنێت
رێکخراوی نیشتمانیی بازرگانانی موڵک لە ئەمریکا رازی بوون یاسایەک پەسەند بکرێت، هەندێک نرخی موڵک و خانو داببەزێنێت. بەگوێرەى رێووشوێنی نوێ، دەبێت هاووڵاتی بتوانێت بە نرخێکی کەمتر لە نرخەکانی ئێستا خانو و موڵک بکڕێت.
بەگوێرەى رێککەوتنە نوێیەکە دەبێت یەک ملیۆن و نیو کەس کە لە بواری کڕین و فرۆشتندا کاردەکەن، یاسانوێیەکە لەپێشچاوبگرن، بەڵکو نرخەکان لە ئاستێکی نزمتردا بەردەست بکرێن بۆ هاووڵاتیان و ئەمە لە سودی بازرگانانی بوارەکەش دەبێت.
عەرەب نیوز
نەتەوەیەکگرتووەکان داوای هاوکاریی بەپەلە دەکات بۆ سودان بۆئەوەی برسێتی نەکەوێتەوە ناوەوە
ئاژانسەکانی منداڵپارێزیش دەڵێن، لەپاش چەند ساڵ لە شەڕکردنی بەردەوام ئێستا تێکڕای مردن لەناو منداڵاندا زۆر بەرزبووەتەوە.
ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پاراستنی منداڵان داوایکرد، کە یارمەتیی بە پەلە بنێردرێت بۆ سودان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی برسێتی.
شەڕی نێوانی سەرکردەی سەربازی عەبدولفەتاح ئەلبورهان و هێزەکانی فریاکەوتنی خێرا بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەمدان بوون بەهۆی کوشتنی دەیان هەزار کەس و وێرانکردنی ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکەش. لەمڕووەوە قەیرانێکی مرۆیی زۆر گەورە لەو وڵاتەدا پەیدابووە، خۆراک بۆ هاووڵاتیان دابیننابێت و کورتهێنانی زۆری تێدایە. بەرپرسی رێکخراوی منداڵپارێزی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، کە لە ناوچەی پۆرت سوداندا دەرمان و خۆراکی پێویست بە بڕی باش بەردەستن و هەن، بەڵام کێشەکە لەوەدایە، کە ناتوانن بیانگوێزنەوە بۆ ناوچەی شەڕ و پێکدادانەکان.
دەیلی تەلەگراف
رەنگە لەسەر دۆسیەى کوشتنی ئەنفغانییەکان، جۆنی مێرسێر زیندانی بکرێت
جۆنی مێرسێر، کەسێتیی سەربازی و وەزیری جەنگاوەرە دێرینەکانی بەریتانیا، کەوتووەتەبەر هەڕەشەی ئەوەی زیندانی بکرێت، لەبەرئەوەی ئامادە نەبووە ناوی ئەو ئەفسەر و سەربازانەی سەر بە هێزی تایبەتی ئادسمانیی وڵاتەکە ئاشکرا بکات، کە دەگوترێت چەندان کەسی ئەنفغانییان کوشتووە.
مێرسێر، کە ئێستا وەزیری کاروباری جەنگاوەرە دێرینەکانە، گوتویەتی هیچ ئامادەنییە وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە، کە بەشێوەیەکی فەرمی و لەسەر بنەمای راپۆرتێکی رۆژنامەی دەیلی تەلەگراف ئاراستەی کراون و دەگوترێت چەند سەربازێکی سەر بە هێزی تایبەتی ئاسمانیی وڵاتەکە چەند ئەنغانییەکیان کوشتوە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
گرۆسی و پوتین بڕیاریان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دا!
رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، دانوستانی خۆی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا سەبارەت بە پرسی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران راگەیاند.
گرۆسی لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا لە تۆکیۆ رایگەیاند، گفتوگۆیەکی گرنگم لەگەڵ سەرۆکی روسیا کرد.
رافائیل گرۆسی، روونیشی کردەوە هیچ پێشکەوتنێک لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئێران و ئاژانسی وزەی ئەتۆم بەدی نەهاتووە و کێشەکان دەبێ چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی ئاژانس دڵنیابێت لەوەی کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئاشتیانە بێت.
ئیمروز
ئێرانییەکان دووەم گەورەترین کڕیاری خانووبەرەن لە تورکیا.
بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوی ئاماری تورکیا، پشکی فرۆشتنی خانووبەرە بە بیانییەکان لە کۆی ئەو بڕە خانوویەی لە مانگی رابردوودا فرۆشراوە 2% بووە.
بڕی فرۆشتنی خانووبەرە بە بیانییەکان لە تورکیا مانگی رابردوو بەراورد بە ساڵی پێشوو بە رێژەی 48% کەمیکردووە و گەیشتووەتە 3907 خانوو.
لە ماوەی مانگی رابردوودا هاووڵاتیانی روسیا و ئێران و عێراق زۆرترین خانوویان لە تورکیا کڕیوە، رووسەکان 395 خانوویان کڕیوە، ئێرانییەکان 200 خانوویان کڕیوە، عێراقییەکانیش 112 خانوویان کڕیوە.
جیهانی سەنعەت
دەرکردنی یەکەم یاسای جیهانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ژیریی دەستکرد لە ئەوروپا
ئەوروپا هەنگاوێک لە جێبەجێکردنی یەکەمین یاسای ژیریی دەستکرد لە جیهاندا نزیکبووەتەوە، کە پەسەندکردنی یاسایەکە سێ ساڵ لەمەوبەر نووسینی دەستیپێکردووە.
تیری بریتۆن، کۆمیساری بازاڕی ناوخۆی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت، من پشتگیری لەم یاسایە دەکەم کە یەکەم چوارچێوەی جیهانی تەواو و پابەندکەرە بۆ ژیریی دەستکرد، ئێستا ئەوروپا ستانداردێکی جیهانییە و پێشەنگە بۆ ژیریی دەستکرد.
کۆی گشتی 523 یاسادانەری یەکێتی ئەوروپا لەسەر پەسەندکردنی ئەم یاسایە رێککەوتن. بڕیارە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە مانگی داهاتوودا بە فەرمی یاساکە رابگەیەنن، پێشبینیش دەکرێت لە ساڵی 2026 جێبەجێ بکرێت، هەرچەندە هەندێک بەشەکانی پێشتر جێبەجێ دەکرێن.
هەمدلی
چینی مامناوەندیش پێڵاو ناکڕێ، چ جای هەژاران
بەرپرسی سەندیکای جانتا و پێڵاوی هەمەدان رایگەیاند، بازاڕی ئەو بەرهەمانە لە سەروبەندی نەورۆزدا ساردە و دەڵێت، بازاڕ دەریدەخات کە تەنانەت چینی ناوەڕاستیش ئەو بەرهەمانە ناکڕێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک بە بەراورد بە ساڵی رابردوو و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لەمساڵدا جوڵەی بازاڕی ئەمساڵ کەمکردووەتەوە.
گوتیشی، بەشی سەرەکی بازاڕ چینی مامناوەندە، چینە دەوڵەمەندەکان و چینە هەژارەکان رۆڵێکی بەرچاویان لە دیاریکردنی دۆخی بازاڕی جانتا و پێڵاو لە ئێراندا نییە، بەتایبەتی چینە دەوڵەمەندەکان جانتا و پێڵاوەکانیان لە بازاڕی دەرەوە دابین دەکەن.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
پەکەکە لەنێو خاکى عێراق پاکتاو دەکرێت
رۆژنامەى تورکیا نووسیویەتى، لەپاش ناساندنى پەکەکە بە رێکخراوێکى تیرۆریستى لەلایەن حکومەتى عێراقەوە، هەماهەنگییەکانى نێوان ئەنقەرە و بەغداد بۆ پاکتاوکردنى پەکەکە لەنێو خاکی عێراق زیاتر دەبێت.
دەڵێت، پەکەکە دەستى بەسەر 600 گوند لەنێو خاکى عێراقدا گرتووە. سەدان جبەخانە و ئەشکەوتیان بۆ خۆ حەشاردان دروستکردووە، رێککەوتنەکە مێژووییەکى نێوان ئەنقەرە و بەغداد لە ئایندەیەکى نزیکدا ئەنجامى باشی دەبێـت. ئامانجى هەردوولا ئەوەیە ئەو شوێنانە بە پەکەکە چۆڵ بکەن کە 30 ساڵە لەنێو خاکى عێراقدا کۆنتڕۆڵى کردووە.
ئەکشام
زیاتر لە یەک ملیۆن گەنج بۆ یەکەمجار لەم هەڵبژاردنەدا بەشدارى دەکەن
بەگوێرەى راگەیەنراوێکى نوێى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنى تورکیا، ئەو کەسانەى تەمەنیان بووەتە 18 ساڵ، بۆ یەکەمجار بەشدارى پڕۆسەى هەڵبژاردن دەکەن کە ژمارەیان یەک ملیۆن و 32 هەزار و 610 کەسن. ئەمانە لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى 31 ى ئازار بۆ یەکەمینجار مافى دەنگدانیان دەبێت.
ئایدنڵک
سەرەڕاى قەیرانى ئابوورى 6.7 ملیار لیرە دراوە بە پێنج پارتى سیاسی
محەمەد شیمشەک، وەزیرى دارایی تورکیا رایگەیاند، هیچ کەسێک بۆ پڕۆژە و قەرز سەردانمان نەکات، چونکە پارەى یەدەگمان لەبەردەستدا نییە، کەچی پەرلەمان بڕی 6.7 ملیار لیرەى بە پێنج پارتى سیاسیی داوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنى شارەوانییەکان. لەکاتێکدا نادادپەروەرییەک لە پێدانى ئەو پارەیە هەیە بەوەى بەشێک لە پارتە سیاسییەکانى وەک پارتى نیشتیمان هیچ هاوکارییەکی پێنەدراوە.
سۆزجو
تەمەنى 91 ساڵە و لە نۆرەى کولێرە کڕیندایە
ژنێکى تەمەن 91 ساڵ بووە سیمبولى گرانى و نەهامەتى لە تورکیا، بۆ ئەوەی بە بەهاى پێنج لیرە کولێرەیەک هەرزانتر بکڕێت لە نۆرەدا وەستاوە. 10 هەزار لیرە بۆ موچەى خانەنشینى لەم گرانییەدا بەشی هیچ ناکات. ئەمەش لە ئەنجامى سیاسەتێکى گەندەڵ و شکستخواردووى ئابوورییەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەو ژنە بەساڵاچووە گوتویەتى، گەیشتومەتە ئەم تەمەنە، تائێستا گرانی وەهام نەدیوە.