بڕیارە سبەینێ بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی كۆنگرەی دامەزراندن لە سلێمانی ببەستێت و تێیدا ڕابەرى گشتى هەڵدەبژێرێت، ئەوەش یەکێکە لە ئامادەکارییەکان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان.
محەمەد بازیانی، گوتەبێژى بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی بە زوومى راگەیاند، سبەینێ لە هۆڵی تەلاری هونەری سلێمانی و بە بەشدارى زیاتر لە هەزار کەس، یەکەم کۆنگرەی حزبەکە بەڕێوەدەچێت و تێیدا رابەى گشتى و ئەندامانى سەرکردایەتى هەڵدەبژێرێن و پێداچوونەوەش بە پەیڕەوى بزوتنەوەکەدا دەکرێت.
ئاماژەى بەوەشکرد، كۆنگرەكە یەك ڕۆژ دەخایەنێت و بە سەرپەرشتی لقی سلێمانیی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوەدەچێت .
گوتەبێژەکەی بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی گوتیشى، مەرجى بەشدارى لە هەڵبژاردنەکانى کوردستان ئەوەیە دەبێت ئەو حزبەی بەشداری دەكات كۆنگرەی ئەنجام دابێت، “ئێمە خۆمان وەكو حزب لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرد و کۆنگرەش دەبەستین و بە تەنهاش بەشدارى هەڵبژاردن دەکەین”.
سەبارەت بە ژمارەى کاندیدەکانیان و چاوەڕوانییان لە هەڵبژاردن، گوتەبێژەکەی بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی گوتی، دواى کۆنگرەکە ژمارەى کاندییدەکان و کەسایەتییەکان ئاشکرادەکرێن، و “هێنانی کورسیش دەکەوێتە سەر ئەو سەرژمێریانەى کە دەکرێت ئایا چەند دۆست و لایەنگر و ئەندام هەیە، ئەمە هەمووى وەک یەکە بۆ تەواوى هێزە سیاسییەکان”.
دوای پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو باڵی نێو بزووتنەوەى ئیسلامى و نەگەیشتن بە ئەنجامێک بۆ بەستنی کۆنگرەی هاوبەش، دواجار باڵی کامیلی حاجی عەلی جیابوونەوەی خۆی لە باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز راگەیاند و بزوتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامى راگەیاند.