رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی لیستێکی تازەیە و بە نیازە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات کە بڕیارە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لیستەکە لە تەواوی بازنەکان کاندیدی دەبێت و لە کۆمەڵێک لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی پێشوو و چەند کەسایەتییەکی تازە پێکهاتووە.
لیستەکە بە فەرمی وەک حزبێک تۆمارکراوە و هەرچەندە هەشت ناو پێشنیازکراون و دراون بە کۆمسیۆن، بەڵام دڵخوازترینیان لای ئەندامی لیستەکە “رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی”ـیە، دواتریش “هاوپەیمانیی گەل یاخود بەرەی نیشتمانی”.
ناوی بەشێک لە کاندیدانی پشتڕاستکراوە کە زووم لە سەرچاوەیەکی ناو لیستەکە دەستیکەوتووە؛
بۆ بازنەی هەولێر:
مستەفا برادۆستی (برازای سەلامی کەریمخان برادۆستی)
عومەر فەقێ
بۆ بازنەی سلێمانی:
عەلی حەمەساڵح
سەردار قادر
هێرش عەبدولرەحمان
کاروان حەمەساڵح
لەشکر حەمید
بۆ بازنەی گەرمیان:
کەریم عەلی
شیرین کاوە گەرمیانی
بۆ بازنەی دهۆک:
گوهدار زێباری
بەدەل بەرواری
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، لیستەکە 40 کاندیدی دەبێت لە هەر چوار بازنەکەی هەرێمی کوردستان، هەموو رێکارەکانی ناوی قەوارەکە لە کۆمسیۆن تۆمارکراوە و پەسەندکراوە.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، لە ماوەیەکى نزیکدا لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا حزبەکە رادەگەیەنن و لە ماوەیەکی نزیکیشدا کۆنگرەی حزب دەبەستن.
هەرچەندە وا دەردەکەوێت کە عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان دروستکەر و سەرپەرشتیکاری لیستەکە بێت، بەڵام ناوبراو لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، لیستی عەلی حەمەساڵح نییە، بەڵکو “پڕۆژەیەکی گشتگیری جدیە و تەنها هی من نییە، بەڵکو هی سەدان کەسی دڵسۆزە و من یەکێکم لەوان، دەیان کەسی شارەزاو بە هەڵوێست و بە توانا پێوە ماندوون.”
دوێنێ پێنجشەممە، دواین وادەی تۆمارکردنی ناوی هاوپەیمانی و قەوارە و کاندیدی سەربەخۆ بوو لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، دوو هاوپەیمانی بە ناوەکانی هاوپەیمانیی سەردەم (یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، پارتی رەنجدەرانی کوردستان و پارتی پارێزگارانی کوردستان) و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان (پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و حزبی شیوعیی کوردستان) پێکهێنرا.