زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
عەرەب
حووسییەکان هەندێک مووشەکیان بەدەستهێناوە کە خێراییەکەیان لە خێرایی دەنگ زیاترە، ئەمەش یاسای ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور دەگۆڕێت
حووسییەکان دەڵێن لە ئێستادا مووشەکێکی نوێیان هەیە کە خێراییەکەی لە خێرایی دەنگ زیاترە، ئەمەش یاسای شەڕەکانی ناوچەی دەریای سوور و رێڕەوە ئاوییەکانی سەر ئەو دەریایە دەگۆڕێت، فشاری زیاتر بۆسەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دروست دەکات.
ئەم راگەیاندنەی حووسییەکان لەوەدەچێت ئەو موشەکانەیان لە ئێرانەوە وەرگرتبێت، بەڵام هەر لەم کاتەدا باسێکی وا هەیە کە بە نێوەندگیریی عومان دانوستاندنێک لەنێوانی ئێران و ئەمریکادا هەبێت کە کار لەسەر ئەوە بکەن هێرشی حووسییەکان بۆسەر دەریای سوور رابگرن.
شەرقولئەوسەت
عێراق و تورکیا نزیکبوونەتەوە لەوەی ناوچەی دابڕاو لەسەر سنوور دروست بکەن، پرۆژەیەکیشیان بۆ کێشەی ئاو هەیە
چەند سەرچاوەیەکی عێراقی و تورکی دەڵێن، هەردوو وڵات لە گفتوگۆدان بۆ کۆتاییهێنان بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و نزیکبوونەتەوە لەوەی رێککەوتنێک واژۆ بکەن لەسەر دروستکردنی ناوچەیەکی دابڕێندراو لە هەرێمی کوردستان. باس لەوە دەکرێت، کە مەسەلەی ئاو و وزەی خاوێنیش بەشێک بن لە گفتوگۆکانی نێوانی هەردوولا.
شاندە باڵاکەی تورکیا بریتی بوون لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای میت، مونیر کاراڵ ئۆغلو، جێگری وەزیری ناوخۆ، شایانی باسە فوئاد حوسێنی وەزیری دەرەوەی عێراق لە پێشوازیی وەزیری دەرەوەی تورکیادا بووە و لەم بارەیەوە گوتوویەتی کە لەسەر ئاستی چەند مەسەلەیەکی راوێژکاریی سیاسی قسەوباسیان کردووە.
سەباح
پەرلەمانی عێراق چاوەڕوانی پڕۆژەیاسای کارکردنی ئەنجومەنی وەزیران دەکات
لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پڕۆژەیاسای کارکردنی ئەنجومەنی وەزیران یەکێکە لە یاسا گرنگەکان، لەبەرئەوەی شێوازی کارکردنی ئەو ئەنجومەنە رێکدەخات، ئەگەر بگات بە دەستی لێژنەکەی پەرلەمان، لە پێشەنگی کارەکانی خۆیانەوە دایدەنێن.
سەجاد سالم، ئەندامی لیژنەیەکە و بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە، تا ئەمڕۆ ئەم حکومەتەی ئێستا پڕۆژەیاسای ئەنجومەنی وەزیرانی نەناردووە بۆ گفتوگۆ لەسەرکردنی، حکومەتی پێشوو ناردبووی، بەڵام بۆ ئەم خولەی ئێستا کشێندرایەوە.
عەرەبی جەدید
ئیسرائیل لە مانۆڕەکانی بەردەوامە و دەڵێت، بوار بە گەڕانەوەیەکی کەمی خەڵک دەدات بۆ باکوری غەزە
ئیسرائیل بە وڵاتە نێوەندگیرەکانی گوتووە، ئامادەیە رێگە بدات هەندێک لە دانیشتوانی غەزە بگەڕێنەوە ناوچەی باکور، سەرچاوە میسرییەکانیش باس لەوەدەکەن رۆشنایی ئومێدی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک دەرکەوتووە، لەوانەیە لە قۆناغی یەکەمدا ئاگربەستێکی حەفتەیی رابگەیەندرێت. بەڵام واشنتن پشتگیری لە پلانێک دەکات کە ناوی لێدەنرێت پرۆسەی بنەبڕکردنی تیرۆر.
لەسەر ئاستی خەڵکیش ژمارەی ئەو کەسانەی کە تا ئێستا لە روداوی تەقەکردن لە ئەو خەڵکانەی سەرەیان گرتبوو خواردن وەربگرن گەشتووە بە 410 کەس.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
واشنتن پۆست
پارێزەرانی ترەمپ پێشنیاز دەکەن یەک مانگ دادگاییەکەی دوابخرێت
داواکارە گشتییەکانی نیویۆرک ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی یەکەمین پرۆسەی دادگاییکردنی ترەمپ لەبارەی هەندێک فایلی تاوانکارییەوە کە پەیوەندییان بە بەرتیلەوە هەیە.
بۆئەوەی ئەم دادگاییکردنە سێبەر و کاریگەریی خۆی نەخاتە سەر دیداری سێشەممەی داهاتوو لەگەڵ بایدن، پێشنیاز دەکرێت ماوەی 30 رۆژ ئەو دادگاییکردنە دوابخرێت، پارێزەرەکانی ترەمپ داوای ئەو دواخستنەیان کردووە.
ئاڵڤین براگ، دادوەری گشتیی ناوچەی مانهاتن باس لەوەدەکات، کە نزیکەی 31000 لاپەڕەی نوێ بەڵگە رەوانەی دادگاکەی ئەوان کراوە کە بریتین لە تۆماری لێپرسینەوەکانی فەرمانگەی داواکاری گشتیی نیویۆرک و پێشتر لە ساڵی 2016ـدا لەبارەی کەیسی بەرتیل پێدانەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ ترەمپدا کردووە. بۆیە ئەمجارەش کە بڕیارە ترەمپ ببرێتەوە بەر دادگا، لەبارەی هەمان کێشەی بەرتیلەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ
وەزیری پێشووی دارایی ئەمریکا دەیەوێت گروپێک وەبەرهێن پێکبهێنێت بۆئەوەی تیکتۆک بکڕن
ستێڤن موچین، وەزیری پێشووی دارایی ئەمریکا دەڵێت، گروپێک لە وەبەرهێنەرانی پێکهێناوە دەیانەوێت هەوڵبدەن تیکتۆک بکڕن، چونکە دەیانەوێت پلاتفۆڕمی ئەو ئەپڵیکەیشنە لە دەستی خاوەنە چینییەکانی بهێننەدەرەوە، ئەم گروپە لە هەوڵدان پاڵپشتیی کۆنگرسیش بەدەستبهێنن.
مووچین خۆی یەکێکە لەو کەسانەی کە گوتویەتی لەدژی ئەوەیە کۆمەنیستەکانی چین خاوەنی ئەپڵیکەیشنی تیکتۆک بن، بەڵام ئێستا باسی ئەوە ناکات، کە چۆن دەیەوێت پلاتفۆڕمی ئەو ئەپڵیکەیشنە بکرێت، چونکە بەهاکەی لە 100 ملیار دۆلار زیاترە.
ئیندیپێندنت
پوتین هێرشێکی ئەلیکترۆنی کردووەتەسەر فڕۆکەی وەزیری بەرگریی بەریتانیا
روسیا پەیوندییە ئینتەرنێتی و ئەلیکترۆنییەکانی فڕۆکەیەکی بۆ ماوەی سی خولەک پەکخست، کە گرانت شاپسی وەزیری بەرگریی بەریتانیای تێدا بووە و لە کۆبونەوەیەکی ناتۆوە گەڕاوەتەوە. ئەم پەلامارە هێرشێکی نابەرپرسیارانەیە لە بواری جەنگی ئینتەرنێتیدا.
پێدەجێت ئەوە رووسیا بوبێت کە بە هێرشێکی ئەلیکترۆنی سیگناڵە ئەلیکترۆنییەکانی فڕۆکەیەکی جۆری رافی پەکخستبێت کە گرانت شاپسی، وەزیری بەرگریی بەریتانیای تیادابووە. ئەو فڕۆکەیە، لە کاتێکدا، کە بە سەر ناوچەی کالینینیگرادی روسیدا فڕیوە، بۆ ماوەی نیو کاتژمێر هیچ سیگناڵێکی پەیوەندیکردنی پێ نەگەشتووە. ناوچەی کالینینگراد لەڕووی جوگرافییەوە دەکەوێتە نێوانی پۆڵەندە و لیتوانیاوە. رۆژی چوارشەمە وەزیرە بەریتانییەکە لە ناوەندێکی مەشقکردنی ناتۆوە گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی و بەسەر ئەو ناوچەیەدا فڕیوە. هێرشەکە هێندە نەبووە سەلامەتیی فڕۆکەکە بخاتە بەر مەترسی، بەڵام فڕۆکەوانەکانی ناچارکردووە بۆ دۆزینەوەی رێگای خۆیان کەرەستە و شێوازی تر بەکاربهێنن.
گاردیەن
منداڵان ناتوانن خۆیان لەو ناوەڕۆکە توندوتیژانە بپارێزن کە لەسەر ئینتەرنێت بەردەستن
ناوەڕۆکە توندوتیژییەکان ئێستا لەسەر ئینتەرنێت هێندە زۆرن خۆلادان لێیان ئەستەمە، بە تایبەتییش بۆ منداڵانی بەریتانیا. زۆر منداڵی بەریتانی ئەو تەمەنەی کە لە ئاستی خوێندنی قۆناغی سەرەتاییدان. لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لەم بارەیەوە باسی مەترسیی زۆری کردووە، هەموو ئەو منداڵانەی کە بە کامێرای چاودێریکردنی نهێنی بۆ لێکۆڵینەوە چاودێریکراون، بابەتی توندوتیژییان بینیوە. هەر لە سەیرکردنی ڤیدیۆی توندی روداوی ناو قوتابخانەکانەوە بیگرە تا شەڕەکانی ناو شەقامەکان و ئەو گفتوگۆیانەی ناو گروپەکان کە زمانی توند و جنێوودانیان تیادا بەکاردێت. ئەو منداڵانە گوتویانە لەوەش ئاگادارن کە بابەتی لەوانەش توندوتیژتر لە ئینتەرنێتدا هەن و بەردەستن، بەڵام هیچ کام لەو منداڵانە رێگایەکی وا نازانن کە بتوانن خۆیان لە بینینی ئەو دیمەنانە لابدەن.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
ئۆپەراسیۆنى بەهارەى ئەمساڵى سوپای تورکیا بۆ سەر بارەگاکانى پەکەکە لەناو خاکى عێراق زۆر جیاوازتر دەبێت
لە سەردانەکەى شاندى بەرپرسانى باڵاى تورکیا بۆ بەغدا، بڕیاردراوە بە دامەزراندنى کۆمیتەیەکى هاوبەشی و هەردوولا رایانگەیاندووە کە بوونی پەکەکە هەڕەشەیە بۆسەر پێگەى تورکیا و عێراق، ئەوەش دووپاتکراوەتەوە ئۆپەراسیۆنەکانى ئەمجارە پڕۆسەیەکى خێراتر و گشتگیرتر دەبێت و جیا دەبێت لەوانەی پێشووی.
میللییەت
کەشتی تایتانیک دروست دەکرێت و حەمامى تورکی تیادەبێت
کەشتی تایتانیک لە ساڵى 1912 لە ئینگلتەرەوە بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت لە دەریاى ئەتڵەسیدا نقوم بوو، بەهۆیەوە 1541 کەس گیانیان لەدەستدا.
کەشتی تایتانیک دوو لەلایەن کیڵف پاڵمەر، ملیاردێرى ئوستوڕاڵى بە کوالێتییەکى بەرزەوە دروست دەکرێت، لەناو کەشتییەکەدا حەمامى تورکی بۆ گەشتیاران دروستدەکرێت.
ئایدنڵک
رێگە لە هاوکارى لۆجیستى پەکەکە لەنێوان عێراق و سوریا دەگیرێت
لە کۆبونەوەى لوتکەى نێوان ئەنقەرە و بەغداد باس لە کۆنتڕۆڵکردنى 20 کیلۆمەتر لە ناوچە شاخاوییەکانى هەرێمى کوردستان کراوە، ئەوەش بۆ رێگرییکردنە لەهاتوچۆ و هاوکارییە لۆجیستییەکان بۆ پەکەکە لەنێوان سنوورى عێراق و سوریا.
یەنى ئاکیت
400 ئەندامى جەهەپە چوونە ریزى ئاک پارتییەوە
بەهۆکارى نیگەرانییان لە رێککەوتنى نێوان دەم پارتى و جەهەپە، 400 ئەندامى جەهەپە بەفەرمى چوونەناو ئاک پارتییەوە، ئەو ئەندامانە لە ئیستەنبوڵ بوون، ئەوەشیان راگەیاندووە هاوکارى کەمپینى هەڵبژاردنى موراد قوروم کاندیدى ئاک پارتى بۆ گەورەشارەوانى ئیستەنبوڵ دەکەن.