ئەمڕۆ 13 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر دەستپێکردنی خۆپیشاندانی جەماوەریی ئاشتییانە لە چەند ناوچەیەکی سوریا لە ساڵی 2011دا، هەرزوو دەسەڵات بە زەبری هێز و توندوتیژی دژی ئەم جوڵانەوەیە وەستایەوە و خۆپیشاندانەکە بووە شەڕ و ناکۆکییەکی درێژخایەن، دەیان گروپی جۆراوجۆر دروست بوون و دەرگای بۆ چەند وڵاتێکی جیهانیش کردەوە دەستێوەردان بکەن.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە تازەترین ئاماردا دەڵێت، زیاتر لە 507 هەزار کەس بەدرێژایی ئەم ساڵانە بەهۆی ناکۆکییەکانی سوریاوە کوژراون، 164 هەزار کەس لەو ژمارەیە هاووڵاتی مەدەنی بوون، لەنێویاندا 15 هەزار ژن و 25 هەزار منداڵ هەبووە.
دەشڵێت، تائێستا 343 هەزار شەڕکەر کوژراون کە پێکهاتوون لە چەکدارانی سوپای سوریا، گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و شەڕڤانانی کورد و چەکدارانی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان.
سەرباری هەوڵەکانی حکومەتی سوریا بە هاوکاری ئێران و روسیای هاوپەیمانی و گەڕاندنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی بەشێک لەو ناوچانەی دەستیان بەسەردا گیرابوو، بەڵام هێشتا رووبەرێکی بەرفراوانی باکوور و باکووری رۆژئاوای وڵاتەکە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دیمەشقدایە.
نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری داوە تەنها لەمساڵدا 16 ملیۆن و 700 هەزار کەس کە دەکاتە سێ چارەکی دانیشتووانی سوریا پێویستیان بە هاوکاری مرۆییە، ئەمەش بەرزترین ئامارە لە سەرەتای دەستپێکی شەڕەوە لە ساڵی 2011.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، تەنها لە ناوخۆی سوریا حەوت ملیۆن و 200 هەزار هاووڵاتی سوریا ئاوارە بوون، بومەلەرزە وێرانکەرەکەی شوباتی 2023ـی تورکیا و سوریاش، قەیرانەکانی ئەم وڵاتەی قورستر کرد.
سوهەیر زەقوت، گوتەبێژی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور لە دیمەشق دەڵێت، شەڕ تەواوی گەڕەکەکان و سەدان باڵەخانەی نیشتەجێبوون و کارگە و ژێرخانی وێران کرد، سزاکانی رۆژئاواش کە بەسەر دیمەشقدا سەپێنراون، قەیرانەکانی سوریایان قورستر کردووە.
دەشڵێت، نەوەیەکی تەواوەتیی سوریا جگە لە هەژاریی و ئاوارەیی و جەنگ هیچی دیکەی نەبینیوە.
زیاتر لە %90ـی خەڵکی سوریا لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین، دیڤد کاردن، جێگری هەماهەنگیکاری هەرێمیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە دیمەشق هەفتەی رابردوو گوتی، ئاڵنگارییە داراییەکان کاریگەرییان لەسەر گەیاندنی هاوکاری و خزمەتگوزارییەکان بۆ سوریا هەیە.
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان، هێشتا هەوڵە سیاسییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی سوریا لە ئاستێکی خراپدایە، مانگی رابردوو گێر پێدێرسن، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سوریا گوتی، مۆسکۆ و دیمەشق رەتیان کردووەتەوە دانوستانی تازە لە جنێف ئەنجامبدەن، کە پێشتر چەند خولێکی لێئەنجامدراوە بۆ داڕشتنەوەی دەستووری تازەی سوریا.
ساڵی رابردوو لەسەر ئاستی گۆڕەپانی سیاسی چەند گۆڕانکارییەک روویاندا، لەنێویاندا دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی دیمەشق لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی لە سەروو هەموویانەوە سعودیە، هاوکات گەڕانەوەی سوریا بۆنێو کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی و بەشداریکردنی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لە لوتکەی عەرەبی کە ئایاری رابردوو لە جەدە بەڕێوەچوو، ئەمەش یەکەمجار بوو دوای 12 ساڵ ئەسەد بەشداری لەم لوتکەیەدا بکات، بەڵام هێشتا ئەم گۆڕانکارییانە نەبوونەتە هۆکارێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئازار و نەهامەتی خەڵکی سوریا و بوژانەوەی وڵاتەکە.