زووم..
پەرلەمانی ئیسپانیا پڕۆژەیاسایەکی مشتومڕاویی پەسەند کرد و پێشبینیدەکرێت کاردانەوەی گەورەی ئیسپانییەکان بەدوای خۆیدا بهێنێت.
پڕۆژەیاسەکە تایبەتە بە لێخۆشبوون لە جوداخوازانی کەتەلۆنیا، بەکۆی دەنگی پەرلەمانتارانی ئیسپانیا پەسەندکرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس، 178 پەرلەمانتاری ئیسپانیا لە بەرژەوەندی پڕۆژەیاساکە دەنگیاندا و 172 پەرلەمانتاری دیکە دژی بوون، بەمەش پڕۆژەیاساکە پەسەندکرا.
ئەم بڕیارە دەبێتە هەنگاوی یەکلاکەرەوە بۆ “پێدرۆ سانچێز” سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، کە پڕۆژەیاساکەی بە مەرجی وەرگرتنەوەی ویلایەتی تازەی پۆستەکەی پێشکەشکردووە.
بڕیارە پڕۆژەیاسەکە بەرزبکرێتەوە بۆ ئەنجومەنی پیران، کە زۆرینەیان سەر بە پارتی جەماوەری ئیسپانیان، ئەو پارتەی بەتوندی دژی لێخۆشبوونی جوداخوازانی کەتەلۆنیایە و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دواخستنی پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە.
هەفتەی پێشوو نزیکەی 15 هەزار کەس لە ناوەڕاستی مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا دژی ئەم پڕۆژەیاسایە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای دەستلەکارکێشانەوەی “پێدرۆ سانچێز”یان کرد.
ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، سەرکردە جوداخوازەکانی کەتەلۆنیا ریفراندۆمی سەربەخۆییان کرد، دوای ئەوە ئیسپانیا کەوتە مەترسیدارترین قەیرانی سیاسییەوە.
ئەوکات، پێنج ملیۆن و 34 هەزار کەس مافی بەشدارییان لە ریفراندۆمەکە هەبوو، هەرچەندە پۆلیسی ئیسپانی لە نزیکەی 100 بنکەی دەنگدان هەوڵی رێگریکردنیان دا و بە توندوتیژی رێگرییان لە دەنگدان کرد، بەڵام زیاتر لە دوو ملیۆن کەتەلۆنی بەشدارییان کرد، کە دەکاتە نزیکەی 42.3%ـی تێکڕای ژمارەی دەنگدەرانی کەتەلۆنیا.
لەوکاتەدا حکومەتی هەرێمی کەتەلۆنیا رایگەیاند، %90ـی دەنگەکان لەگەڵ جیابوونەوەی هەرێمی کەتەلۆنیا و سەربەخۆیی بوون و بە مافی خۆیان زانیوە ببنە خاوەنی دەوڵەت.
دوای دوو رۆژ لە ریفراندۆمەکە، شا فلیپی شەشەمی ئیسپانیا وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا سەرکردەی جوداخوازانی کەتەلۆنیای تۆمەتبارکرد بەوەی خۆیان خستووەتە پێش یاسا و دیموکراسیەت، جەختی لەوە کردەوە، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا نایاسایی و نادیموکراسییە.
لەوکاتەوە “كارلێس پۆچیمۆن” سەرکردەی جوداخوازان و بەشێک لە هاوڕێکانی ناچار بە جێهێشتنی ئیسپانیا بوون لە ترسی لێپێچینەوەی یاسایی، پێدەچێت ئەم پڕۆژەیاسا تازەیە رێگە بە گەڕانەوەیان بۆ ئیسپانیا بدات.