بەرپرسانى سەربازیی و هەواڵگریی ئەمریکا لە میدیاکاندا دەڵێن، بەهۆى کەوتنەخوارەوەى دوو موشەکى روسیا لە شارۆچکەیەکى پۆڵەندا کە دراوسێى ئۆکراینە، دوو کەس کوژراون، بەڵام روسیا ئەو زانیاریانە رەتدەکاتەوە.
وەزارەتى بەرگریی روسیا رەتیکردەوە موشەکى ئەوان لە خاکى پۆڵەندا کەوتبێتە خوارەوە و دەڵێت ئەم بابەتە “ئیستیڤزازێکى” مەبەستدارە.
وەزارەتى بەرگریی روسیا راشیگەیاندووە، هیچ هێرشێکیان لە نزیک سنورەکانى ئۆکراین و پۆڵەندا ئەنجام نەداوە.
نوسینگەى ڤۆلۆدیمێر زیلینسکى سەرۆکى ئۆکراین رووداوەکە سەد لە سەد دەخاتە ئەستۆى مۆسکۆ و دەڵێت، پێشتر گوتمان جەنگى روسیا تەنها بە ئۆکراینەوە ناوەستێت.
بە پێچەوانەى گوتەى بەرپرسە سەربازیی و هەواڵگرییەکانى لە میدیاکاندا، ئەمریکا تائێستا بە فەرمى ناڵێت کە هێرشەکە لەلایەن روسیاوە ئەنجامدراوە و لەوبارەیەوە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا رایگەیاند، لەم کاتەدا ناتوانن لەو زانیاریانە دڵنیابن، راشیگەیاندووە، لەگەڵ حکومەتى پۆڵەندا کار دەکەن بۆ کۆکردنەوەى زانیاریی زیاتر و هەڵسەنگاندنى بارودۆخەکە.
ئەم رووداوە بە پێشهاتێکى نوێ لە جەنگى روسیا و ئۆکراین هەژماردەکرێت، بەوپێیەى پۆڵەندا ئەندامى رێکخراوى ناتۆیە و بەگوێرەى رێککەوتننامەکەش، هێرش بۆسەر هەر وڵاتێکى ئەندامى ناتۆ، وەکو هێرشە بۆسەر سەرجەم وڵاتانى دیکەى ئەندامى هاوپەیمانێتییەکە.
لەو چوراچێوەیەدا، مارسین زابۆرۆڤسکی، راوێژکارى ئەنجومەنى پیرانى پۆڵەندا رایگەیاندووە، ناتۆ وەڵامى سەربازیی دەبێت ئەگەر دەرکەوت رووداوەکە بە ئەنقەست بووە.