زووم..
کەمتر لە سێ هەفتە ماوە بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە باکوورى کوردستان و لە تورکیا، هەڵبژاردنەکە لە کەشێکى شەڕدا بۆ کورد و چارەسەریی پرسی کورد بەڕێوەدەچێت، دەم پارتى کاندیدى خۆى بەشدارى لە هەڵبژاردن دەکات. ئەلتان تان، سیاسەتکارى ناودارى باکوورى کوردستان دەڵێت، لە باکوورى کوردستان پێشوازییەکى گەرم لە بانگەشەى هەڵبژاردن ناکرێت.
ئەڵتان تان لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هێژا دڵشاد بەرپرسی دیسکى باکوورى کوردستان و تورکیا لە زووم باسی رەوشى باکوورى کوردستان و هەڵبژاردنى شارەوانییەکانی کرد.
ئەڵتان تان لە دەستپێکدا: “سڵاوم بۆ خەڵکى هەرێمى کوردستان هەیە، ماوەیەکی زۆرە سەردانیم نەکردووە، بەهۆى ئەوەى لەلایەن دادگاوە رێگریم لەسەرە و تانوانم گەشت بۆ دەرەوەى وڵات بکەم”.
سەبارەت بە رەوشی هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە باکوورى کوردستان ئەڵتان تان گوتى، لە باکوورى کوردستان پێشوازییەکى گەرم لەلایەن خەڵکەوە بۆ هەڵبژاردن نییە، لەبەرئەوەى لە روانگەى پرسەکانى ناوخۆى تورکیا و لە پرسی کورددا “دەسەڵات شکستیهێناوە، بەهەمانشێوەش پارتی ئۆپۆزسیۆنیش شکستى هێناوە”.
ئەو دەڵێت، تورکیا رووبەڕووى پرسێکى قوڵى ئابوورى بووەتەوە، گرانى و بێکاریی بەرۆکى خەڵکى گرتووە. گەندەڵییەکى زۆر هەیە. بەشێوەیەکى گشتى هاووڵاتى کورد و تورک لە تورکیا لە دەسەڵات بێزارن. هاوکات بەهۆى ئەوەى هیچ ئومێدێک بۆ چارەسەریی پرسەکان لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە نییە، خەڵک لە ئۆپۆزسیۆنیش بێزار و نیگەرانە.
ئەڵتان تان لە پڕۆسەى ئاشتی ساڵانى نێوان 2013 تاکوو 2015 ئەندامى شاندى ئاشتی هەدەپە بووە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندجارێک سەردانى دوورگەى ئیمراڵی و قەندیلی کردووە.
سەبارەت بە کەمپینى هەڵبژاردن و درێژەپێدانى سیاسەتى شەڕ لەلایەن تورکیا، وەلادانى پرسى کورد. ئەڵتان دەڵێت، ئەردۆغان ماوەیەکى زۆرە لە هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپە دایە، هاوپەیمانییەتییەکى عەسکەرتایی، نەتەوەپەرستییە و سیاسەتى شەڕ پەیڕەو دەکات، گەلى کورد لە باکوور ئاشتى دەوێت و خوازیارە پرۆسەیەکى گفتوگۆ دەستپێبکات، لە ئێستادا هیچ ئومێدێک لەلایەن ئەردۆغانەوە بۆ دەستپێکردنەوەى پرۆسەى ئاشتى لەگەڵ پەکەکە لەئارادا نییە و جەهەپە و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانى دیکەش هیچ پڕۆژەیەکى چارەسەرییان بۆ پرسى کورد پێنییە.
ئەڵتان تان رەخنە دەم پارتى دەگرێت و سیاسەتەکەى بە ناڕوون وەسف دەکات و دەڵێت، کورد لە تورکیا بەسەر دوو تێڕوانیندا دابەشبوون، بەرەیەکیان پێیان وایە خەباتى 40 ساڵى چەکداریی پەکەکە هیچ دەستکەوتێکى نەبووە و ئیدى کۆتایی هاتووە. بە شەڕ و چەک ناگەینە هیچ ئامانجێک. لەگەڵ ئەوەدان سیاسەت بکرێت و خەباتى دیموکراتى بکرێت بۆ مافى کورد. گەیشتونەتە خاڵى کۆتایی.
لە هەڵبژاردنى 2015، لەبەرئەوەى پڕۆسەى ئاشتى لەئارادا هەبوو، هەدەپە 13%ى دەنگەکانى بەدەستهێنا، دواتر دەنگەکانى پاشەکشەى کرد تاوەکو 8.8%.
ئاڵتان تان دەڵێت، “بەبۆچونى من لەم هەڵبژاردنەدا دەنگى دەم پارتى کەم دەکات و 7% تێپەڕناکات، گەلى کورد لە باکوور ئیدى چەک و شەڕ و ناکۆکی ناوێت، ئەو تێگەیشتنە زۆر بووە کە پێیوایە بە چەک و شەڕ ناگەیتە هیچ ئەنجامێک”.
لە 2015 هەدەپە 102 شارەوانی بەدەستهێنا، لەمڕۆدا بەشێکى زۆرى ئەو شارەوانییانەى لەدەستداوە.
لە پرسیارى ئەوەى ئایا بژاردەى کورد لەئێستادا چییە، ئاڵتان تان گوتى، “بێگومان پێویستمان بە رێگەیەکی دیموکراسییە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە پەکەکە چەکەکانى بێدەنگ بکات. هێزەکانى لەنێو خاکى تورکیا بکشێنێتەوە”.
دەڵێت، پەکەکە ئاستەمە کۆتایی بە شەڕ لەگەڵ تورکیا بهێنێت، لەبەرئەوەى ئێران و یەکێتى ئەوروپا و هەندێک لە وڵاتانى دیکە نایانەوێت پەکەکە کۆتایی بە شەڕ لەگەڵ تورکیا بهێنێت. تەنانەت دەوڵەتى قوڵیش لە ئەنقەرە نایەوێت کۆتایی بە شەڕ لەگەڵ پەکەکە بهێنێت. بەمەش دەوڵەت پەکەکە وەک بەهانەیەک پیشاندەدات بۆ ئەوەى هەنگاو بۆ دیموکراتی بوونى تورکیا نەنێت. دەوڵەت دەڵێت، شەڕ لەگەڵ پەکەکە هەیە، هەواڵى ئەوە هەیە نیشتیمان پارچە بکەن، بەو پاساوە سیاسەتى نەتەوەپەرستی خۆى لەسەر دەسەڵاتى ئێستاى تورکیا درێژە پێدەدات.
من ماوەى 15 ساڵە ئەوە دەڵێم کە قۆناغى خەباتى چەکداریی کۆتایی هاتووە، گوتومە پێویستمان بە خەباتى دیموکراتی سیاسیی بۆ کورد هەیە، “کێشەیەکى دیکە ئەوەیە تائێستا قەندیل کاریگەریی تەواوى بەسەر بڕیارەکانى دەم پارتیدا هەیە، تەنانەت لە دژى ئەم گوتانەى ئێمە دەوەستنەوە. ئەم سیاسەتە تەقلیدییەى پەکەکە وەک خۆى ماوە، ئەویش ئەوەیە لەلایەک پەکەکە درێژە بە شەڕى چەکدارى لەگەڵ دەوڵەت دەدات، لەلایەکی دیکە لە رێگەى دەم پارتییەوە خەباتى سیاسیی و دیموکراسی دەکات”. واتە چەک و دیموکراسی پێکەوە نابێت، ئێستا لەنێو دەم پارتیشدا دابەشبوونێک لەم بارەیەوە هەیە، هەندێک لەگەڵ خەباتی سیاسییە و هەندێکی دیکەش لەگەڵ درێژەپێدانى خەباتى چەکدارییە.
دەمەوێت ئەوەش “بڵێم 99%ى گەلى کورد لە باکوور لەگەڵ ئەوەدان کۆتایی بە خەباتى چەکداریی بهێنرێت و خەباتى دیموکراتی بکرێت، تاوەکو پەکەکە و بەرپرسانى دەم پارتى لەگەڵ ئەوەدابن شەڕ درێژەى هەبێت، دەنگدەرى کورد زیاتر پاشەکشەیان لێدەکات. راپرسییەکان ئەوە دەردەخات دەم پارتى لەم هەڵبژاردنەدا %7 دەنگ دەهێنن”. ئاڵتان تان واى گوت.
سەبارەت بە سیاسەتى دەم پارتى لەم هەڵبژاردنەدا بەوەى لە شارە گەورەکان کاندیدی خۆى هەیە، ئەڵتان تان گوتى، دەرخستنى کاندید شتێکى روون نییە، “باڵێکى قەندیل لەگەڵ ئەوەدایە پشتیوانی لە جەهەپە بکرێت”.
بەڵام زۆرینەى ئەندامانى دەم پارتى ئەوەیان رەتکردنەوە لەم هەڵبژاردنەدا پشتیوانی لە جەهەپە بکەن، لەگەڵ ئەوەدا بوون کاندیدی خۆیان هەبێت، بەشاک دەمیرتاش بەشێک بوو لەو ویستە کە بەرامبەر بە جەهەپە بوەستنەوە و کورد دەنگى زۆر بەدەستبهێنێت لە ئیستەنبوڵ، دەم پارتى لە هەندێک شوێن کاندیدى خۆى هەیە و لە هەندێک ناوچەى دیکە پشتویانى لە جەهەپە دەکات.
ئەوەتا لە ئیستەنبوڵ لە 22 ناوچە کاندیدی نەبووە، لە سامسۆن، ترابزۆن و قەرەدەنیز کاندیدی هەیە، بەڵام لە تەواوی ناوچەکانى ئیستەنبوڵ کاندیدی نییە کە شارێکە زیاتر لە چوار ملیۆن کوردی تیادەژى. ناوى بەشاک دەمیرتاشی رەتکردەوە، لەبرى ئەو ناوی کەسێکی دیکەى دانا کە دەنگی کەمتر دەهێنێت، دەم پارتى نە تەواو هاوپەیمانى هەیە لەگەڵ جەهەپە، نەوەک تەواو کاندیدی هەیە، ئەمەش زیانى بە دەم پارتى دەبێت.
لە وەڵامى پرسیارى ئایا لەپاش هەڵبژاردن دەم پارتى چانسی ئەوەی هەیە رێککەوتن لەسەر دەنگەکانى بکات لە شارە گەورەکان، ئەلتان تان لە وەڵامدا گوتى، “نەخێر، لەپاش هەڵبژاردن هیچ رێککەوتنێک ناکرێت”، پێشتر لە %8 ى دەنگەکانى لە ئیستەنبوڵ برد، لەم هەلبژاردەدا %6 ى دەنگەکان نابات، رێککەوتن لەپێش هەڵبژاردن دەکرێت نەوەک لەپاش رێککەوتن، ئەو دەنگانەى دەم پارتى لە ئیستەنبوڵ دەچێتە سەلەى خۆڵەوە.
لە دوا گوتەدا ئەو سیاسەتمەدارە گوتی، “من پێداگریی لە سیاسەتی دیموکراتى دەکەمەوە، ئەوە تاکە رێگە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان”.
پڕۆفایل
لە 1958 لە ئێلیھ لەدایکبووە
گۆشەنووسی رۆژنامەکانى یەنى شەفاق، یەنى گوندەم، زەمان، ئۆزگور پۆلەتیکا، ستار، رادیکال بووە
قۆناغى خوێندنى سەرەتایی و ناوەندى لە ئامەد تەواوکردووە.
لە 1984 لە زانکۆى ئەنقەرە بەشی ئەندازیاری بیناسازیی تەواوکردووە.
لە ساڵى 1987ـەوە سیاسەت دەکات و ماوەیەک لەنێو پارتى رەفا بەرپرسیارێتى هەبووە.
لە ساڵى 2000 چووتە نێو هادەپ.
لە 2011 بە پارلەمانتار لەسەر لیستى بەدەپە هەڵبژێردرا.
لە خولى 26،25،24 پارلەمانتارى هەدەپە بووە.
خاوەنى سێ کتێبە.