ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا لەدوایین لێدوانیدا ئامادەیی وڵاتەکەی لەرووی تەکنیکییەوە بۆ ئەنجامدانی جەنگی ئەتۆمی نیشاندا و رایگەیاند روسیا خاوەنی نوێترین و بەهێزترین چەکە ئەتۆمییەکانە.
لێدوانەکەی پوتین و متمانەی بەتوانا ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی پشت بەستووە بەکۆگا پڕ چەکەکانی روسیا و ئەو توانا ئەتۆمیەی وڵاتەکەی هەیەتی.
روسیا میراتگری یەکەمی چەکە ئەتۆمییەکانی یەکێتیی سۆڤییەتی جارانە و ئێستا وڵاتەکە خاوەنی گەورەترین کۆگای کڵاوەی جەنگییە ئەتۆمییە لەجیهاندا.
بەگوێرەی داتاکانی فیدراسیۆنی زانایانی ئەمریکا، روسیا خاوەنی پێنج هەزار و 580 کڵاوەی جەنگیی ئەتۆمییە و لەو ژمارەیەش 4 هەزار و 380 کڵاوەیان بۆ بەکارهێنان ئامادەن و کۆگاکراون.
لەداتاکانی ئەو فیدراسیۆنەدا ئاماژە بەوەکراوە نزیکەی هەزار و 200 كڵاوەی جەنگی روسیا لەکارخراون، بەڵام زۆرینەیان هیچ گرفتێکیان نیە و دەتوانرێت بەکاربهێنرێن.
فیدراسیۆنی زانایانی ئەمریکا روونیکردووەتەوە لەو ژمارە کڵاوە جەنگییانەی روسیا کە کۆگاکراون، هەزار و 710 کڵاوەی ستراتیژییان جێگیر کراون، بەشێوەیەک 870 کڵاوەیان لەسەر موشەکی وشکانی بالیستی و 640یان لەسەر موشەکی ژێر دەریایی بالیستی و 200 کڵاوەی دیکەشیان لەسەر بنکەکانی بۆمبهاوێژی قورس جێگیر کراون.
بەگوێرەى ئەو ژمارانەی لەبارەی توانا ئەتۆمییەکانی روسیاوە ئاشکرا کراون، مۆسکۆ توانای هەیە چەندین جار تەواوی جیهان وێران بکات.
بەگوێرەى رێبەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەروسیا کە ساڵی 2020 بڵاوکراوەتەوە، سەرۆکی وڵاتەکە دەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنیت لەکاتێکدا وڵاتێکی دیکە چەکی ئەتۆم یان هەر چەکێکی کۆمەڵکوژ بۆ هێرشکردنە سەر روسیا بەکاربهێنێت. ئەوەش بەمانای ئەوە دێت ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی وڵاتەکە بڕیاردەری یەکەمە بۆ ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی