زووم:
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە زۆرینەی رەها پڕۆژەیاسایەکی پەسەندکرد، کە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک ناچار دەکات، واز لە خاوەنە چینییەکەی بهێنێت ئەگەر نا لە هەموو ئەمریکادا قەدەغەدەکرێت.
لە هەردوو پارتی دیموکراتی و کۆمارییەکان، 352 ئەندامی ئەنجوومەنەکە بە بەڵێ دەنگیان دا و 65 ئەندامیش دژی بوون، پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر تیکتۆک، کە هەوادارێکی گەورە و بەرفراوانی لە سەرتاسەری ئەمریکا و جیهاندا هەیە.
لەگەڵ پەسەندکردنیدا، زیاتر لە پێنج مانگ مۆڵەت دەدرێت بە کۆمپانیای بایتدانسی چینی بۆ دەستبەرداربوون لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک، مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەدوای دەنگدانەکە گوتی، “دەنگدانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتی بە پڕۆژەیاساکە دژایەتی ئەنجومەنەکە دەردەخات بۆ هەوڵەکانی چین بۆ سیخوڕیکردن و قۆڕخکاری بەسەر ئەمریکییەکانەوە و هەروەها هەوڵەکانمان بۆ بەرپەچدانەوەی دوژمنەکانمان.”
گوتیشی، “داوا لە ئەنجومەنی پیرانیش دەکەم دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە بدەن بۆئەوەی سەرۆک بایدنیش واژۆی لەسەر بکات و ببێتە یاسا.”
پێشتر بایدن جەختیکردەوە کە ئەگەر ئەنجومەنەکە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە بدات، ئەویش واژۆی دەکات.
هەفتەی رابردوو رۆژنامەی “هیڵ” بڵاویکردەوە، ئامانج لە پڕۆژەیاساکە پاراستنی ئەمریکایە لەو تۆڕەکۆمەڵایەتیانەی کە لەلایەن ” نەیارانی بیانییەوە” سەرپەرشتی دەکرێن.
پێشبینی دەکرێت ئەم بڕیارە کۆمپانیای بایتدانسی چینی دەستبەرداری تۆڕەکە ببێت، بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەگەر دەستبەرداری نەبوو، ئەوا پشکەکانی لەڕێگەی “ئاپستۆرەوە” یان هەر لاتفۆڕمێکی دیکەی ئەمریکاوە بە نایاسایی دەدرێتە قەڵەم، و ئەوەش وادەکات بەکارهێنەرانی ئیستای نەتوانن بەکاریبهێنن.
پێشتر چین هۆشداری بە ئەمریکا دا لەبارەی قەدەغەکردنی تیکتۆک و رایگەیاند، “بە دڵنییاییەوە وەڵام دەدرێتەوە”.
وانگ وین بین، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، سەرباری ئەوەی ئەمریکا هیچ بەڵگەیەکی نەخستووەتەروو، لەبارەی ئەوەی تیکتۆک هەڕەشەبێت لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، بەڵام دەستبەرداری سەرکوتکردنی تیکتۆک نەبووە.
راشیگەیاند، ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە هەڕەشئامێزانە کە ناتوانێت لە کێبڕکێیەکی رەوادا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، چالاکی بازرگانیی کۆمپانیاکان پەکدەخات، زیان بە متمانەی وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی دەگەیەنێت لە ژینگەی وەبەرهێنان هەروەک زیان بە سیستمی ئابوری و بازرگانی نێودەوڵەتی دەگەیەنێت.
پێشتر تیکتۆک چەندینجار جەختیکردووەتەوە کە هیچ پەیوەندیەکی بە حکومەتی چینیەوە نییە، پەیکەری کۆمپانیاکە بەجۆرێک دارێژراوەتەوە کە زانیارییەکانی بەکارهێنەرانی ئەمریکا لەناوخۆی وڵاتەکە دەمێنێتەوە و نابرێتە دەرەوە.