زووم:
حکومەتی هەرێم سوورە لەسەر کارکردن بە پڕۆژەی “هەژماری من”، بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی موچە بۆ نزیکەی 950 ملیار دینار بەرزبووەتەوە، سووریشن لەسەر ئەوەی بەغداد تەواوی پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی موچەکە بنێرێت.
لە راگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی رایگەیاندووە، وەزارەتەکەی داوای تەمویلکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی کردووە و بڕەکەی دەگاتە نزیکەی 950 ملیار دینار، بەڵام تەنها 59%ی نێردراوە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردووەتەوە مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکرێت.
ئەنجومەنی وەزیران سووربووە لەسەر پشتبەستن بە پڕۆژەی “هەژماری من” و دەڵێت، هیچ رێگرییەک نیە بۆ پشتبەستن بە پڕۆژەکە و دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم لەڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و “هەژماری من”ــەوە مووچە وەربگرن، بەو پێیەی ئەو بانکانەی لە “هەژماری من” بەشدارن، مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندیی عێراقین و بەشێکن لە پرۆسەی بەبانکیکردنی ناوچەکانی دیکەی عێراق.
پێشتر، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکومەتی هەرێم دووپاتیکردەوە، حکومەت پاشەکشێ ناکات لە پڕۆژەی “هەژماری من”، دەڵێت، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم دەخرێنە پڕۆژەکەوە.
گوتەبێژەکەی حکومەتی هەرێم، دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیی ئەنجامدا، رایگەیاند، پلانی حکومەتی هەرێم ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ناوی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بخرێنە ناو پڕۆژەی “هەژماری من”، بە سەرجەم هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە نیازی دەستبەرداربوونیان لە پڕۆژەکە نییە.
لەبەشێکی دیکەی کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکە، گوتەبێژەکەی حکومەتی هەرێم لەبارەی کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتەوە قسەیکرد، رایگەیاند، ئهو پارهیەی له بهغدادهوه بۆ موچه هاتووە و خراوهته سهر هەژماری حكومهتی ههرێم، دهستی لێنهدراوه، چونکە بەگوتەی پێشەوا هەورامانی مەسرور بارزانی سهرۆكوهزیرانی هەرێمی کوردستان، لهگهڵ محەمەد شیاع سودانی سهرۆكوهزیرانی عێراق لە گفتوگۆدایە، بۆ ئهوهی پارهكه بهتهواوهتی بنێردرێت.