محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ویست و ئیرادە هەیە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغداد، بە بەڵگەى ئەوەى کە رێککەوتنێکى سیاسى لە نێوانماندا هەیە، گفتوگۆیەکى بە سود و دیدارى بەردەوام هەیە لە نێوان هەردوولادا.
سودانى لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا گوتیشى، نەخشە رێگەیەکمان دیاریکردووە کە لە کارنامەى حکومەتیشدا جێگەى کراوەتەوە و لە ئەنجومەنى وەزیرانیشدا دەنگى لەسەر دراوە بۆ چارەسەکردنى سەرجەم دۆسییەکان وەکو خاڵە سنورییەکان، هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە، گومرک، شایستە داراییەکانى رابردوو، یاساى بودجەى 2023 و پڕۆژەیاساى نەوت و گاز.
سودانى راشیگەیاند، حکومەتى هەرێم لەلایەن خۆیەوە شاندێکى دروستکردووە، بەهەمانشێوە حکومەتى فیداڵیش شاندێکى ئامادەیە بۆئەوەى لەگەڵ شاندەکەى هەرێمى کوردستان گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاساى بودجەى 2023 بکەن.
” سودانی” باسی لەوەشکرد: بەڕێز وەزیرى نەوتى عێراق گفتوگۆ و راوێژى بەردەوامى هەیە لەگەڵ وەزیرى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان سەبارەت بەو رەشنووسەى کە لە نێوان هەردوولادا رێککەوتنى لەسەر دەکرێت بۆ پڕۆژەیاساى نەوت و گاز.