زووم..
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی دیموکراتەکان بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکایەتی سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بۆ جاری دووەم کێبڕکێی کورسیی سەرۆکایەتی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە و کاندیدی کۆمارییەکان دەکات.
ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی کۆمارییەکان پێش رکابەرەکانی کەوت و وەک تاکە کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا مایەوە.
جۆ بایدن کاندیدى دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ کاندیدى کۆمارییەکان دوێنێ نوێنەری پێویستیان بەدەستهێنا، بۆئەوەی کاندیدکردنی پارتەکانیان مسۆگەر بکەن.
سەرکەوتنى بایدن و ترەمپ لە هەڵبژاردنە بەراییەکاندا لە ویلایەتی جۆرجیا، میسیسیپی و واشنتن چاوەڕوانکراو بوو، ئەوان پێشتر و بەتایبەتى لە سێشەممەى گەورەدا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا بوو.
سەرەڕای سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی پارتەکانیان، کاندیدبوونی هیچ کام لە جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی دانانرێت تاوەکو کاتی دەنگدانی کۆنگرە نیشتمانییەکان، کە بڕیارە هاوینی ئەمساڵ ئەنجام بدرێن.
رکابەری نێوان جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ بۆ بردنەوەی کورسیی سەرۆکایەتی ئەمریکا دوای ئەوە دێت لە هەڵبژاردنی پێشووی سەرۆکایەتی وڵاتەکەدا جۆ بایدن سەرکەوتنی بەسەر دۆناڵد ترەمپ تۆمارکرد و بووە براوەی هەڵبژاردنەکە، لەبەرامبەریشدا دۆناڵد ترەمپ دیموکراتەکان و خودی جۆ بایدنی بەساختەکاری لەهەڵبژاردنەکە تۆمەتبار کرد.
هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە مانگى تشرینى دووەمى ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، ئەوەى ئێستا دەکرێت هەڵبژاردنى بەرایی نێو پارەکانیانە بۆئەوەى هەریەک لە بایدن و ترەمپ ببن بە کاندیدى سەرەکیى پارەتەکانیان.