رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
نامە نهێنییەکانى مالیکی بۆ سەدر، سەرەتایەک بۆ هەڵبژاردنەکانى داهاتوو
پێنج سەرچاوە لە شیعەکانى عێراق باس لە پێنج نامەی نهێنى و تایبەتى نوری مالیکی دەکەن کە ناردوویەتى بۆ موقتەدا سەدر و تیایاندا دواى لێکردووە بگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانى سیاسی و بەشداری هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق بکات.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، سەرۆکوەزیرانى پێشووى عێراق پلانێکى پێشوەختەى بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق داناوە و بەشێکى پەیوەندى بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانەوە هەیە و تا ئێستاش وردەکاریی پلانەکەى بۆ هیچ لایەک ئاشکرا نەکردووە بە سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگیشەوە.
رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە تائێستا موقتەدا هیچ جوڵەیەکی نەکردووە و لەبارەى نامەکانیشەوە هیچ زانیارییەکى نەدرکاندووە، بەگوێرەى وتەى سەرچاوەکانى رۆژنامەکە موقتەدا سەرقاڵی کێشەى فەڵەستین و جەنگی غەزە و ئیسرائیلە و هاوکاریی مرۆیی بۆ دانیشتووانى غەزە کۆدەکاتەوە.
سەباح
قەرزە ملیارییەکەى کۆڕەک تیلیکۆم
هەموارکردنەوەى یاساى راگەیاندن گرفتى گەڕاندنەوەى پارەى کۆمپانیاکانى پەیوەندیکردن ئاسان دەکات
لیژنەى گواستنەوە و گەیاندنى پەرلەمانى عێراق جەخت لەسەر هەموارکردنەوەى یاساى راگەیاندن دەکەنەوە و ئاشکرایانکردووە کۆمپانیاى پەیوەندییەکانى کۆڕەک تیلیکۆم ملیارێک دۆلار قەرزارە.
عەقیل فەتلاوی، ئەندامى لیژنەى گواستنەوە و گەیاندنى پەرلەمانى عێراق رایگەیاندووە، دەیانەوێت هەموارى یاساى راگەیاندن بکەنەوە لەبەر ئەوەى کۆمەڵێک گرفت و کێشەى دروستکردووە و لە میانەى لێدوانەکەشیدا رایگەیاندووە لە ئەنجامى بەدواداچوونى چاودێریی داراییدا دەرکەوتووە کە کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم نزیکەى ملیارێک دۆلار قەرزی لەسەرە و تا ئێستاش نەیداوەتەوە، هەموارکردنەوەکە گرفتى گەڕاندنەوەى پارەى کۆمپانیاکانى پەیوەندیکردن ئاسان دەکات و لە هەمان کاتیشدا جەختى کردووەتەوە کە دەستەى دەستپاکی رەتیکردووەتەوە قەرزەکان بەشێوەى گوژمە بدرێتەوە و پێویستە لەسەر ئەو کۆمپانیایە بە یەک گوژمە قەرزەکەى بداتەوە تا خزمەتگوزاری و پەیوەندییەکانى لەگەڵ کۆمپانیاکانى دی بۆ بگەڕێتەوە.
دەستوور
بانکی نێودەوڵەتى: لەنێو وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەشداری ژنانى عێراق لە بازاڕى کار کەمترینە
بانکی نێودەوڵەتى رایگەیاندووە، بەشداری ژنانى عێراق لە بازاڕى کار لە ئاستێکی زۆر خراپدایە و لەنێو وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا دا لە 11% تێپەڕناکات، ئەوەش کێشەى ئابووری بۆ خێزانەکان دروستکردووە و هۆکارەکانیشى گەڕاندووەتەوە بۆ جیاوازی لەبەرچاوى نێوان ژنان و پیاوان، جیاوازی دەستکەوتى نێوان هەردوو رەگەزەکە و کلتوریش رۆڵی بەرچاوى هەیە.
بەگوێرەى راگەیەندراوى سندوقى نێودەوڵەتى، زانیارییەکانیان لەرێگەى راپرسییەکەوە دەستکەوتووە کە لە زۆرینەى پارێزگاکانى عێراق بەشێوەیەکى هەڕەمەکی دابەشیان کردووەو دواتر خوێندنەوەیان بۆ کردووە، لە راگەیەنراوەى سندوقەکەدا هاتووە: حکومەتى عێراق لە پلانیدایە لە ساڵی 2025 دا ئەو رێژەیە بە 5% بەرزبکاتەوە، ئەمەش کاریگەریی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەى هەژاریی و بەرزکردنەوەى ئاستى بژێوی تاک لە عێراقدا.
عەرەبی جەدید
لە غەزە؛ رەمەزانێک بە بێ بانگ و نوێژى بە کۆمەڵ و تەراویح
چەند رۆژێکە مانگى رەمەزان هاتووەتە پێشەوە، ئەو هاووڵاتییانەى کە لە غەزە ماونەتەوە نە گوێیان لەدەنگى بانگە و نە نوێژى بەکۆمەڵ دەکرێت و نە نوێژى تەراویحیش ئەنجام دەدرێت.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە سەرەڕای گیانلەدەستدانى زیاتر لە 31 هەزار کەس لە غەزە، 219 مزگەوت بەتەواوەتى روخاون و 287 مزگەوتى دیکە زیانیان بەرکەوتووە، نەبوونى کارەبا و ئاو و مەترسی بەردەوامى بۆمب و هێرشی فڕۆکەکانى ئیسرائیل وایکردووە رەمەزانێکى نائاسایی و مەترسیدار لە غەزە بەڕێوە بچێت.
رۆژنامە ئینگلزییەکان
واشنتن پۆست
تاڵیبان کە جاران تەلەڤزیۆنیشی دەشکاند، ئێستا پشتگیریی یوتیوبەرەکان دەکات
تاڵیبان، کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا تەلەڤزیۆنیشی دەشکاند، ئێستا هانی یوتیوبەر و ڤیدیۆ ڤلۆگەرەکانی وڵاتەکەی دەدات و پشتگیرییان دەکات بۆئەوەی روانینێکی ئەرێنیی باش لەبارەی ئێستای وڵاتەکەوە پێشکەش بکەن. بۆ ئێستا هەر یوتیوبەرێکی ئەفغانی ژمارەی بینەری بابەتەکانی بەرزببێتەوە، تاڵیبان خەڵاتیان دەکات.
ئەم تاڵیبانە لە ساڵانی ناوەدەکاندا کە بۆ یەکەمجار بۆماوەیەکی کاتی دەستیان گەشت بە دەسەڵات، ژمارەیەکی زۆر تەلەڤزیۆنیان شکاند. چەندان فیلمیشیان سوتاند، گوتیان ئەمانە حەرامن، بەڵام ئێستا کە دەیانەوێت ئەفغانستان بە شێوازی خۆیان بونیادبنێن و ئەفغانستانێکی رادیکاڵی لێ دروست بکەن، هانی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی باش دەدەن.
تایمز
بۆریس جۆنسن بەنیازە لەسەر لیستی پارێزگارەکان بەشداریی هەڵبژاردنەکانى داهاتووى بەریتانیا بکات
پارتی پارێزگاران ئومێدی ئەوەی هەیە لەڕێگەی کاندیدکردنەوەی بۆریس جۆنسنی سەرەکوەزیرانی پێشووەوە بگەڕێتەوە دەسەڵات و پێیوایە ئەمساڵ بۆریس دەنگی زۆرتر لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2019 بهێنێت.
پەیوەندییەکانی نێوان بۆریس جۆنسن و ریشی سوناک لە نۆ مانگی رابوردوودا هیچ باش نەبوو، بۆریس دەڵێت پاش ئەوەی کە خۆی دەستی لەکارکێشاوەتەوە سوناک بەڵێنی پێداوە، سێ کەس لە پاڵێوراوانی پارێزگارەکان سەربخات بۆ ئەنجومەنی پیران، بەڵام بەڵێنەکەی خۆیی جێبەجێ نەکردووە.
ئۆرشەلیم پۆست
ئەمریکا سوورە لەسەر ئاگربەست لە غەزە بۆئەوەی کاری فریاگوزاریی بخاتەگەڕ
کەشتییەکانی ئەمریکا بەرەو غەزە کەوتوونەتە جوڵە، دەیانەوێت بەندەرێک دروستبکەن، جەیک سولیڤان راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە پەیامنێرانی گوتووە، پێویستە و هەردەبێت “حەماس و ئیسرائیل” لەسەر مێزی گفتوگۆ بەرامبەر بە یەکدى دابنیشن.
ئەم لێدوانەی سولیڤان لە رۆژی سێشەممەدا بوو، گوتی هێشتا ئومێدی گەیشتن بە ئاگربەست لەئاراداماوە، دەبێت حەماس 40 بارمتەگیراو ئازادبکات و ئیسرائیلیش ماوەی شەش هەفتە شەڕ رابگرێت.
ناوبراو گوتی، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، دەبێت لەسەر هاوکێشەی ئازادکردنی بارمتەکان ئاگربەستێک رابگەیەنرێت، بۆئەوەی بگەن بە رەوشێک هەندێک لە ئێستا ئارامتربێت.
عەرەب نیوز
فەڵەستینییەکان لە بەردەم ئەگەرى برسێتیدان و کەشتییەکیش کە هاوکارى فریاگوزاریی پێیە لە قوبرسەوە بەرەو غەزە بە رێگاوەیە
رۆژنامەى عەرەب نیوز بڵاویکردووەتەوە ئەمریکا ئەو کردە دەریاییەی بۆ گەیاندنی هاوکاری بە فەڵەستینییەکان رێکخستووە، چونکە ئیسرائیل رێگریی لە چەندان بارهەڵگر کردووە کە ویستوویانە لە رێگای زەمینییەوە یارمەتی بگەیەنن بە فەڵەستینییەکان.
ئەو کەشتییەی کە بەرەو غەزە بە رێگاوەیە بارێکی 200 تۆنی ئارد و برنج و نیسکی پێیە، رۆژی سێشەممە قوبرسی بەجێهێشتووە و دەیەوێت بگات بە ئەو خەڵکەی، کە لەبەر ئەگەری بڵاوبونەوەی برسێتییەکی کوشندەدان.
ئەو کەشتییە ناوی (ئامێزی کراوە)یە، ئەو بارە یارمەتییانەی پێیە، کە لەلایەن وڵاتی ئیماراتەوە دابینکراون.
رۆژنامە فارسییەکان
جەوان
سێ ملیۆن یۆرۆ بۆ سنوورەکانی وڵات خەرج دەکرێت
ئەحمەد عەلی گودەرزی، فەرماندەی پاسەوانی سنوورەکانی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا چوار هەزار ئۆپراسیۆن لە سنوورەکانی وڵات بێ کاریگەر کراون، هەروەها دابینکردنی بڕی سێ ملیۆن یۆرۆی بۆ داخستنی سنوورەکانی ئێران لە سێ ساڵی داهاتوودا راگەیاند و گوتی، ئەم بڕە پارەیە بە ئەولەویەتی یەکەم بۆ سنوورەکانی باشووری رۆژهەڵات و باکووری رۆژئاوا و رۆژئاوا خەرج دەکرێت.
هەروەها زیادکردنی چاودێری سنوورەکان بە بەکارهێنانی ئامێری بینین لە بەرنامەی کاردایە.
ناوبراو گوتیشی، سەنتەری مەشقی دەریایی بۆ یەکەمجار بەرووی کاپتن و دەریاوانەکاندا کرایەوە و کەشتی وانەکان پێویستە راهێنانی پێویست وەربگرن.
بەگوێرەی قسەکانی ئەم فەرماندە ئێرانییە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا زیاتر لە چوار هەزار کردەوەی چەکدارى لە خاڵە سنوورییەکان تێکدراون و ژمارەیەکی زۆر چەکداریش دەسگیرکراون، کە ئەو بە تیرۆریس ناوى بردوون.
ئەبرار
خەڵکى تواناى کڕینی خۆراک و پێداویستى لە ئێران کەمبووەتەوە
پەرلەمانتارێکی ئێران بە رەخنەگرتن لە گرانبوونی نرخەکان گوتی، هەژاری و کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک دەبینین. دۆخی خراپی دراو و بازاڕ خەڵکی نیگەران کردووە و پێویستە بیر لە بارودۆخی خەڵک بکەینەوە.
هەمدڵی
مانۆڕی هاوبەشی نێوان ئێران، روسیا و چین دەستیپێکرد
مەشقی هاوبەشی دەریایی پشتێنەی ئاسایشی دەریایی 2024 لە نێوان ئێران، روسیا و چین لە ئاوەکانی دەریای عومان دەستیپێکردووە.
لەم مانۆڕەدا یەکەکانی هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامی ئێران و یەکەکانی چین و روسیاش بەشداری دەکەن.
هەروەها نوێنەرانی وڵاتانی عومان، ئازەربایجان، کازاخستان، پاکستان و باشووری ئەفریقا ئامادەن.
مەبەست لە ئەنجامدانی ئەم مانۆڕە بەهێزکردنی ئاسایش و بناغەکانی لە ناوچەکەدایە بۆ فراوانکردنی هاوکارییە فرەلایەنەکان لە نێوان وڵاتانی بەشداربوو و نیشاندانی توانای ئەم وڵاتانە بۆ پاراستنی ئاشتی جیهانی و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دەریایی کە ئایندەیەکی هاوبەشی هەبێت.
مەردوم سالاری
لە تاران کرێی گواستنەوەی گشتی زیاد دەکرێت
ئەندامانی ئەنجومەنی شاری تاران پێداچوونەوەیان بە پڕۆژە یاسای دیاریکردنی کرێی گواستنەوەی گشتی لە تاران لە ساڵی داهاتوودا خستە سەر مێزی هەڵسەنگاندن و رایانگەیاند، ئێمە نرخی کرێی چوونە ژوورەوەمان لە میترۆی تاران تەنها بە رێژەی 16% زیاد کردووە کە ئەمەش زۆر کەمترە لە رێژەی هەڵاوسان و هەروەها ئاماژەیان بەوەشکرد کە لەسەر بنەمای ئەمەش نرخی یەک بلیتی گەشت کە لە ئێستادا سێ هەزار و 300 تمەنە، بۆ ساڵی داهاتوو بە چوار هەزار و 500 تمەن دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە لە گەڕەکەکانی دەرەوەی شاری تارانیش بە رێژەی 30% زیادکردنی کرێیان لەبەرچاو گرتووە و نرخی کرێ بۆ پاسە ئاساییەکانیش بە رێژەی 40% زیادکراوە.
رۆژنامە تورکییەکان
میللییەت
دەم پارتى دەیەوێت ناوى دیاربەکر بۆ ئامەد بگۆڕێت
دۆغان خاتون، کاندیدى دەم پارتى بۆ هاوسەرۆکى گەورەشارەوانیی ئامەد رایگەیاند، بۆ گۆڕینى ناوى دیاربەکر بۆ ئامەد ریفڕاندۆم ئەنجامدەدەین.
دەڵێت، ئەگەر بێت و خەڵکى شارەکە دەنگى تەواو بدەن بە گۆڕینى ناوەکە، ئەوا لە تەواوى شارەوانییەکانى شارەکە ناوى ئامەد دەنوسرێت. خەڵکى ئامەد ئەگەر بیانەوێت دەتوانن ناوەکە بگۆڕین.
ئایدنڵک
هەڵاوسانى خواردن لە تورکیا گەیشتووەتە 690%
لەماوەى شەش ساڵدا هەڵاوسان لە خواردن گەیشتووەتە 690%، بەڵام حکومەت ئیکرامییەى خانەنشینانى تەنها 200% زیاد کردووە.
حکومەت رایگەیاندووە ئیکرامییەى جەژن بۆ خانەنشینان بڕی سێ هەزار لیرە دەبێت. بەگوێرەى هەڵسەنگاندنى شارەزایان پێویست بوو رێژەی جەژنانەی خانەنشینان لە 2024دا 15 هەزار لیرە بێت.
حوڕییەت
رۆژى پێنج هەزار هەنگاو بەپێ بڕۆ، سێ ساڵ زیاتر بژى
لە توێژینەوەیکدا دەرکەوتووە، ئەو کەسەی لە رۆژێکدا پێنج هەزار هەنگاو بەپێ دەڕوات، سێ ساڵ زیاتر دەژى.
لە توێژینەوەکەدا هاتوو ئەو کەسەى لە هەفتەیەکدا سێ جار پێنج هەزار هەنگاو بەپێ بروات، ئەو کەسە دوور دەبێت لە نەخۆشی درێژخایەن.
تورکیا
لە تورکیا نرخی سەرتاشین بەرزبووەتەوە، پیاوان لە ماڵەوە سەریان چاک دەکەن
لەسەرتاسەرى تورکیا کەمترین نرخی سەرتاشین بە 150 لیرەیە و گرانترین سەرتاشینیش بە 1000 لیرەیە. کە دەکاتە 33 دۆلار.
ئەوانەى لە کاتى کەرەنتینەدا لەماڵەوە سەریان چاکدەکرد، ئێستا بەهۆى گرانیی سەرتاشینەوە گەڕاونەتەوە بۆ ئەو سەردەمە. پیاوان لە ماڵەوە خۆیان سەری خۆیان چاکدەکەن.