زووم:
پاش تێپەڕبوونی شەو و رۆژێک بەسەر ناردنی 560 ملیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچەخۆرانی هەرێم، وەزارەتی دارایی هەرێمى کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی بە کۆمەڵێک پرسیار و گومان سپارد.
پێشتر لە مانگەکانی پێشوو وەزارەتی دارایی هەرێم لەگەڵ نزیکبوونەوە، یان تێپەڕبوونی کاتی دابەشکردنی مووچەی هەر مانگێک، دەیوت “بە گەیشتنی پارەکەی بەغداد، لیستی مووچە رادەگەیەنین”.
بەڵام روونکردنەوەکەی ئەمڕۆی وەزارەتی دارایی هەرێم جیاواز لە راگەیەندراوەکانی پێشوو هیچ باسێک لە دابەشکردن یان نەکردنی مووچە ناکات.
دەشڵێت، وەزارەتی دارایی فیدراڵ 560 ملیار و 217 ملیۆن دیناری بۆ موچەخۆرانی هەرێم رەوانەکردووە، کە دەکاتە 59% پارەی موچەخۆرانی هەرێم. هاوکات وەزارەتی دارایی عێراق بەوە تۆمەتباردەکات 41% موچەخۆرانی هەرێمی لە شایستە داراییەکانیان بێبەشکردووە.
لە کاتێکدا پێشتر حکومەتی هەرێم لە مانگی یەکی رابردوو 618 ملیاری پێگەیشت و بە داهاتی ناوخۆ کورتهێنانەکەی پڕکردەوە، بەڵام لە روونکردنەوەکەی ئەمجارەی باسی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم نەکردووە، کە مانگانە دەگاتە 320 ملیار دینار.
بەهەمانشێوە لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو، حکومەتی هەرێم مانگانە 700 ملیار دیناری بە قەرز لە حکومەتی عێراق وەرگرت، بە داهاتی ناوخۆ کورتهێنانەکەی پڕدەکردەوە، بەڵام بۆ موچەی مانگی شوباتی رابردوو، حکومەتی هەرێم کورتهێنانەکەی بە “بیێبەشکردنی موچەخۆران”ی هەرێم ناوبردووە، ئەمەش وایلێدەخوێندرێتەوە، نیازی ئەوەی نییە بەم پڕە پارەیە و بە داهاتی ناوخۆ موچە دابەش بکات.