زووم:
ماوەی هەفتەیەکە بەرپرسانی هایتی باری لەناکاویان راگەیاندووە و لە بەشی رۆژئاوای پایتەختی وڵاتەکە هاتوچۆکردنی شەوان قەدەغەیە.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ وا وەسفی “پۆرتۆ پرینس”ی پایتەختی هایتی دەکات “شارێکە لەژێر گەمارۆدا”.
دۆخی خەڵک خراپە و لە ترسی شەڕ و پێکدادانی نێوان پۆلیس و ئەو مافیا چەکدارانەی هێرشدەکەنە سەر پێگە ستراتیژییەکانی کۆشکی سەرۆکایەتی و بنکەکانی پۆلیس و زیندانەکان، بە ناچاری بنەوبارگەیان پێچاوەتەوە و کۆچدەکەن.
لایخۆیەوە محەمەد عیرفان عەلی، سەرۆکی گوایانا و کۆمەڵەی وڵاتانی کاریبی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، لەدوای کۆبوونەوەکانی جامایکا تایبەت بە تاوتوێکردنی دۆخی هایتی، رایگەیاند، “ئاریێل هێنری” سەرۆکوەزیرانی هایتی رازی بووە بە دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی.
قەیرانی هایتی تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی رۆژی دووشەمەی جامایکا بوو و باڵیۆزخانە رۆژئاواییەکان لە ئێستادا کاردەکەن بۆ گواستنەوەی دیپلۆماتکارانیان لە پایتەختی وڵاتەکەوە، کە خەریکە بەتەواوەتی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی مافیاکانەوە.
پێشتر کۆمەڵەی وڵاتانی کاریبی داوای ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیەی کرد، تیایدا هەریەکە لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، نوێنەرانی کەنەدا و نەتەوەیەکگرتووەکان بەشدار بوون.
لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، وڵاتەکەی 133 ملیۆن دۆلاری زیادە بۆ پشتیوانیی چارەسەری قەیرانی هایتی پێشکەش دەکات.
گوتیشی، دۆخی لەدەستدەرچووی وڵاتانی کاریبی دەرخەری ئەوەیە، پێویستە هێزی فرەناسنامە بڵاوەیان پێبکرێت، خەڵکانی هایتی بەرگەی ئەم دۆخە ناگرن و پێویستە بەزوویی رێوشوێنی بەپەلە لەسەر ئاستی سیاسی و ئەمنی بگیرێتەبەر.
بلینکن جەخت لەوە دەکاتەوە، هاووڵاتییانی هایتی تەنها خۆیان دەتوانن بڕیار لە داهاتوویان بدەن و کەسی دیکە ناتوانێت ئەوە بکات، بەڵام ئەمریکا و هاوپەیمانان دەتوانن هاوکاربن لە گەڕانەوەی ئاسایش بۆ وڵاتەکە.
لەلایەکی دیکەوە جەستن ترودۆ سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، کە بە ڤیدیۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کرد، رایگەیاند، “91 ملیۆن دۆلار دەدەنە هایتی”، بەڵام ئەمریکا و کەنەدا بەدووری دەزانن هێز بنێرنە هایتی.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش قسەی لەبارەی هایتییەوە هەبوو، رۆژی دووشەممە داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی وڵاتەکە کرد دەست بە دانوستانی جدی بکەن بۆ خستنەوەکاری دامەزراوە دیموکراسییەکان.
هایتی لە ئێستادا نە سەرۆک نە پەرلەمانی نییە و لە ساڵی 2016ـەوە هەڵبژاردنەکانی تێدا بەڕێوەنەچووە.
بەهۆی گرژییەکانیشەوە ماوەی چەند رۆژێکە بەڕێوەبەرایەتی و قوتابخانەکانی پایتەختی هایتی داخراون و فڕۆکەخانە کارناکات، نەخۆشخانەکانیش لەلایەن مافیاکانەوە دەکرێنە ئامانج، ئەمەش وایکردووە نەتوانن بەشێوەیەکی سروشتی کاری خۆیان بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، 362 هەزار کەس کە زیاتر لە نیوەیان منداڵن، لە هایتی ئاوارەن.