زووم:
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بە راگەیەندراوێک، رەخنە لە شێوازی ناردنی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە دەگرێت.
وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەفتەیەک لەمەوبەر داوای تەمویلکردنی مووچەیان کردووە “بە بێ جیاوازیی”، بەڵام نیگەرانە لەوەی وەزارەتی دارایی عێراق تەنها ٥٦٠ ملیار و ٢١٧ ملیۆن دیناری ناردووە، کە دەکاتە 59%ی کۆی گشتی مووچە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، ئێستا حکومەتی هەرێم بۆ مووچەی مانگی شوبات بە نزیکەی 390 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە، بۆیە دەڵێت، “ئەم رێکارەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ گرفتی گەورەی دارایی دروستدەکات و دەبێتە هۆی بێبەشکردنی بەشێکی زۆری مووچەخۆران و دروستکردنی جیاوازی لەنێوان مووچەخۆران”.
بۆیە وەزارەتی دارایی دووبارە جەخت لە ناردنی پارەی تەواوەتیی مووچەی مانگی شوبات دەکاتەوە لەلایەن بەغدادەوە.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان جگە لە مووچەی مانگی شوبات، باسی مووچەی مانگی ئازاریشی کردووە.
پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق لە نووسراوێکیدا بۆ دادگای فیدراڵی، رایگەیاندبوو، بۆ مووچەی مانگی ئازار، تاوەکو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەبانکی نەکرێت، مووچە نانێرن، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەم قسەیەی وەزارەتە فیدراڵییەکە نیگەرانە، رایگەیاندووە، “هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من) لەمێژە دەستی کردووە بە پرۆسەی بەبانکیکردن و گفتوگۆکان لەوبارەیەوە بەردەوامن”، بۆیە وەزارەتی دارایی دەڵێت، “وەزارەتی دارایی عێراق بەمەرجی تەعجیزی ئەو مافە لە هەرێمی کوردستان زەوت نەکات و بۆ مووچەی مانگی ئازار هیچ کۆتوبەندێک بۆ تەمویلکردنی مووچەخۆران دانەڕێژن”.
داواکارییەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی تەواوی مووچە لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێم لیستی موچەی مانگی شوباتی پێشمەرگە، ئەنجومەنی ئاسایش، زێرەڤانی و چەند شوێنێکی دیکەی نەناردووە بۆ بەغداد.
لە دوایین راگەیەندراویدا، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم لەبارەی پرۆژەی “هەژماری من”ــەوە رایگەیاند، بەردەوامن و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەی لە پرۆژەکەدا تۆماردەکرێن، دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن مووچەخۆر، لەکاتێکدا بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، پێویستە بۆ مووچەی مانگی ئازار، مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەبانکی کرابن.