زووم:
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، لە چوار ساڵی رابردوودا بەهۆی کەمی ئاوەوە زیاتر لە 50٪ـی زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق پەکیان کەوتووە.
عەلی مەحمود شمری، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، تێکڕای ئەو رووبەرە زەوییەی لە عێراق بۆ کشتوکاڵکردن شیاوە، 51 ملیۆن دۆنمە، بەڵام کەمئاویی چوار ساڵی رابردووی عێراق، بووەتەهۆی ئەوەی نەتوانرێت 27 ملیۆن دۆنم لەو رووبەرە کشتوکاڵییە سوودی لێببینرێت.
گوتیشی، گواستنەوەی دەسەڵاتی زەوییەکان لە دەسەڵاتە ناوەندییەکانەوە بۆ پارێزگاکان و بە لامەرکەزیکردن، هۆکارێکی دیکەیە بۆ دروستبوونی کێشە بۆ ئەم زەوییە کشتوکاڵییانە و پەککەوتنیان.
بۆیە بۆ دروستنەبوونی کێشە بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان، بەرپرسەکەی کشتوکاڵی عێراق پێی باشە یاسا و بڕیارەکانی تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکان لای حکومەتی ناوەند بمێننەوە و نەچێتە لای پارێزگاکان.