زووم:
پارت و لایەنە تورکمانییەکان بایکۆتی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و دەڵێن، تاوەکو سیستمی کۆتای پێکهاتەکان ناگەڕێتەوە، بەشداری ناکەن.
ئەمڕۆ زۆربەی ئەو حزب و لایەنانەی تورکمان کە لە خولەکانی پێشووی پەرلەمانی کوردستاندا کورسییان هەبوو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لە هەولێر جارێکی دیکە نیگەرانییان لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی لابردنی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان دەربڕی و رایانگەیاند، “دادگای فیدڕاڵی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیارێکی ستەمکارانەیان داوە.”
راشیانگەیاند، نەهێشتنی کورسی کۆتای پێکهاتەکان ناکۆکە لەگەڵ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان و ناکۆکە لەگەڵ ماددەی 49 و ماددەی 125ـی دەستور.
هەر لەسەر هەمان بابەت، دوێنێ لایەنەکانی کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەنییەکان بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان ڕاگەیاند.
رۆژی 21ی شوباتی 2024، دادگای فیدڕاڵی بڕیاری کۆتایی دا لەسەر هەردوو سکاڵای زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دژی ماددەکانی (1 و 9 و 15 و 22 و 36) لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و داوایانکرد بە نادەستووری دابنرێت کە پەیوەندیداربوون بە بازنەی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان.
بەگوێرەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، سەرجەم 11 کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان لابران و تەنها 100 کورسی هێشتەوە، هەروەها هەرێمی کوردستانی کردە چوار بازنەی هەڵبژاردن و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش عێراقیش سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات کە بڕیارە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.