رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
تورکیا لە قوڵایی 40 کیلۆمەتری خاکی عێراقدا پشتێنەیەکى ئەمنى دروستدەکات
لەدوای کۆبوونەوەیەکى بەرپرسانى ئاسایشى تورکیا و عێراق لە بەغداد، لە هاوینی داهاتوودا تورکیا 30 بۆ 40 کیلۆمەتر لەناو خاکی عێراقدا پشتێنەیەکی ئەمنى دروستدەکات کە مەبەست هەرێمى کوردستانە.
یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا بە رۆژنامەنوسانى وڵاتەکەى راگەیاندووە، لەسەر داواى ئەردۆغان و بۆ تەواوکردنى بازنەى ئەمنى لە باکوری عێراق، ئەم هاویینە کۆمەڵە رێکارێک لەگەڵ عێراق دەگرینەبەر کە مەترسی ئەمنى لەسەر وڵاتەکەمان نەمێنێت، گولەر ئاماژەی بە پارتى کرێکارانى کوردستان داوە و رایگەیاندووە تا کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانى تیرۆر لەسەر سنورەکانمان چالاکی و هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبێت.
سەباح
پۆستى سەرۆکی پەرلەمان دواى رەمەزان یەکلایی دەبێتەوە
دواخستنى پرۆسەى پڕکردنەوەى پۆستى سەرۆکی پەرلەمانى عێراق دوادەکەوێت بۆ دواى کۆتایی هاتنى مانگی رەمەزان و بۆنەکانى جەژن و دەنگێکی کەمیش لە ئارادایە بۆ پێنەدانەوەى ئەو پۆستە بە پێکهاتەى سونە.
بەگوێرەى رۆژنامەکە، ناکۆکییەکانى نێوان پێکهاتەى سوننە لەناوخۆیاندا و نەتوانینى بەدەستهێنانى رەزامەندى شیعەکان، بووەتە هۆی ئەوەى موحسین مەندەلاوى تا دواى بۆنەکانى جەژنى رەمەزان بە وەکالەت پۆستى سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوە ببات.
دکتۆر سەیف ساعیدی، شرۆڤەکاری سیاسی بە رۆژنامەى سەباحی عێراقى راگەیاندووە، بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى من هەمە لە بەرپرسانى باڵای عێراقەوە، دیاریکردنى سەرۆکی پەرلەمان دوادەکەوێت بۆ دواى تەواوبوونى مانگی رەمەزان و بۆنەکانی جەژن.
دکتۆر عەلی فەزلوڵا، راوێژکاری ناوەندی توێژینەوەى پەرەپێدانى میدیا بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، بەگوێرەى عورفى سیاسی و رێککەوتنى پێکهاتە عێراقییەکان لە ساڵی 2003ـەوە تا ئێستا، پۆستى سەرۆکی پەرلەمان بەرکەوتەى سونەکانە و هەرواش دەمێنێتەوە مەگەر هەمواری پەیڕەوى ناوخۆی پەرلەمان بکرێتەوە و لەم قۆناغەشدا هەروا بمێنێتەوە باشە.

دەستوور
وەزیری بازرگانى عێراق و باڵیۆزی ئەمریکا جەخت لەسەر پەرەپێدانى بازرگانى نێوانیان دەکەنەوە
ئەسیر غریری، وەزیری بازرگانى عێراق و ئیلینا رۆمانوسکی، باڵێۆزی ئەمریکا لە عێراق باسیان لە دۆسییەى پەرەپێدانى پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانى نێوانیان کردووە و ئەمریکاش ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بە ناردنى زیاتری گەنم و برنجی ئەمریکی و وەزیری بازرگانى عێراقیش رایگەیاندووە کە عێراق لەبەرنامەیدایە ئاسایشى خۆراکى خۆی پەرەپێبدات.
لە میانى کۆبوونەوەکەیاندا باڵیۆزی ئەمریکا ئامادەیی وڵاتەکەى بە وەزیری بازرگانى عێراق راگەیاندووە کە هاوکارییەکانیان بۆ پڕکردنەوەى سەبەتەى خۆراکی هەژارەکان بەردەوام دەبێت و ئەم جۆرە تێگەشتنانەش هۆکارێکی باش دەبێت بۆ کارکردنى پێکەوەیی نێوان هەردوو وڵات لە داهاتوودا.
عەرەبی جەدید
ناتۆ ئاڵای سویدى بەرزکردەوە و پوتین نەگەشت بە ئامانجەکەى
ئاڵای وڵاتى سوید چووە ریزی وڵاتانی هاوپەیمانیی باکوری ئەتڵەسی ناسراو بە ناتۆ و بووە ئەندامی ژمارە 32ـى ئەو هاوپەیمانێتییە و ستراتیژییەتى پوتینیش لە جەنگی ئۆکراین شکستى هێناوە و نەیتوانییوە رێگریی بکات لەوەى سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ و بەوەش هەنگاوێکی دیکە ئۆکراینیانی بەرەو ناتۆ پەلکێشکردووە.
یێنس ستۆڵتنبێرگ، ئەمینداری گشتیی ناتۆ رایگەیاندوو، دواى 200 ساڵ لە بێلایەنى و ناڕەزایەتى هەنگاریا و سوید، دواجار تورکیا رەزامەندی دا و سوید بووە ئەندامی ناتۆ و بەوەش ناتۆ لەجاران بەهێزتربووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
واشنتن پۆست
تاقیکردنەوەیەکی زۆر گەورە لەسەر چۆنیەتیی دەرکەوتنی یەکەمجاری ژیان لەسەر زەوی ئەنجامدرا
تیۆرێک لەبارەی دەرکەوتنی ژیان لەسەر زەوی هەیە کە زۆر قسەوباسی لەبارەوە دەکرێت، ئەم تیۆرییە دەڵێت، دەوروبەری چوار ملیار ساڵ پێش ئێستا ژیان لەسەر زەوی دەرکەوتووە. ئەم بەروارە دەکاتە ماوەیەکی زۆر درێژ پێش دەرکەوتنی سەردەمی داینەسۆرەکان و تەنانەت بەکتریاش. دەگوترێت لەو سەردەمەدا جۆرێک لە شلەمەنی دەرکەوتووە لە شێوەی شۆربایەکدا بووە، پاش ئەوە لەو شلەیەوە بەدرێژایی چەندان ساڵ پێکهاتەیەک پەیدابووە کە بووە بە سەرەتای پەیدابوونی مادەی ئاڕ ئێن ئەی، ئەم پێکهاتەیە بە گەشەکردن گۆڕاوە و پاشان توانیویەتی خۆی کۆپی بکاتەوە، دوای ئەوە کۆپیکردن بە دوای کۆپیکردندا چەندبارە بووەتەوە. لەدوای ئەمەوە بە چەندان ملیۆن ساڵی تر لەم کۆپیکردنەوەیە یەکەم پێکهاتەی دی ئێن ئەی و پرۆتین پەیدابوون، ئەم دووانەش یەکیان گرتووە و یەکەمین خانەی زیندوو لەوەوە پەیدابووە کە توانای ئەوەی هەبووە بەتەنها بژی.
دەیلی میرەرە
شاژن داوای لێبوردن دەکەین وێنەکەت فەوزای نایەوە
کەیت، ئێمە داوای لێبوردن دەکەین، کە دەستکاریکردنی وێنەکەت کۆشکی پادشایی خستە بەر شەپۆلی ئەو هەموو کاردانەوە توندەوە. وێنەکەت دڵگەرمیی ئێوەی پێوەدیاربوو بۆ پیرۆزباییکردن لە بۆنەی رۆژی دایک، دەتویست دڵنیایی بدەیت لەوەی کە شاژنی وێڵز لەپاش ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەیەوە ئێستا تەندروستیی باشە.
دوێنێ خودی شاژنە کەیت داوای لێبوردنی کرد و ددانی بەوەدا نا، کە، بەڵێ، راستە وێنەکەی دەستکاریی کراوە. بۆیە بەشی پەیوەندییەکانی کۆشکی کێنزینگتن ناچاربوو کار لەسەر ئاساییکردنەوەی ئەو رەوشە بکات. چونکە بابەتی دەستکاریکردنی وێنەکە وەک ئاگرێک بەناو پووشدا تێپەڕی، هەموان گوتیان لەوانەیە شاژن تەندروستیی باش نەبێت، بۆیە لە هەموو دنیا و قسە لەسەر وێنەکە کرا.
دەیلی تەلەگراف
زانکۆی کامبریج رێژەی وەرگرتنی خوێندکارانی دەرچووی خوێندنگە حکومییەکان کەمدەکاتەوە
زانکۆی کامبریج ئەو مەرجانەی کەم دەکاتەوە کە دەبوو خوێندکارانی وەگیراو لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندنی زانکۆیی دەرچووی خوێندنگە حکومییەکان بن. تائێستا وەک مەرجێک بۆ وەرگرتنی خوێندکارانی نوێ سەیری ئەوە دەکرا، کە ئایا خوێندکارەکە لە چ ئامادەییەکەوە دەرچووە، بەڵام ئێستا خوێندکارانی دەرچووی خوێندنگە تایبەتەکان و حکومییەکانیش وەک یەک وەردەگیردرێن. خوێندکارەکە لە هەرکوێ ئامادەیی تەواوکردبێت، دەتوانێت پێشبڕکێ بکات بۆئەوەی کورسیی خوێندن لە کامبریج بباتەوە. چونکە ژمارەی ئەو دەنگانە زۆربوون، کە دەیانگووت ئەو زانکۆیە جیاکاری بەرامبەر بە خوێندنگەکانی دەرچووی ئامادەییە تایبەتەکان دەکات.

عەرەب نیوز
کەسایەتیی دووەمی ناو سەرکردایەتیی هێزە چەکدارەکانی حەماس لە غەزە بە بۆردومانی فڕۆکە کوژراوە
لەوەدەچێت مەروان عیسا کە بە “خێو”ـەکە ناسراوە، یەکێک بێت لە ئەو پێنج کەسەی کە بە هۆی بۆردومانی فڕۆکەوە لە ناو کەمپێکی سنوری غەزەدا کوژراون. مەروان عیسا سەرکردەی دووەمی هێزە چەکدارەکانی حەماسە. رابەرایەتیی گروپی عیزەدین قەسامی چەکدارەکان دەکات.
رۆژنامەی عەرەب نیوز دەڵێت، مەروان عیسا دووەمین سەرکردەی ئەو گروپەیە، بەڵام رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستیش باسی کوژرانی هەمان کەسی دووپات کردووەتەوە، بەڵام ئەو رۆژنامەیە دەڵێت مەروان عیسا سەرکردەی سێیەمە نەک دووەم.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
پاسپۆرتی ئێران لە پلەی 190مینی جیهاندایە
پاسپۆرتی سویسرا وەک بەهێزترین پاسپۆرتی جیهان ناسێنرا و پاسپۆرتی ئێرانیش لە کۆی 199 وڵات، پلەی 190ی بەدەستهێنا، پاسپۆرتی ئێرلەندی و پورتوگال لە پلەی دووەم و سێیەمدان.
بە پاسپۆرتی ئێرانی، تەنها دەتوانیت گەشت بۆ 11 وڵات بکەیت بەبێ ڤیزا، بە کۆی گشتی بە وەرگرتنی ڤیزە لە فڕۆکەخانە یان بە ئەلیکترۆنی، دەتوانیت بچیتە ناو 44 وڵاتی دیکەوە، هاووڵاتیانی ئێرانی لە چوونە ناو ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان لەلایەن بەرپرسانەوە “رووبەڕووی ئاستەنگییەکی بەرچاو دەبنەوە”.
هەروەها پاسپۆرتی ئەفغانستان کە کەمترین نمرەی بەدەستهێناوە لە دوایین پلەی جیهاندایە کە 199یە و پاسپۆرتی عێراق و یەمەنیش وەک لاوازترین پاسپۆرت دوای ئەم وڵاتە ناسێنراون.
ئیمروز
تائێستا پێداچوونەوە بە پڕۆژەیاسای حیجاب تەواو نەبووە
سەرۆکی لیژنەی یاسایی و دادوەریی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، بۆ جاری سێیەم پڕۆژەیاسای حەیا و حیجاب رەوانەی ئەنجومەنی پارێزەران کراوە و تا ئێستاش لەژێر تاوتوێکردنی ئەنجومەندایە.
موسا غەزەنفەرئابادی لە وەڵامی لێدوانەکانی یەکێک لە پەرلەمانتاران سەبارەت بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای حەیا و حیجاب لە ئەنجومەنی پارێزەران گوتی، پڕۆژەیاساکە هێشتا لە ژێر پێداچوونەوەدایە لەلایەن ئەنجومەنی پارێزەرانەوە، پەرلەمان پرۆژەکەی تەواوکردووە کردووە و بۆ ئەوانی ناردووە بەڵام تا ئێستا وەڵاممان لە ئەنجومەنەکە وەرنەگرتووە بۆ جێبەجێکردنی.
جەهانی سەنعەت
بەکارهێنانی کارەبای ئێران یەکسانە لەگەڵ بەکارهێنانی کارەبای شەش وڵاتی دراوسێ
جێگری سەرۆکی گواستنەوە و بازرگانی دەرەکی وزەی ئێران رایگەیاند، بەکارهێنانی کارەبای شەش وڵاتی دراوسێ کە ژمارەی دانیشتووانیان 350 ملیۆن کەسە، یەکسانە لەگەڵ بەکارهێنانی کارەبای ئێران کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 85 ملیۆن کەسە.
محەمەدوڵا داد بە ئاماژەدان بە گرانیی تێچووی وزە لە وڵاتانی دیکە، کەمی نرخی کارەبای بە هۆکاری زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئەم وزە بەنرخە ناوبرد لە ئێراندا و رایگەیاند، نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک کارەبا لە تاجیکستان و تورکیا زۆر زیاترە لە ئێران.
لە هەمان کاتدا بەکارهێنانی ئامراز و توانای نوێ لەلایەن پەیوەندییە گشتییەکانەوە بۆ گۆڕینی رەفتاری بەکاربردنی بەشداربووانی بە رێکارێکی کاریگەر و گرنگ زانی و بە ئاماژەدان بە هەڵمەتی “پاراستنی وزە”، داوای ئامادەبوونی کاریگەر و بەسوودی گشتی خەڵکی لەو هەڵمەتە کرد و گوتی، “زنجیرەی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردن جیاواز نین لە یەکتر و پێویستە پێشکەوتنەکانی چەند ساڵی ڕابردوو چڕتر بکرێتەوە.”
کەیهان
330 بریندار و هەشت کوژراو بەهۆی رووداوەکانی رۆژی چوارشەممە سوری
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا 338 کەس بـەهۆی رووداوی پەیوەندیدار بە مەراسیمی چوارشەممەی کۆتایی ساڵەوە بوونەتە قوربانی.
زۆرینەی ئەو کەسانە گەنج بوون و بە یارییە ئاگرینەکان زیانیان بەرکەوتووە بەڵام کەسانێکیش هەن کە تەنها رێبوار بوون و تێپەڕیوون کە پییاندا تەقیوە یان سووتاون.
هەشت کەس بەهۆی حاڵەتی قورس گیانیان لەدەستداوە و 121 کەس داواکاریی فریاگوزارییان پێشکەش کردووە.
هەروەها 13 کەس لە شوێنی رووداوەکان چارەسەر کراون، لەنێو بریندارەکاندا 28 حاڵەتی بڕانی ئەندامەکانی جەستە، 113 حاڵەت زیانی چاو و 159 حاڵەتی سووتان تۆمارکراوە.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
تورکیا نزیکبووەتەوە لە لیستى ئەو 10 وڵاتەی کە زۆرترین چەک دەفرۆشرێت
لە ساڵى 2024، تورکیا پلەبەندییەکى دیکە سەرکەوت و ناوى چووە ریزبەندى 11هەمینی ئەو وڵاتانەى کە زۆرترین چەک بە وڵاتانى دەرەوە دەفرۆشێت، بەمەش تەنها یەک پلەبەندى ماوە کە ناوى بچێتە 10هەمین وڵاتى بەهێز لە فرۆشتن چەکدا.

سۆزجو
لە ناچاریدا 12 مانگ بۆ ئاک پارتى رۆژوو دەگرین
ئەحمەد وەهبی، پەرلەمانتارى جەهەپە رایگەیاند، لەماوەى مانگێکدا نرخى پەنیر 11.57% زیادبووە، نرخی شیر 10.99% زیادبووە، نرخى گۆشتى بەرخ 14.81% زیادبووە، هاوڵاتیان بە تەنها لە رەمەزاندا رۆژوو ناگرن، بەڵکو 12 مانگ بەڕۆژوو دەبن. ئەمە ناوى رۆژووى مانگى رەمەزان نییە، ناوى 12 مانگ رۆژووگرتنی ناچارییە بۆ ئاک پارتى.
جمهورییەت
لە تورکیا 10 ملیۆن و 453 هەزار کەس بێکارن
بەگوێرەى ئامارە تازەکان لە تورکیا، بەشێوەیەکى گشتی لەماوەى یەک ساڵدا دوو ملیۆن و 155 هەزار کەس بێکاربوون، بەمەش رێژەى بێکاری زیاتر بووە و گەیشتووەتە 10 ملیۆن و453 هەزار کەس کە دەکاتە 26.5% و ژمارەى پێوانەیی شکاندووە. بەگوێرەى بەدواداچوونەکان، زۆربەى رێژەى بێکاری لەناو گەنجان و ژناندا تۆمارکراوە.
قەرار
12 وەزیرى حکومەت بۆ پشتیوانى لە موراد قوروم دەچنە ئیستەنبوڵ
ماوەى 20 رۆژى ماوە بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان و ئاک پارتى خوازیارە گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ بباتەوە، بۆ ئەو مەبەستە 12 وەزیرى حکومەت وازیان لە ئەرکەکانیان هێناوە و لە ئیستەنبوڵ بانگەشە بۆ کەمپینى موراد قوروم دەکەن، ئەمەش دەنگى ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە.