زووم:
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ ئەمڕۆ دووشەممە، لە ئەژمارى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک، بە بۆنەى ساڵرۆژى راپەڕینى شارى هەولێر وێنەیەکى خۆى و باوکى (کۆسرەت رەسوڵ) بڵاوکردەوە لەسەر وێنەکەى نووسیوە: 33 ساڵ پێش ئێستا خۆت سەرکردایەتیت کرد و ئازادت کرد، ئەمڕۆش هەزاران خوێندکارت هەیە.
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ کە ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتمانى کوردستانە، هەر لە پۆستەکەى لە فەیسبووک نووسیویەتى، “رۆژێک دادێ هەولێر وەریدەگرینەوە”، بەبێ ئەوەى ئاماژە بەوە بکات هەولێر لە کێ وەردەگرنەوە.
دەرکەوتنەکەى شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ دواى مانگێکە لە رووداوى هێرشکردنە سەر “قەڵاى عوزێرى”، کە خاوەنەکەى کوێخا دێرین عوزێرى بوو.
دێرین عوزێرى فەرماندەی فەوجێکى سەر بە لیوا تایبەتەکانى کۆسرەت رەسوڵ بوو، کە لە 12ى شوباتى رابردوو، بەتۆمەتى وەرگرتنى سەرانە هێزێکى ئەمنى یەکێتى چوونە سەر قەڵاکەى و تەقاندیانەوە، بەڵام کوێخا دێرین عوزێریان دەستگیرنەکرد و بە قسەى کەسوکارەکەى ئێستا لە دەرەوەى وڵاتە.
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ لە دواى هێرشەکەوە لە هیچ بۆنەیەک دەرنەکەوت، تەنانەت لەو کاتەشى لە 13ى شوبات بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى سەردانى ماڵى کۆسرەت رەسوڵى کرد، کە ئەمەش وا لێکدرایەوە، ناوبراو لە هێرشکردنە سەر قەڵاکەى کوێخا دێرین عوزێرى نیگەران بووە.