زووم:
وەزارەتی دارایی عێراق ناردنی بڕی 130 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان راگەیاند بۆ دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان و مووچەخۆرانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە مووچەی مانگی ئازار نانێرێت تاوەکو بە بانکی نەکرێت.
ئاژانسی فەرمیی عێراقییە ناوەڕۆکی سێ نوسراوی وەزارەتەکەی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، بە پشتبەستن بە رێنماییەکانی سەرۆکوەزیران و رەزامەندی وەزیری دارایی و لەسەر بنەمای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، بڕی 10 ملیار و 997 ملیۆن دینار خراوەتەسەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی بە مەبەستی پێدانی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخرانی چاودێریی کۆمەڵایەتی.
بە گوێرەی نوسراوێکی دیکەی وەزارەتەکە، بڕی 119 ملیار و 139 ملیۆن و 195 هەزار دینار خراوەتەسەر هەژماری هەرێمی کوردستان بە مەبەستی خەرجکردنی مووچەی مانگی شوباتی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
بە گوێرەی نوسراوێکی دیکە، بڕی 859 ملیۆن و 100 هەزار دینار خراوەتەسەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی شوباتی شەهیدان و زیندانیان هەرێم، بەڵام ئەو بڕە پارەیە زۆر کەمترە لەوەی کە پێویستە بۆ پێدانی مووچەی تەواوی شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی زیاتر لە 36 ملیار دینار.
وەزارەتی دارایی عێراق لە سێ نوسراوەکەدا دادگای فیدراڵیی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە کە بە رێکارەکانی رابردوو ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچەی مانگی شوبات ناردووە بۆ هەرێم چونکە پرۆسەی بە بانکیکردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم ماوەیەکی پێویست دەبێت، بەڵام جەختیکردووەتەوە کە بۆ مووچەی مانگی ئازار، بە هیچ شێوەیەک پارە نانێرێت تاوەکو لیستەکە بە بانکی نەکرێت.
دەشڵێت، حکومەتى هەرێمی کوردستانیش له رووی یاساییەوە بەرپرسیارە لە راستی و دروستیى ئەو زانیاریی و داتایانەى پێشکەشی حکومەتى فیدراڵی کردووە، بۆ ئەو کەسانەى شیاویی پێدانى مووچە و وەرگرتنى شایستە داراییەکانیانن.