زووم:
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە سەروبەندی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژرادنی 10ـی حوزەیرانی 2024ـی پەرلەمانی کوردستان، بەردەوامە لە جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان و لە تازەترین رێکاریشدا وادەی پێشکەشکردنی لیستی حیزب وهاوپەیمانی و تاکەکەسی دیاریکرد.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە زوومی راگەیاند، کۆمسیۆن رۆژی 13ـی ئازاری وەک یەکەم رۆژی پێشکەشکردنی ناوی لیستی کاندیدان بۆ حیزب وهاوپەیمانی و تاکەکسی، هەروەها 23ـی ئازاریش وەک کۆتا رۆژی ئەو وادەیە دیاریکردووە .
غەلای گوتیشی، پیشکەشکردنەکە لەو ماوەیەی دیاری کراوە، ئارەزوومەندانەیە، ئەو هاوپەیمانی و حیزبانەی مۆڵەتیان لە فەرمانگەی حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی کۆمسیۆن لە هەرێمی کوردستان بەگوێرەی مادەی 17ـی ساڵی 1993 وەرگرتووە، پێویستە لەو ماوەیەی کۆمسیۆن دیاریکردووە لیستەکانیان پێشکەشی نووسینگەی کۆمسیۆن بکەن.
گوتەبێژەکەی کۆمیسیۆن راشیگەیاند، لە دوای پێشکەشکردنی ناوی لیستی هاوپەیمانی یاخود حیزب و تاکەکەسی، لە وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکی و بەرێوەبەرایەتیی تۆماری تاوانەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ماوەی 15 رۆژ لێکۆڵینەوە لە ناوەکان و لیستەکان دەکرێت.
جومانە غەلای گوتیشی، هەر کاندیدێک پێویستە 250 هەزار دینار وەک رسومات لەبری ئەو لێکۆڵینەوەیە بداتە لایەنی پەیوەندیداری وەک وەزارەتی ناوخۆ و بەرێوەبەرایەتیی تۆماری تاوانەکان لە عێراق، هەروەها بڕی 60 هەزاریش لە هەرێمی کوردستان بدات و وەسڵەکەشی بخاتە نێو ئەو پێداویستییانەی بۆ کۆمسیۆنی رەوانە دەکات.
بە گوێرەی ئەو رێکارەی کۆمسیۆن دیاریکردووە، لیستی هاوپەیمانیەتی دەبێت 10 ملیۆن دیناری عێراقی و حیزب پێنج ملیۆن و تاکەکەسیش یەک ملیۆن دینار بخاتە سەر هەژماری کۆمسیۆن، ئەو بڕە پارەیە قابیلی گەرانەوە بۆ کاندید نییە و دەچێتە خەزێنەی دەوڵەت، پێویستە هەریەک لەو لیستانە هەژمارێکی بانکیی باوەڕپێکراوی عێراقیان هەبێت.
سەبارەت بە تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەران لە سەرەتای مانگی شوبات تا 9ـی ئازاری 2024، جومانە غەلای رایگەیاند، نزیکەی 119 هەزار و 850 دەنگدەر ناوی تۆمار کراوە، لەو ژمارەیەش کە لەدایکبووی ساڵی 2006ـن، 41 هەزار و 427 کەس کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووەتەوە.
لەبارەی تۆمارکردنی بایۆمەتریی دەنگدەران لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، جومانە غەلای رایگەیاند، لە پارێزگای هەولێر 60 هەزار و 169 دەنگدەر، لە سلێمانی 34 هەزار و 454 دەنگدەر و لە دهۆک 25 هەزار و 226 دەنگدەر تۆمارکراون.