زووم:
لەگەڵ نزیکبوونەوەی زیاتری هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، ململانییەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاک پارتی لەگەڵ فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی گشتیی پارتی رەفای نوێ قوڵتربوونەوە.
ئەردۆغان لە کۆبونەوەیەکى جەماوەریدا لە رووهاى باکوورى کوردستان رەخنەى لە پارتى رەفاى نوێ گرت و گوتی، “ئەوان لەژێر سێبەرى ئێمەدا سیاسەتیان دەکرد، بەڵام ئێستا پشتیان تێکردووین، ئەوان دەیانەوێت بەسەر کاندیدەکەی ئێمەدا سەرکەون.”
فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی گشتیی پارتی رەفاى نوێ، کوڕی نەجمەدین ئەربەکانى سەرۆکى پێشووى پارتى رەفایە، ئەو پارتەى ئەردۆغان تێیدا ئەندام بووە و دواتر بە سەرۆکى گەورەشارەوانی ئیستەنبوڵ هەڵبژێردرا.
لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 2023، پارتى رەفاى نوێ، لەگەڵ ئاک پارتی بووە بەشێک لە هاوپەیمانیی کۆماریی و پێنج ئەندامى ناردە پەرلەمانی تورکیا، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە بە کاندیدى خۆیانەوە بەشداریی دەکەن.
فاتیح ئەربەکان، دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتی رەفای نوێیەکە پارتێکی ئیسلامییە و ساڵی 2018 دامەزراوە، ناوەکەى لە رەفای نەجمەددین ئەربەکانى باوکییەوە وەرگرتووە.
فاتیح ئەربەکان لە بەرامبەر ئەو گوتانەى ئەردۆغان دژ بە پارتەکەیان دەڵێت، “لەم هەڵبژاردنەدا و لە سەرتاسەرى تورکیا بە کاندیدى خۆمان بەشداریی لە هەڵبژاردن دەکەین بۆ ئەوەی بیبەینەوە، ئێمە بۆ دۆڕاندن یاخوود سەرخستنى کاندیدى هیچ پارتێکى دیکە سیاسەت ناکەین.”
دەشڵێت، “تاوانبارکردنی پارتەکەمان ناڕەوایە، ئەگەر بەو تێڕوانینە بێت، کەواتە دەم پارتى لە ئیستەنبوڵ بۆ سەرکەوتنى ئاک پارتى کاندیدى هەیە، لەبەر ئەوەى ئەو دەنگانەى بە دەم پارتى دەدرێت، لە دەنگەکانى ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەڕوات.”
چاوەڕێ دەکرێت رەفاى نوێ دەنگى بەشێک لە موحافزکارەکانى ئاک پارتى ببات، بەوتەى سەرۆکى پارتەکە لە راپرسییەکاندا دەرکەوتووە دەنگى رەفاى نوێ لە پارێزگاى یۆزگات و رووها و چەند شوێنێکى دیکە لەپێش دەنگەکانى ئاک پارتى کەوتووە.