زووم:
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێشتا رێژەی توشبووانی تۆمارکراو بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لە خوار ستانداردی جیهانییەوەیە.
سامان بەرزنجی لە میانی بەشداریکردنی لە یەکەمین کۆنفرانسی لوتکەی زانستی شێرپەنجە لە هەڵەبجە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بە گوێرەی ستانداردی جیهانیی بۆ نەخۆشییەکە، لە هەر 100 هەزار کەسێک، 190 کەسی تووشبوو بە شێرپەنجە تۆماردەکرێن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بۆ 100 هەزار کەس، 150 کەس تووشبوون.
وەزیری تەندروستی باسی لەوەش کرد، لە ماوەی رابردوودا زۆرترین گرنگیان بە ژێرخانی تەندروستیی داوە لە هەرێمی کوردستان کە رێژەیەکی زۆری بۆ روبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە تەرخانکراوە.
بەگوێرەی تازەترین ئاماری وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، واتە لە ساڵی 2014ـەوە تاوەکو ساڵی 2024، ژمارەی توشبووانی شێرپەنجە گەیشتووەتە 61423 حاڵەت، تەنها لە ساڵی 2023دا 9911 حاڵەتی تازە تۆمارکراون.