زووم:
جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاند، زیانی ئەو سیاسەتەى ناتانیاهۆ لە جەنگى غەزە پەیڕەوى دەکات، لە سوودەکەی زیاتر دەبێت بۆ ئیسرائل.
بایدن لە چاوپێکەوتنى لە کەناڵى “ئێم سى ئێن بى سى”ى ئەمریکى گوتى، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل مافى خۆیەتى بەرگرى لە وڵاتەکەی بکات و بەردەوامبێت لە هێرشکردنەسەر حەماس، بەڵام پێویستە زیاتر ئاگادارى ئەو خەڵکە بێتاوانانە بێت کە بەهۆى ئەو رێکارانەوە تیاچوون، گوتیشى “بە بڕواى من، ئەوە زیانى زیاتری بۆ ئیسرائیل دەبێت وەک لە سوود”.
بایدن لە چاوپێکەوتنەکەدا پرسیارى ئەوەی لێکرا کە ئایا “هێڵى سوور ” بۆ ئیسرائیل دانراوە تاوەکو لە هێرشەکانیدا نەیبەزێنێت یاخود ئایا هێرشى بەرفراوانى ئیسرائیل بۆسەر رەفەح لە باشوورى کەرتى غەزە ئەو “هێڵە سوورە”یە کە دانراوە، لە وەڵامدا بایدن گوتوویەتى، “بەڵێ، ئەوە ئەو هێڵە سوورەیە کە بۆ ئیسرائیل دانراوە، بەڵام هەرگیز دەستبەردارى ئیسرائیل نابم، بەرگریکردن لە ئیسرائیل لەوپەڕى گرنگیدا دەمێنێتەوە، هیچ هێڵێکى سوور نییە بمەوێت لە چوارچێوەیدا کاروانى ناردنى چەک بۆ ئیسرائیل بەتەواوى رابگرم، لەبەرئەوەى ئیسرائیلییەکان تەنیا بە کڵاوەى ئاسنین پارێزراو نابن، ئەو هاوکارییانەى ئەمریکا پێویستن بۆ کارپێکردنى سیستمى بەرگریی ئیسرائیل و خستنەخوارەوەى مووشەکەکانى حەماس.”
بایدن گوتووشیەتى، هێڵى سوورى دیکەش هەیە، ناکرێت 30 هەزار فەڵەستینى دیکە بمرن.
بایدن لە چاوپێکەوتنەکەدا هەوڵیداوە خۆى بدزێتەوە لە وەڵامدانەوەیەکى روونى ئەو پرسیارەى کە ئاخۆ ئەگەر هەیە لە ماوەیەکى نزیکدا سەردانى ئیسرائیل بکات، کاتێک پێشکەشکارەکە پرسیارەکەى رووبەڕووکردەوە و گوتى، “هیچ نیازێکت هەیە سەردانى ئیسرائیل بکەیت، بایدن زۆر بە کورتی وەڵامیدایەوە و گوتى، “بەڵێ”، بێئەوەى هیچى دیکەى لەسەر بڵێت یاخود ئاشکراى بکات کە ئایا بانگهێشت کراوە یان نا.