رۆژنامە عەرەبییەکان
مەدا
داخوازییەکانی نوێنەرایەتیی ژنان لە پەرلەمانی عێراق پاشەکشەیان کردووە
ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئێڵ ئێس ئی بەریتانی لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی هێزی نوێنەرایەتیی ژنان لەناو پەرلەمانی عێراقدا ئەمجامداوە. لێکۆڵینەوەکە تاوتوێی ئەوەی کردوە، ئایا ژنانی عێراقی تا چەند لە پەرلەماندا بەرگری لە رەگەزەکەی خۆیان دەکەن، سەرباری ئەوەی، کە کۆتای ژنان لە ساڵی 2021ـەوە تا ئێستا بە رێژەی 14٪ لە کۆتاکەی خۆشیان زۆرتر زیادی کردووە. ئێستا ژنان لەناو پەرلەمانی عێراقدا 95 کورسییان هەیە، بەڵام سەرباری ئەوەش داواکاری بۆ سەلماندن و زیادکردنی مافەکانی ژنان پاشەکشەی کردووە، لەبەرئەوەی ژنەکان بەگشتی کار بۆ ئەجێندای سیاسیی دیکە دەکەن.
زەمان
ئەمریکا دەیەوێت لە قوبرسەوە رێڕەوێکی دەریایی بەرەو غەزە بکاتەوە
دوێنێ هەینی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا رایانگەیاند رێڕەوێکی دەریایی لە قوبرسەوە بەرەو غەزە دەکرێتەوە، بۆئەوەی لەو رێگایەوە کۆمەکی مرۆیی بگەیەندرێت بە غەزە، کە ماوەی پێنج مانگە لەژێر بۆردوومانی بەردەوامی ئیسرائیلدایە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتاری ساڵانەی خۆیدا گوتی، لەرێگەی دەریاوە پرۆسەیەکی مرۆیی گەورە ئەنجام دەدەین، کە بریتی دەبێت لە کردنەوەی رێڕەوێکی کاتی بەرەو غەزە بۆ گەیاندنی کۆمەکی گەورە بە کەرتەکە. لە هەمان کاتدا، لە قاهیرەش چاوەڕوانی ئەنجامدان و بەڕێوەچوونی گەشتێکی نوێی گفتوگۆکانی ئاگربەست دەکرێت، چونکە چەند جارێکی دیکە هەوڵدراوە ئاگربەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا بهێنرێتە ئاراوە بۆئەوەی بارمتەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن، بەڵام تائێستا نەگەشتوون بە ئەنجام.
شەرقولئەوسەت
بایدن لە پەیامێکدا بە پوتین دەڵێت لە ئۆکراین پاشەکشە ناکەین
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی ئاڕاستەی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا کردووە و تیایدا گوتوویەتی، ئێمە واز لە ئۆکراین ناهێنین. دەشڵێت، “ئەگەر کەسێک لەم هۆڵەدا لەو بڕوایەدا بێت پوتین لە ئۆکراین دەوەستێت، ئەوا من دڵنیاییتان دەدەمێ، کە راناوەستێت، بەردەوام دەبێت و تۆوی ئاژاوە لە ئەورووپا و جیهاندا دەچێنێت”.
بایدن، بە پێویستی زانیوە وڵاتەکەی بە رووی سەرکردەکەی کرملیندا رابوەستێتەوە.
عەرەب
بەندەرەکەی ئەمریکا فشاری دۆسیەی کێشە مرۆییەکانی غەزە لەسەر بایدن کەمدەکاتەوە
ئەو بڕیارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کە دەڵێت بەندەرێکی کاتی لەسەر کەنارەکانی کەرتی غەزە دروست دەکات، بووە بە مایەی پرسیار، داخۆ مەبەست لە دروستکردنەکەی چییە؟ ئایا ئەو بەڕاستی دەیەوێت یارمەتیی مرۆیی بگەیەنێت بە غەزە، لەبەرئەوەی گەیاندنی یارمەتییەکان بە رێگای ئاسمانی و وشکانی زۆر قورس بوون، یان مەبەستی دیکەی لەپشتەوەیە، وەک کردنەدەرەوەی میسر و بێبنەماکردنی رۆڵە گرنگەکەیان وەک دەروازەیەکی وشکانی بەرەو کەرتی غەزە، بۆئەوەی ئیتر رێگە نەدەن میسر ببێت بە رێگای گواستنەوەی بریندارەکان و ناردنی یارمەتییەکانیش بۆ غەزە؟
ئامانجی روونی ئەم پرۆژەیەی ئەمریکا لە ئێستادا کەمکردنەوەی پەستانی ئەو فشارانەیە لەسەر بایدن هەن و بەردەوام دیموکراتەکان هەوڵدەدەن لەڕێی ئەو گرووپانەی خۆیانەوە، کە نزیکن لە ئیسرائیل کارێک بکەن یارمەتی بگەیەنن بە کەرتی غەزە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
ئیندیپێندێنت
پارتی کرێکارانی بەریتانیا ژنان دەباتە نێو چەقی چالاکییەکانی ئابووریی نیشتمانی
راشێڵ ریڤس، راوێژکاری سەرەکیی پارتی کرێکارنی بەریتانی لە بۆنەی 8ـی مارسدا دەڵێت، پلانی پارتەکەیان وایە ژنان بگەیەنن بە ناوەندەکانی بڕیاردان لە ئابووریی نیشتمانیدا، ئەم راگەیاندنەی ریڤس لە کاتێکدایە وردوردە هێڵەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەکانی بەریتانیا دەردەکەون.
ریڤس گوتوویەتی پلانی حزبەکەی وایە بۆ گەشەکردنی خۆی، ژنان بهێنێتەوە ناوەندەکانی بڕیاردانی ئابووری، چونکە راوێژکاری پێشووی حزبەکە لە ماوەی چواردەساڵی رابردووی دەسەڵاتی خۆیدا هیچ کارێکی بۆ ژنان نەکردووە، بەڵام ئێستا ئەو بەڵێن دەدات لە پلانی داهاتووی حزبی کرێکاراندا، ژنان بهێننەوە ناو جەرگەی کارکردنی خۆیان، بۆیە ژنان دەبن بە بەشێک لە ستراتیژی گەشەپێدانی حزبەکە و ئەمەش وەک کەرەستەیەکی تازە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی داهاتوودا دژی پارێزکاران بەکاردەهێنرێت.
تایمز
دایکی ئەو منداڵانەی درانە بەر چەقۆ دەڵێن بڕوایان بە سیستمی دادوەریی وڵاتەکەیان نەماوە
دوو خوێندکاری قوتابخانە لە شاری نۆتینگهام دراونەتە بەر چەقۆ و هەردووکیان گیانیان لەدەستدا. دایکی ئەو منداڵانە دەڵێن، بڕوایان بە سیستمی دادوەریی وڵاتەکە و داواکارە گشتییەکانیان نەماوە، چونکە کەسی پەلاماردەر هەردوو کوڕەکەی ئەوانی بە چەقۆ کوشتووە، بەڵام دادگا بڕیاری کوشتنی پەلاماردەرەکە نادات.
مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەناو شەقامێکدا، کەسێکی پەلاماردەر دوو کوڕی ئەو دوو دایکە و ژنێکی دیکەی تەمەن 65 ساڵی بە چەقۆ کوشتووە، کوڕەکان هەردووکیان تەمەنیان 19 ساڵ بووە، ئەو دوو دایکە هەردووکیان بەیەکەوە بۆ یەکەمجار رێگەیان بە رۆژنامەی تایمز داوە دیدارێکیان لەگەڵدا ئەنجام بدات، بەڵام لێدوانەکانی ئەوان لەبارەی کوژرانی کوڕەکانیانەوە زۆر خەمبارانە بوون.
واشنتن پۆست
فەلەستینییەکانی کەناری رۆژئاوا دەڵێن ناوچەکەیان زیندانێکە لەناو زیندانێکی گەورەتردا
پەیامنێری رۆژنامەی واشنتن پۆست چووەتە شوێنێکی نزیک لە ناوچەی جابر لە کەناری رۆژئاوا لە فەلەستین و چاودێریی ئەندامانی چەند خێزانێکی کردووە ویستویانە لە رێگایەکەوە بپەڕنەوە بۆ شوێنێکی ئارامتر، کە پێش گەیشتنی ئەوان داخراوە.
رۆژنامەکە نووسیویەتی، فیراس ئیدریس هاووڵاتییەکی فەلەستینییە، لە نزیکی پەیژەیەکەوە وەستاوە، کە دوانزە پلەی هەبووە و بەرەو رێگایەکی ژێرزەمینی شۆڕکراوەتەوە، دەیوست لەوێوە خێزانەکەی بپەڕێنێتەوە بەرەو شوێنێکی ئارامتر.
فیراس بە رۆژنامەکەی گوتووە، دەزانێت لەوێ ژێرزەمینێک هەیە، ئەگەر بۆردومانی فڕۆکەکان رێگە بدەن حەز دەکات خێزانەکەی بگەیەنێتە ئەوێ، بەڵام لەو ناوچەیە سوپای ئیسرائیلی قەدەغەی هاتوچۆی سەپاندووە، رێگاکانی هاتوچۆکردنیشی بە تەلی دڕکاوی بەستووە، خێزانەکان شپرزە و ماندوو بوون، ئەوە نمونەی ژیانی سەدان و هەزاران خێزانی کەناری رۆژئاوایە، کە لە پێنج مانگی رابردوودا لەژێر فشاری شەڕدا بوون.
عەرەب نیوز
زیادکردنی کۆمەڵگە جوونشینەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە لە کەرتی رۆژئاوا تاوانی جەنگە
راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، هێنان و نیشتەجێکردنی خەڵکی ئیسرائیلی لە ناوچە فەلەستینییەکان بەردەوامە و درێژەی هەیە، رێژەی ئەوانەی نیشتەجێکراون گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی، ئەوەش کارێکە ئەگەری دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ فەلەستینییەکان لەباردەبات و دەیکات بە خەونێکی بەدینەهاتوو.
ڤێڵکۆر تراک، کۆمسیۆنی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەدا دەڵێت، بونیادنانی کەمپی تازەی نیشتەجێکردنی جوو وادەکات خەڵکە مەدەنییە رەسەنەکانی ئەو شوێنانەی دەکرێن بە کەمپ ناچار بن شوێنەکانی خۆیان بەجێبهێڵن.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانى ئێران: بەرهەمەکانى تورکیا جێگەی بەرهەمەکانى ئێران لە عێراق دەگرنەوە
محەمەد جەواد ئەسگەری، سەرۆکی کۆمیسیۆنی کشتوکاڵی پەرلەمانى ئێران باسى لە کەمبوونەوەی هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وڵاتەکەى کرد و گوتى، ئەمڕۆ نزیکەی 500 ملیۆن کەس لە دانیشتوانی وڵاتانی ناوچەکە ئارەزووی هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی دەکەن، بەڵام ئێستا تورکیا بە ئاسانی لە عێراقدا بووە بە جێگرەوەی ئێران و تەنانەت سعودیە لە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ دەست بەسەر بازاڕەکاندا دەگرێت و ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە.
ئەفکار
پێشبینی دەکرێت لە نەورۆزدا کێشەى کەمیی بەنزین لە ئێران دروست ببێت
لە چەند رۆژی رابردوودا ریکۆردی نوێ لە بەکارھێنانی رۆژانەی بەنزین بەدی کراوە و بەکارھێنانی زیاتر لە 130 ملیۆن لیتر لە ھەندێک رۆژدا تۆمارکراوە.
لە کاتێکدا لە نەورۆز نزیک دەبینەوە، پێشبینی دەکرێت ریکۆردێکی سەیر لە بەکارهێنانی بەنزین تا 150 ملیۆن لیتر لە رۆژێکدا تۆمار بکرێت و ئەمەش لە کاتێکدایە تێکڕای بەکارهێنانی رۆژانەی بەنزین لەمساڵدا 116 ملیۆن لیتر بووە، لە کاتێکدا توانای بەرهەمهێنانی بەنزینی پاڵاوگەکە نزیکەی 106 ملیۆن لیترە لە رۆژێکدا، کەواتە ئەگەر هەر بەم شێوەیەش بەردەوام بین هێشتا 10 ملیۆن لیتر رۆژانە ناهاوسەنگی و کورتهێنانی بەنزینمان هەیە، کە بە هاوردەکردنی بەنزین قەرەبوو دەکرێتەوە.
ئیمروز
یەک لەسەر سێی نانی ئێران فڕێ دەدرێت
رۆژانە خواردنی سەرتاسەری نان لە وڵاتی ئێراندا 300 گرامە، کە نزیکەی نیوەی وزەی وەرگیراوی رۆژانەی خەڵک دابین دەکات، هەروەها بەشێکی پرۆتئین و زۆرینەی ئاسنی خواردنی رۆژانەی مرۆڤەکان بە نان دابین دەبێت بۆیەش نان یەکێک لە گرنگترین خواردەمەنییەکانە.
بەڵام لە ئێستادا 30%ی نان لە ئێراندا بەفیڕۆ دەچێت و فڕێ دەدرێت کە یەکسانە بە دوو ملیۆن تەن و پێویستە رێکاری نوێ بگرینەبەر بۆ کەمکردنەوەی بڕی پاشەڕۆکان و ئەم خواردنە بەنرخە بەفیڕۆ نەدەین.
جیهانی سەنعەت
سیستمێکی پەروەردەیی ئێران ژنانە
لە نێو 600 هەزار کاندید بۆ کاری مامۆستایی لە ئێران، 83% ژنن و تەنیا 17% پیاون، ئەم راستییە واقیعی بازاڕی کاری ئێران نیشان دەدات. بازاڕێک کە رێژەی بەرزی بێکاری دەرچووانی ژن لە ئێران نیشان دەدات.
ئەمە هاوکات دەرفەتێکە بۆ ئەوەی رێگە بە ژنان بدرێت ئەرکی پەروەردە زیاتر بە ئەستۆ بگرن ئەگەر رێگەیان پێ بدرێت، لەوانەیە نیشاندەری ئەوەش بێت کە پیاوان کەمتر حەزیان لە کاری پەروەردەییە.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
لە ئەنقەرە جەهەپە رێککەوتنی لەگەڵ دەم پارتى کردووە
لەپاش ئەوەی جەهەپە لە چەند ناوچەیەکى ئیستەنبوڵ رێککەوتنى لەگەڵ دەم پارتى کرد، لە ئەنقەرەش لە ناوچەى یەنى محللە، پۆڵاتڵی و باڵە بڕیاریدا بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان رێککەوتن لەگەڵ دەم پارتى بکات.
دەم پارتى لەو ناوچانە کاندیدی بۆ سەرۆکشارەوانی رانەگەیاندووە، لە بەرامبەردا وابڕیارە جەهەپە چەند کورسییەک لە ئەنجومەنى گەورەشارەوانیی ئەنقەرە بداتە دەم پارتى.
میللییەت
لە 8ـى مارسدا ژنکوشتن لە تورکیا نەوەستا
لە رۆژى جیهانیى ژناندا لە تورکیا ژنکوشتن نەوەستا. فەرایی باڵقان ژنە پزیشکی تەمەن 39 ساڵ لەلایەن هاوسەری پێشوویەوە تەقەی لێکرا و گیانى لەدەستدا. بکوژەکە پلەی سەربازی هەبووە و هەر هەمان رۆژ لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.
جمهورییەت
لە 8ـی مارسدا ژنانى یەکسانیخواز هاتنەدەنگ
لە رۆژى ژناندا، ژنانى ئازادیخواز و یەکسانیخواز داوای ژیانێکى ئازاد و ئامانیان کرد. ئامارەکان رایانگەیاندووە لە ساڵى پاردا 338 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون، 248 ژنی دیکەش بەشێوەیەکى گوماناوى گیانیان لەدەستداوە. تەواوى ئەو ژنانەى کوژراون لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە یان هاوسەری پێشوویانەوە کوژراون.
ئەکشام
تورکیا بۆ راگرتنى شەڕی ئۆکراین و روسیا لوتکەى ئاشتی سازدەدات
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بۆ ماوەى کاتژمێر و نیوێک لە کۆشکی دۆڵمەباخچە لە ئیستەنبوڵ چاوى بە زێلینسکی کەوت. ئەردۆغان رایگەیاند، ئامادەکارییان بۆ سازدانى کۆنفڕانسێکى لوتکەی ئاشتی بۆ راگرتنى شەڕی نێوان ئۆکراین و روسیا کردووە، گوتووشیەتی، ئومێدى هەیە شەڕەکە رابگیرێت.