زووم:
لێژنەی سەربەخۆی دۆزینەوەی راستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەکەم راپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە راپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی” رایگەیاند، بە سەرکوتکردن و توندوتیژى لە بەرانبەر ناڕەزاییەکانى ئێران ئەنجامدراوەو زۆرێک لەم حاڵەتانەشى بە “تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی” ناوبردووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، دۆسیەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و تاوانکاری لە ناڕەزایەتییەکانی “ژن، ژیان، ئازادی”دا بریتی بوون لە کوشتن، ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی.
ئەو لیژنەیە لە راپۆرتەکەیدا، حاڵەتەکانی دەستدرێژی و جۆرەکانی تری توندوتیژی سێکسی و رەگەزی پشتڕاستکردووەتەوە، لەوانە دەستدرێژی بەکۆمەڵ، لێدانى تەزووی کارەبا بۆ ئەندامی زاوزێ، رووتکردنەوەی زۆرەملێ و دەست لێدانی جەستەی ژنان و کچان.
لیژنەکە جەختی لەوە کردەوە، پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ بە تایبەتی کاریگەرییان لەسەر ژنان، منداڵان و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان هەبووە و لەگەڵ هەراسانکردنی رەگەزی و نەتەوەیی و ئایینی تێکەڵ بووە.
هەر بە گوێرەى راپۆرتەکە، ئێران ژمارەیەکی زۆر لە ژن و پیاو و منداڵی کوێر کردووە، هەروەها ئاماژەی بە رفاندنی منداڵانی ناڕازی لە کاتی ئەو خۆپیشاندانانە کردووە، کە لە ئێران ئەنجامدراون.
لیژنەی سەربەخۆی دۆزینەوەی راستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نووسیویەتی، ئامارە باوەڕپێکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، 551 خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون، کە لانیکەم 49یان ژن و 68یان منداڵن.