زووم:
هێشتا هەوڵە هەرێمایەتی و جیهانییەکان بۆ راگرتنى جەنگی ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەزە نەگەیشتووەتە ئەنجام، مەترسی سەرهەڵدانی جەنگێکی دیکە لە ناوچەکە هاتووەتە ئاراوە.
بە گوێرەى میدیاى ئیسرائیلى، دەسەڵاتى ئەو وڵاتە پلانی ئەنجامدانی پرۆسەیەکی سەربازیی زەمینی لە لوبنان دادەڕێژێت، ئەوەش بەهۆى تەشەنەسەندنی شەڕو پێکدادانەکان، لەنێوان سوپاى ئیسرائیل و چەکدارانى حزبوڵاى لوبنانى، کە چەند مانگێکە بەردەوامى هەیە.
لەو بارەوەکەناڵی 13ـی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل سەرقاڵی گەڵاڵەکردنی پلانێکە بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی لە لوبنان.
کەناڵەکە بڵاویشیکردەوە، کە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لە بەرەی باکوور، سوپای ئیسرائیل عەمید موشیە تەمیرى راسپاردووە بە ئەرک و بەرپرسیاری دانانی چەند پلانێک بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەکی سەربازیی زەمینی لە لوبنان.
عەمید موشیە تەمیر، داڕیژەری پلانی چوونە ناوەوەی سوپای ئیسرائیلە بۆ کەرتی غەزە، کە بە گوێرەى کەناڵە ئیسرائبلییەکە داواشی لێکراوە لە دانانی پلانەکەدا پەند و وانە لە شەڕو پێکدادانەکانی کەرتی غەزە وەربگرێت.
لە دەستپێکردنی جەنگ لە غەزە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، بەنزیکەیی هەموو رۆژێک، حزبوڵا و ئیسرائیل لەسەر سنورەکان بۆردومانی یەکتردەکەن.
ئەم پەرەسەندنەى ئێستاش، مەترسی بەرفراوانکردنی بازنەی جەنگی لە غەزە وروژاندووە، لەکاتێکدا هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی هێرشەکانی هەردوولا بۆ سەریەکتر بەردەوامە، کە تائێستا و بەگوێرەی ئاماری ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لانیکەم 302 کەس لە لوبنان کوژراون و زۆرینەى کوژراوەکانیش چەکداری حزبوڵان، هەروەها 51 مەدەنیش کوژراوون، لە ئیسرائیلیش 10کەس بەهۆی هێرشەکانی حزبولاوە کوژراوون، کە حەوتیان مەدەنین .