زووم:
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەفغانستان، لە پەیامێکیدا لەبەردەم ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش، داوای لە تاڵیبان کرد ئەو سنوورانەی لەبەردەم ئازادییەکانی ژنان و کچانی وڵاتەکەدا دایناون، هەڵیانبگرێت.
لە وتارەکەیدا، رۆزا ئۆتۆنبایێڤا، نوێنەری تایبەتی سکرتێریی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەفغانستان هۆشدارییدا لەوەی تا ئەو بەربەستانە بمێننەوە، ژیانی ئەو ژنانە زیانی زیاتری بەردەکەوێت.
بەشێکیش لەو پێشێلکارییانەی رۆزا باسیکردن، پەیوەندی هەیە بە دەستگیرکردنی هەڕەمەکیی ژنان بەهۆی نەپۆشینی ئەو جلوبەرگەی حکومەتی تاڵیبان سەپاندوویەتی و رێگریکردن لە چوونە قوتابخانەی ژنان و کچانی ئەو وڵاتە و رێگرییە لە کارکردنیان، لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆر کایەی دیکەی ژیاندا بێبەشکراون.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموو ئەم بەربەستانە لەبەردەم ژیانی ئەو وڵاتەدا، کاریگەریی گەورەی لەسەر دروونی ئەو ژنانە و ژیانیان درووستکردووە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ (هیومن رایتس وۆچ)، لەوکاتەوەی تاڵیبان حوکمی ئەو وڵاتەی لەماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا گرتووەتە دەست، توندترین قەیرانی مافەکانی ژنانی لە جیهاندا لەو وڵاتەدا دروستکردووە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تاڵیبان بەشێوەیەکی سیستماتیکی پێشێلی مافەکانی ژنانی کردووە، بەتایبەت لەبوارەکانی پەروەردە، دامەزراندن، ئازادیی رادەربڕین و جووڵانەوەیان لە ژیانی رۆژانەیاندا، بەشداریی سیاسیی و چەندین پرسی دیکە.
ساڵی رابردوو، بە چەندین بڕیاری جیاواز، تاڵیبان قەدەغەیکرد ژنان لە رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکاندا کاربکەن، ئەوەش ناڕەزایی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا، لەگەڵ ئەوەشدا تاڵیبان بە قۆناغی جیا جیا، خوێندنی ئامادەیی و زانکۆکانی لە کچانی ئەو وڵاتە قەدەغەکرد.