هەرکاتێک هێرشى وڵاتان بۆسەر خاکى هەرێمى کوردستان و عێراق دەستپێدەکات زیاتر وشەى “سەروەریی” بەر گوێمان دەکەوێت، هەموان داواى پاراستنى سەروەریی دەکەن، بەڵام ئەوانەى پێشێلى دەکەن “گوێی” پێنادەن، هێرش و کاردانەوەکانى ساڵانى رابردوو سەلمێنەرى ئەو راستییەن.
دوێنێ، ئێران جارێکى دیکە بە موشەک و درۆن هێرشی کردە سەر کۆیە، زڕگوێز و دەڤەرى سیدەکان، لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە ئیدانە کرا. ئەمەریکا، فەڕەنسا، بەریتانیا چەندین وڵاتی دیکەى ئەوروپی و عەرەبی، بە دەستدێژی و پێشێلکردنی سەرەوەریی خاکی عێراق ناویان هێنا.
لە دەستوری عێراقدا باسی سەروەری وڵات کراوە
لە مادەى یەکەمى دەستورى عێراقدا باس لە سەروەریى عێراق دەکات، لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیش دانى پێدانراوە.
سەروەریی وڵات یەکێکە لە بنەما و کۆڵەکە گرنگەکانی هەر دەوڵەتێک، کە کۆمەڵی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە لەگەڵ هەر وڵاتێک دەکات، بەگوێرەى ئەو یاسا و رێسایانەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە پەیماننامەکانیدا دایڕشتووە.
عێراق، کە مێژووییەکی قوڵی لەنێو شارستانی ناوچەکە و جیهاندا هەیە، ساڵانێکە دراوسێکانى پێشێلى سەروەرییەکەى دەکەن
عێراق بە هۆی نەبونی سەرکردایەتییەکی نیشتیمانی فەرمانڕوا، لە قەیرانێکی قوڵدایە
سەنتەری توێژێنەوەی ستراتیژی عێراقی راپۆرتێکی لەبارەی قەیرانی سەروەریی عێراق بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەى بە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی سەروەریی عێراق کردووە.
راپۆرتەکە سەرکردایەتییەکی نیشتمانی فەرمانڕەوا بە گرنگترین خاڵی سەقامگیری سیاسی و پاراستنی سەروەریی وڵات و بڕیارە سەرەکییەکانی دادەنێت، بەڵام عێراق لەو رووەوە لە قەیرانێکی قوڵدایە. ئەوەشى وەک هۆکارێکى ریشەیی داناوە، کە درواسێکانى بەردەوام دەستوەردان دەکەن و سەروەرییەکەى پێشێل دەکەن.
راپۆرتەکە جەختیشیکردووەتەوە، کە عێراق بووەتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسیە ناوچەیی و هەرێمیەکان.
سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی عێراق بۆردومانەکانی ئێران و تورکیا لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی بنکەی سەربازی تورکیا لەناوچەکانی دهۆک و موسڵ بە نمونەی دەستوردانێکی راستەوخۆ و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق داناوە.
دەڵێت، لایەنە سیاسیەکان، حکومەت، پەرلەمانیش تەنها لە رێگەى راگەیەندراوەوە ئیدانەی ئەو بۆردومان و دەستدرێژییانە دەکەن، کە دەکرێنە سەر خاکی عێراق.
جگە لە ئیدانەکردن هیج هەنگاوێک نەنرا
کۆتایی مانگى ئەیلول، ئێران هێرشی موشەکى کردە سەر ناوەندى شارەکان، پێش ئەوەش هەولێرى پایتەختى بۆردومان کرد، کاردانەوەکان زۆر بوون، بەڵام جگە لە ئیدانەکردن هیچ هەنگاوێک نەنرا بۆ رێگرى لە چەندبارەبوونەوەى، هێرشەکانى دوێنێش بەڵگەى ئەو راستییەن، کە نەتواندراوە رێگە لە ئێران بگیرێت پێشێلى سەروەریى خاکى عێراق و هەرێمى کوردستان بکاتەوە.
تورکیا بە قوڵایی ٣٠ کیلومەتر هاتۆتە خاکی هەرێمەوە
بەدرێژایی ساڵانى رابردوو تورکیاش قسورى نەکردووە لە پێشێلکردنى سەروەریى خاکى عێراق، بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر سوپاکەى هاتووەتە نێو خاکى هەرێمى کوردستانەوە، نزیکەى 100 بنکە و خاڵی سەربازی داناوە، رۆژانەش فڕۆکە جەنگییەکانى بۆردومانى ناوچە سنورییەکان دەکات، دواینیان لە گەرمیان بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا نەتوانراوە بەرى پێبگیرێت.
بەرپرسانى هەرێمى کوردستان نایشارنەوە ئەوان توانای رێگرییان نییە، دوێنێ نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان داواى پاراستنى سەروەری خاکەکەى لە بەرپرسانى حکومەتى عێراق کردەوە. ئەو دۆخەى هەرێمى کوردستان بۆ عێراقیش بەهەمانشێوەیە.
بنکەی سەربازیی تورکیا لە باشیک جێگیرکراوە
لەدواى شەڕى داعشەوە، تورکیا بنکەى سەربازى لە باشیکى سنورى نەینەوا جێگیرکردووە، سەربارى داواکردن بۆ چۆڵکردنى و تەنانەت موشەکبارانکردنیشی بەڵام تورکیا ئامادەنییە چۆڵى بکات.
وێنەکە تاوەکو ئێستا لاى عێراقییەکان بەوشێوەیە، تورکیا و ئێران بەردەوامن لە سنوربەزاندنى، بەرپرسانى عێراقیش بە کردەیی دەستەوەسانن.