زووم:
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، ژمارەیەک راسپاردە و رێنماییان بۆ بەڕێوەبەرانی دەروازەکان بە ئامانجی چالاککردنی رۆڵی چاودێری و سەرپەرشتیکردن پەسەند کردووە.
ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردەوە، دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، بە سەرۆکایەتیی عومەر عەدنان وائلی، کۆبووەتەوە و گفتوگۆ کراوە لەسەر کۆمەڵێک بڕیار و “راسپاردەی گرنگی حکومی”، بەمەبەستی چالاککردنی رۆڵی چاودێری و سەرپەرشتیکردنی دەروازە سنوورییەکان بەگوێرەی یاسا.
ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئاماژەی بەوە داوە، دەستەی دەروازە سنوورییەکان جەختیکردووەتەوە لەسەر جێبەجێکردنی رێسا و یاسا تایبەتەکانی حکومەتی عێراق لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی وشکانی و دەریایی و ئاسمانی.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، راسپاردە و رێنماییەکانی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق چەند لایەنێک لەخۆدەگرێت لەوانە، هەماهەنگیکردنی بەڕێوەبەری دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ نووسینگەکانی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی لە پارێزگاکان، هەماهەنگیکردن و کارکردن لەگەڵ پارێزگاکان بەمەبەستی پەرەپێدانی دەروازەکان و ئاوەدانکردنەوەیان، کاراکردنی ئیشوکاری شانەی هەواڵگری و کۆبوونەوەی مانگانە و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ فەرمانگە ئەمنییەکانی دەروازە سنوورییەکان، هەروەها چاودێریکردنی دۆسیەی بەقاچاخبردنی مادەی هۆشبەر و دراو، لەگەڵ وردبینیکردنی ئەلیکترۆنی و زانیارییەکانی پسووڵە گومرگییەکان و رێگریکردن لە هاتنەناوەوەی ئۆتۆمبێل و ئەو کەسانەی رێگەپێدراو نیین بۆ گۆڕەپانی پشکنین، هەروەها دڵنیابوونەوە لە تایبەتمەندیی کەلوپەلەکان بەگوێرەی رێساکانی ئامێری ناوەندی بۆ پشکنین و کوالێتیی کۆنترۆڵ.