زووم..
دەزگاى هەواڵگریی تورکیا “میت” بانگەشەى ئەوە دەکات لە ئۆپراسیۆنێکدا لە کەلار بەرپرسێکى پەکەکەى بە ناوى “هوسنو کومێک” کوشتووە، دوو ناوی نهێنی هەبووە “شەوگەر ئازاد” و “ئاراس”.
دەزگاى هەواڵگریی تورکیا ئاماژەى بەکاتى ئۆپراسیۆنەکە نەکردووە، بەڵام هەینى رابردوو 1ـى ئازار هێرشێکى درۆنى لە سەنتەرى قەزاى کەلارى ناوەندى ئیدارەى گەرمیان روویدا، دواتر گوتەبێژى تەڤگەری ئازادى بە زوومى گوت، بە درۆن نووسینگەیەکیان لە کەلار کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئەندامێکیان گیانى لەدەستداوە.
دەزگاى هەواڵگریی تورکیا دەڵێت، ئەو بەرپرسەى پەکەکە کە لە کەلار کوژراوە، لە سلێمانی و کەلار مەشق و راهێنانی بە پشتیوانانی رێکخراوەکە کردووە، پێشتریش پاسەوان و نامەبەرى جەمیل بایک و دوران کاڵکان بووە.
راشیگەیاندووە، لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتی کۆماری ئیستانبوڵەوە بە تاوانی ئەندامبوون لە پەکەکە داواکراوبوو، بەڵام تائێستا پارتى کرێکارانى کوردستان هیچ لێدوانێکى فەرمى لەبارەى ئەو راگەیەنراوەى دەزگاى هەواڵگریی تورکیا نەبووە.