رۆژنامە عەرەبییەکان
زەمان
مەسعود بارزانی دەڵێت، هەڵوەشاندنەوەی کورسى کۆتاى پێکهاتەکان لێدان بوو لە پرەنسیپی هاوبەشی و پێکەوەژیان
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورستان دەڵێت، هەڵوەشاندنەوەی کورسى کۆتای پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستان لێدان بوو لە پرەنسیپی شەراکەت و پێکەوەژیان.
ئەم لێدوانەی ناوبراو لە میانەی پێشوازیکردنیدا بوو لە گڵێن مایڵز، باڵوێزی ئوسترالیا لە عێراق. خانەخووێ و میوانەکەی لە دیدارێکیاندا لە هاوینەهەواری سەلاحەدین گفتوگۆیان لەبارەی ئەو هەڵبژاردنانەوە کرد، کە بڕیارە دەیەمین رۆژی مانگی حوزەیرانی داهاتوو لە کوردستان ئەنجام بدرێت. بارزانی گوتویەتی ئەگەر کەمینەکان بەشداریی تیادا نەکەن، ئەمە دەبێت بە لێدانێک لە رەوتی هاوبەشی و پێکەوەژیان.

شەرقولئەوسەت
وەزیری ناوخۆی عێراق: سنورەکانمان لەگەڵ سوریا توند و لەگەڵ تورکیا شڵۆقن
عەبدولئەمیر شەممەری وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، سنورەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سوریادا توندن و بە کامێرا کۆنترۆڵ کراون. بەڵام بەهۆی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەر خاکی عێراق، رەوشەکە لەگەڵ تورکیای دراوسێدا شڵۆقە.
رۆژی سێشەممە شەممەری لە دیداری رافیدەیندا گوتارێکی هەبوو، تیایدا گوتی: تورکیا هاتووەتە ناوەوە چەند ناوچەیەکی سنوریی خاکی عێراق وەک گۆڕەپانێکی شەڕکردن دژی پارتی کرێکارانی کوردستان بەکاردەهێنێت. بۆیە ئەو سنورەی کە لە دیوی پارێزگای دهۆکەوەیە، شڵۆقە و تورکیا لەوێوە دێتەناوەوە. ئەوێ بووە بە ناوچەیەکی ململانە لەگەڵ پەکەکەدا، عێراق کەوتۆتە ئەوەی بە هاریکاری لەگەڵ تورکیادا ئەو کێشەی سنورە چارەسەر بکات، بەڵام ناوچەکە سەختە و کاتی زۆری دەوێت.

سەباح
سودانی سەردانی شنگالی کرد و بەڵێنی دا ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە و خزمەتگوزاریشیان بۆ دابین بکات
محەمەد شیاع سودانی سەرەکوەزیرانی عێراق رۆژی سێشەممە سەردانی شنگالی کرد. لەوێ چاوی کەوتووە بە نوێنەرانی پێکهاتەی ئێزدییەکان و بەڵێنی پێداون پلانەکەی حکومەتەکەی بۆ هێنانەوەی خەڵکە ئاوارەبووەکە جێبەجێ بکات. لە ناوچەی خۆیاندا خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابین بکات. ئەم بەڵێنانە هەندێک ئومێدی لەلای شنگالییەکان دروستکردووە. ساڵی 2014 ئەم پێکهاتەیە بە دڕندانەترین شێوە لەلایەن داعشەوە پەلاماردران.

عەرەب
تورکیا زۆر بە متمانەوە قسە دەکات، پێدەچێت لە عێراق نزیک بوبێتەوە لە سەرکەوتن بەسەر پەکەکەدا
شێوازی لێدوان و ئاخاوتنەکانی تورکیا لەوەدەچێت زۆر متمانەی بەوە هەبێت، لە چەند ناوچەیەکی ناو عێراقدا سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر پەکەکەدا بەدەست بهێنێت. ئەم لێدوانانەو بوون بە مایەی پرسیار لەلای هەندێک لە چاودێران. رەنگە ئەو پرسیارە دروست ببێت، داخۆ ئاکامی ئەو شەڕە بە چی دەگات، کە چل ساڵە بەردەوامە؟ چونکە لە چل ساڵی رابوردوودا تورکیا شەڕی دژی ئەو پارتە کردووە، بەڵام نەیتوانیوە بەسەریدا زاڵ ببێت، ئەگەرچی داهات و سەرمایەی زۆریش بۆ سوپاکەی بەردەست بووە..
هەندێک لە چاودێران دەڵێن لە ئێستادا ئەنقەرە لە شەڕی دژی پەکەکەدا پشت بە چەند لایەنێکی ناوخۆیی عێراقی دەبەستێت، بۆیە چاوی لەوەیە بتوانێت چالاکییەکانی ئەو پارتە لە ناو عێراقدا کۆتایی پێبهێنێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان: زیندانییەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیل مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا کراوە
راپۆرتێکی ناوخۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان باس لەوە دەکات بەشێوەیەکی بەرفراوان بە خراپیی مامەڵە لەگەڵ زیندانییەکانی فەلەستین کراوە، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستبەسەرکراون، لەوانەش لێدان، سەگ تێبەردان، خەمۆکی دێژخایەن و دەستدرێژیی سێکسیی.
راپۆرتەکە لەلایەن رێکخراوی ئونروای سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو زیندانییانە بڵاوکراوەتەوە کە لە زیندانییەکاندا لە ئاگربەستەکەی ساڵی رابردوودا ئازادکراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەرەتای شەڕەکەوە، زیاتر لە 4000 پیاو، ژن و منداڵ لەلایەن ئسیرائیلەوە لە غەزە دەستگیرکراون.
تایمز
جێرمی هەنت چاوی لە بردنەوەی دەنگدانە لە رێگەی کەمکردنەوەی باج بە تێکڕای 900 پاوەن بۆ هەر کارمەندێک لە بەریتانیا
جێرمی هەنت، وەزیری خەزێنەی بەریتانیا، بڕیارە ئەمڕۆ پرۆژە بودجەی وڵاتەکەی رابگەیەنێت و رێژەی وەرگرتنی باجی بیمەی نیشتیمانیی بە 2% بۆ 27 ملیۆن کارمەندی وڵاتەکەی کەم بکاتەوە.
بڕیارەکە کە لە مانگی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە تێکڕای 900 پاوەن بۆ هەر کارمەندێک پێدانی باج بە دەوڵەت کەمدەکاتەوە.
ئەمەش وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ راکێشانی سۆزی دەنگدەرانی وڵاتەکە کە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا هەڵبژاردنە گشتییەکان تیایدا بەڕێوەدەچن.

واشنتن پۆست
دۆناڵد ترەمپ خەریکە نزیک دەبێتەوە لە دووبارە کاندیدبوونەوەی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، تا دێت نزیکتر دەبێتەوە لە مسۆگەرکردنی کاندیدبوونی لەسەر پارتی کۆمارییەکان بە تایبەت لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی بەرایی رۆژی سێشەممە کە تێیدا جۆ بایدن لەسەر پارتی دیموکراتەکان سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
بەهۆی بەدەستهێنانی سەرکەوتنی ئەو دوو کاندیدە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە دوو هەفتەی داهاتوودا ترەمپ کاندیدبوونی خۆی مسۆگەر دەکات و لەگەڵ بایدن دەچنە کێبڕکێی سەرۆکایەتییەوە، کە بڕیارە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بەڕێوە بچن.

ئۆرشەلیم پۆست
حەماس سوورە لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی بۆ گەیشتنە رێککەوتن
بزووتنەوەى حەماس رایگەیاند، دەبێت ئاگربەستی هەمیشەیی رابگەیەندرێت بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن بۆ ئازادکردنی 134 بارمتەی ئیسرائیل کە لە هێرشەکەی ساڵی رابردوودا دەستبەسەریی کردن.
لە راگەیەندراوێکیدا کە پێدەچێت پێچەوانەی گەشبینییەکانی واشنتن بێت لەبارەی گەیشتنە رێککەوتنەوە، بزووتنەوەکە رایگەیاند پێشنیازی خۆیان داوە بە قەتەر و میسر کە تێیدا داوای کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل دەکەن لە غەزە و رێگەش بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بدرێت بۆ ماڵەکانیان.
هاوکات داواش دەکات ئاگربەستێکی هەمیشەیی رابگەیەندرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئیسرائیلدا بگەنە رێكکەوتن.
رۆژنامە فارسییەکان
ئیعتماد
ئەمساڵ هەناردەی ئێران %9 دابەزیوە
لێکۆڵینەوە لە ئاماری گومرگی بازرگانی نێودەوڵەتی ئێران دەریدەخات هەناردەی ئێران لە ماوەی یەک ساڵدا کەمتر بووە لە 45 ملیار دۆلار و بە لەبەرچاوگرتنی هاوردەکردنی نزیکەی 60 ملیار دۆلار، هاوسەنگی بازرگانی نانەوتی ئەو وڵاتە بە نێگەتیڤ 15 ملیار دۆلار تۆمارکرا. ئەمەش ریکۆردێکی پێوانەییە لەماوەی ده ساڵی رابردوودا کە بەراورد بە ساڵی رابردوو، هەناردەی وڵاتەکە بە رێژەى %9 دابەزینى بەخۆیەوە بینیوە .
ئیمروز
خامنەیی: بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا جیهاد بوو
عەلى خامنەیی، رێبەرى کۆمارى ئیسلامی ئێران سوپاسی خەڵکی ئێرانی کرد بۆ ئامادەبوونیان لە سندوقی دەنگدان و گوتی، ئامادەبوونی خەڵکی ئێران لە هەڵبژاردنەکاندا ئەرکێکی کۆمەڵایەتی و شارستانی و جیهادێک بوو.
خامنەیی راشیگەیاند، دوژمنان نزیکەی ساڵێک بە پڕوپاگەندەکانیان هەوڵیاندا خەڵک لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بێ هیوا بکەن و هەڵبژاردنەکان شکست بهێنن، بەڵام خەڵک بە بزووتنەوە گەورە و حەماسییەکانی خۆیان بەرەوڕووی هەوڵی دوژمنان رۆیشتن و شکستیان پێ هێنا.
شەهروەند
یارمەتی 24 هەزار کەسی زیانلێکەوتووی لافاو کراوە
بەرپرسی مانگی سوری ئێران رایگەیاند، تیمەکانی مانگی سوور و وەڵامدانەوەی خێرا لە پێنج پارێزگاوە نێردراون و ئێستاش لە باشووری سیستان و بەلوچستان جێگیرن و لەکاتی لافاوەکەوە بە تەواوی لەگەڵ خەڵکی بەلوچستانداین.
ناوبراو گوتیشی، تا ئێستا فریاگوزاری بۆ 526 گوند کراوە و کەلوپەلی خۆراک لە نێوان پێنج هەزار و 518 خێزاندا دابەش کراوە کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە، هاوکات فریاگوزاری بۆ 24 هەزار کەسی زیانلێکەوتووی لافاو کراوە.
ئەبرار
دەستڕاگەیشتن بە ترامادۆڵ بە ئاسانی و هەرزانی جێگەی نیگەرانییە
سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتمانی پزیشکانی چارەسەری ئالوودەبوون رایگەیاند، 24%ـی یەکەم ئەزموونی گەنجان لە ئالوودەبووندا ترامادۆڵە و دەستڕاگەیشتنی بە ئاسانی و هەرزانی جێگەی نیگەرانییە.
عەلی غوڵامی بە ئاماژەدان بە دابینکردنی مادەی هۆشبەر لەلایەن دەرمانخانەکانەوە گوتی، هەروەها دەرمانی میتادۆن بە ئاسانی لە دەرمانخانەکاندا دەستدەکەوێت و دەستڕاگەیشتنە هەرزانەکەی یەکەم هۆکاری ئالوودەبوونی گەنجانە بەم دەرمانە.
رۆژنامە تورکییەکان
ئاکیت
داوا دەکرێت زنجیرە تورکییەکان رەچاوى کلتوور و بەها کۆمەڵایەتییەکانى تورکیا بکات
ماهینوور ئۆزدەمیر، وەزیرى کۆمەڵایەتى تورکیا لە کاتى بەشداریکردنى پلاتفۆڕمى دامەزراوەى ریتوک رایگەیاند، ئەو زنجیرە تورکییانەى بە وڵاتان دەرەوە دەفرۆشرێت، نابێت بە تەنها لایەنە بازرگانییەکەى لەبەرچاو بگیرێت، پێویستە بە باشترین شێوە رەچاوی بەها کۆمەڵایەتییەکانى کۆمەڵگەى تورکی بکات.
ئەبوبەکر شاهین سەرۆکى ریتوک رایگەیاند، نیشاندانى توندوتیژی دژ بە ژنان لە زنجیرە تورکییەکاندا وایکردووە توتدوتیژی لەنێو کۆمەڵگەى تورکیا ببێتە دیاردە.
ئەکشام
لە 2500 مارکێت نرخى گۆشت جێگیرکرا
هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنى نرخى گۆشت بەردەوامە، لە ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە، لە 2500 مارکێت، بەدرێژایی مانگى رەمەزان نرخى گۆشت جێگیرکراوە، نرخى قیمە بە 314 لیرە و نرخى گۆشتى نەرمە بە 344 لیرە دەفرۆشرێت.
حوڕییەت
تورکیا لە سێ لاوە هەوڵى ئاگربەست بۆ غەزە دەدات
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا لە ئەنقەرە پێشوازى لە مەحمود عەباس، سەرۆکى فەلەستین کرد و رایگەیاند، بەدەر لە هەوڵەکانى خۆى بۆ راگەیاندنى ئاگربەست، هاوکات وەزیرى دەرەوە و سەرۆکى میت لەگەڵ بەرپرسانى ئەمریکا گفتوگۆ لەبارەى راگەیاندنى ئاگربەستێک بۆ غەزە دەکەن، لە کۆبوونەوەدا سەرۆکى فەلەستین لە پای ئەو هەوڵانەى تورکیا بۆ ئاگربەست، سوپاسی تورکیاى کردووە.
سۆزجو
رێژەى هەڵاوسان لە تورکیا بەرامبەر بە کۆى هەڵاوسانى 19 وڵاتی دیکەیە
تورکیا لەلایەک و وڵاتانی دیکە لەلایەکی دیکە، رێژەى هەڵاوسان لە تورکیا گەیشتووەتە 67.1%.
ئەم رێژەیە یەکسانە بە کۆى هەڵاوسانى 19 وڵاتى دیکە کە بە هەموویان رێژەى هەڵاوسان دەکاتە 56.2%، لەو وڵاتانەش ژمارەى دانیشتوانیان زۆرە و چینى هەژار و دەوڵەمەند و مامناوەندى تێدا زۆرە.