زووم:
هەفتەی رابردوو لێدوانێکی ماکرۆن لەبارەی ئەگەری ناردنی هێزی سەربازیی ئەوروپی بۆ ئۆکراین، روسیای بەتەواوەتی نیگەران کرد، ئەوەبوو دواتر فەڕەنسا روونکردنەوەی دا و گوتی، ماکرۆن مەبەستی ناردنی هاوکاریی بووە، نەک هێزی سەربازیی.
بەڵام خەریکە قسەکانی ماکرۆن دەبنە راست، لە تازەترین پلانیدا بۆ رووبەڕوبوونەوەی هەڕەشەکانی روسیا، یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێت توانا بەرگرییەکانی لە کیشوەرەکە پتەو بکات.
ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا هەفتەی رابردوو گوتی، “پێدەچێت مەترسیی جەنگ بەمنزیکانە لەئارادا نەبێت، بەڵام ئەستەمیش نییە”، بۆیە داوای لە ئەوروپییەکان کرد لەوبارەیەوە “زوو بەئاگابێنەوە”.
بۆیە ڤۆن دێر لاین، بەهۆی بارودۆخەکەوە، بە پێویستی زانی توانای بەرگریی 27 وڵاتە ئەندامەکەی یەکێتیی ئەوروپا تازەبکرێتەوە.
جەنگی ئۆکراین یەکێتیی ئەوروپای ناچارکردووە بەدوای ئامرازی تازە و بەرنامەیەکدا بگەڕێت بۆ بەهێزکردنی هێزەکانی بەرگریی وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە، بەتایبەت کە هێشتا جەنگی روسیا و ئۆکراین بەردەوامە.
تێری برێتن، ئەندامی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، ئەو بەرنامە تازەیە دەبێتەهۆی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی بەرگریی سەربازیی ساڵانەی ئەوروپا، بۆ نموونە، دەتوانن ساڵی 2025 دوو ملیۆن “قازیفە” دروست بکەن، لەکاتێکدا پێش دەستپێکی شەری روسیا و ئۆکراین، تواناکە نیو ملیۆن بووە.
برێتن دەڵێت، زیادکردنەکە تەنها دروستکردنی “قازیفە” دەگرێتەوە، بەڵام دەبێت هەموو ئەو پێداویستییە سەربازییانە بگرێتەوە کە پێویستن بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەوروپا.
کۆمسیۆنی ئەوروپا دەیەوێت بەم هەنگاوە فرۆشی چەکە ناوخۆییەکانی ئەوروپا زیادبکات، چونکە لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکراین، نزیکەی %70ـی ئەو چەکانەی ئەوروپییەکان بۆ هاوکاریکردنی ئۆکراین کڕیویانە، ئەمریکی بوون.
ئامانجێکی دیکەی ئەم بەرنامەیە ئەوەیە وا لە پیشەسازیی ئەوروپا بکەن بتوانێت لەو بوارەدا رکابەریی ئەمریکا بکات، بۆیە کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا میکانیزمێک دەداتە 27 ئەندامەکەی لەبارەی فرۆشی ئەو چەکانەی نزیکن لە نمونە ئەمریکییەکان.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، هەر ئەمڕۆ چەند بەرپرسێکی یەکێتیی ئەوروپا ئاشکرایان کردووە، پێشنیازێک هەیە بۆ پتەوکردنی لایەنی بەرهەمهێنان و موڵکداریی چەک لەلایەن یەکێتییەکەوە، تا کەمتر پشت بە چەکەکانی ئەمریکا ببەسترێت لە روبەڕووبوونەوەی روسیا لە ئۆکراین.