زووم:
رەنگە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ زۆرێک لە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان جێگای دڵخۆشیی بێت، بەڵام نووسەرێکی بەریتانی بەناوی “سایمەن واتکینز”، پێیوایە کۆتایی بە خەونی سەربەخۆیی کوردستان دەهێنن.
لە وتارێکدا لە ماڵپەڕی “ئۆیل پرایس”ـی بەریتانی تایبەت بە نەوت و وزە، سایمەن دەڵێت، ئەو ئامادەکارییانەی حکومەتی عێراق کردوویەتی بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، بەشێوەیەکی بەرچاو سەربەخۆیی کەرتی وزەی هەرێم کەمدەکاتەوە.
نووسەرەکە پێیوایە، ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی لە 21ی مانگی رابردوودا دەریکردن، ئەوە دەردەخەن ئەو یاسایەی نەوت و گاز کە پلانی بۆ دانراوە دەربکرێت، دەبن بە دوا گۆڕانکاریی رێگریکردن لە سەربەخۆیی کوردستان.
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت “هەموو داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان رادەستی بەغدا بکات”، سایمەن پێیوایە، ئەوە ئاماژەیە بۆ کۆتاییهێنان بەهەموو ئەو گفتوگۆیانەی جارێکی دیکە هەرێم بتوانێت نەوت بە سەربەخۆیی و دوور لە کۆمپانیای نەوتی سۆمۆی عێراقی، بفرۆشێت، ئەمە جگە لەوەی هەرێمی کوردستان هەرچی دەسەڵاتی داراییە، رادەستی بەغدادی دەکات.
نووسەرە بەریتانییەکە لە وتارەکەیدا دەڵێت، دۆخی هەرێم لە کۆتاییەکانی ساڵی 2017 بە دوو هۆکار تێکچوون، یەکێکیان ریفراندۆمی سەربەخۆیی بوو، ئەوەی دیکەش دوای ریفراندۆم و کۆنترۆڵکردنی کەرتی نەوتی هەرێم بوو لەلایەن کۆمپانیا روسییەکانەوە.
سایمەن پێیوایە، ئامانجی مۆسکۆ تەنها مسۆگەرکردنی یەدەگی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان نەبووە، بەڵکو ئامانجێکی درێژخایەنیشی هەبووە بۆ ئەوەی تۆوی تێکشکاندنی سەربەخۆیی کوردستان بچێنێت و کوردستان لەناو یەک عێراقدا بتوێنێتەوە.
دەشنووسێت، روسیا هەر لە 2014ــوە ناڕوونی و بێمتمانەیی لەنێوان هەرێم و بەغداد دروستکرد لەسەر رێککەوتنی ئەوکاتی تایبەت بە بودجە و داهاتی نەوت.
نووسەرە بەریتانییەکە دەڵێت، بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە کۆتایی ساڵی 2021، دۆخی کوردستان هێندەی دیکە خراپتر بوو، چونکە دەرگا بەڕووی وڵاتە زلهێزەکانی بواری ئابووریی، سیاسی و سەربازیی، کە مەبەستی لە ئێران، روسیا و چینە، کرایەوە و هەژموونیان لە عێراقدا زیاتربوو، سایمەن پێیوایە، لەبەرژەوەندیی هیچ کام لەم وڵاتانەدا نییە کوردستانێکی سەربەخۆی لایەنگری ئەمریکا بوونی هەبێت، بۆیە مۆسکۆ دەیەوێت لە رێگەی کۆمپانیا روسییەکانەوە وەبەرهێنانی نەوتی لە کێڵگەکانی باشوور و باکووری عێراق بکات و لەژێر کۆنترۆڵی بەغداد بێت، کە بەگوتەی سایمەن، لایەنگری روسیایە.