زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
مەدا
خەنجەر چووە ریزی رکابەرەکان و حەلبوسی بە تەنها مایەوە
لە بەغداد مارەسۆنێک دەستیپێکردووە بۆ رازیکردنى چوارچێووەی هەماهەنگی، لەسەر کەسێک کە زۆرینەی سوننە پشتگیری بکەن، بۆئەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانى عێراق وەربگرێت.
رۆژنامەکە نووسیەتى، روونە تائێستا بۆچوونێکی جێگیر لەلای هێزە شیعەکان دروست نەبووە، نازانن ئایا کاندیدێک کە زۆرینە پشتگیریی لێبکەن، یان هاوپەیمانێکی سیاسیی خۆیان. لەم دواییانەدا محەمەد حەلبوسی خۆی تەنها کەوتووە، دەبێت بتوانێت لەبەرامبەر سێ هێزی سوونەدا پێشبڕکی بکات، چونکە خەمیس خەنجەریش لەو جیابووەوە
زەمان
سەرکردەیەکی فەتح هەندێک زانیاری لەبارەی ئەگەری ئاگربەست بۆ زەمان ئاشکرا دەکات
قەیرانێکی تازە لەنێو گفتوگۆکانی قاهیرەدا سەری هەڵداوە. حەماس و ئیسرائیل دەیانەوێت بگەن بە رێکەوتنێک کە ئاگربەست رابگەیەنن و هەندێک بارمتە و دەستگیرکراوى هەردوولا ئاڵوگۆڕ بکەن. بەڵام حەماس ئامادە نییە لیستی ناوی بارمتە ئیسرائیلییەکانی لای خۆی بدات بە ئیسرائیل، دەشڵێت دەبێت ئیسرائیل ژمارەیەکی زیاتر لە بارمتە و دەستگیرکراوى حەماس و فەلەستینی ئازاد بکات.
شاندە ئیسرائیلییەکە بە نائومێدییەوە قاهیرەیان بەجێهێشتووە و گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان، بەڵام کۆتاییان بە گفتوگۆ نەهێناوە.
ئێستا هەریەکە لە میسر و قەتەر فشار دەخەنە سەر حەماس هەندێک نەرمی بنوێنێت، چونکە تاوەکو راگەیاندنی ئاگربەست زیاتر دوابکەوێت، ئەوەندە زیاتر ئیسرائیل پەلامارە سەربازییەکانی خۆی لە ناوچەی رەفەحدا چڕدەکاتەوە.
ئەوکاتە زیانی فەلەستینییەکان زیاتردەبێت. میسریس لەوە دەترسێت ئاڵۆزبوونی رەشەکەی ناو رەفەح وابکات فەلەستینییەکان رووبکەنە سنوری میسر، قاهیرەش نایەوێت ئەوە رووبدات.
سەباح
لە زانکۆی بابل پلاستەرێک دروستکراوە جێگەی دەرزیلێدان دەگرێتەوە
تیمێکی توێژینەوەی هاوبەشی نێوانی زانکۆی بابل و زانکۆی هۆڵی بەریتانی، کە لە بواری ئەندازەی کەرەستە و پزیشکیی دەروونیدا کاردەکەن جۆرێک پلاستەری زیرەکیان دروستکردووە، کە دەتوانێت لەسەر پێستی مرۆڤ بتوێتەوە و هەر دەرمانێکی پێوەبێت وەک دەرزیلێدان بینێرێتە ژێر پێستەوە. ئەم چارەسەرە بۆ ئەو کەسانە بەسوودە، کە لە دەرزیلێدان دەترسن.
دکتۆر قاسم موخیف وانەبێژی پسپۆرە لە کۆلیژی ئەندازەی مەواد لە زانکۆی بابل، لەمڕوەوە دەڵێت، ئەو تیمەمان توانییەتی لەزگەیەکی زیرەک دروست بکات، کە بەسەر پێستی مرۆڤەوە دەتوێتەوە و دەرمانەکانی زەهایمەر وەک دەرزیلێدان دەگەیەنێت بە نەخۆشەکان.
ئەم داهێنانە نوێیە بە هاوکاری خوێندکارێکی پزیشکانى زانکۆی هاڵ و پرۆفیسۆرێکی پزیشکی دەرونیی عێراقی لە لەندەن کاری لەسەرکراوە و گەشتوە بە ئەنجام.
عەرەب
کوەیت هەڵمەتێک بۆ پاککردنەوەی کەرتی پەروەردە لە بڕوانامە تەزویرەکان ئەنجامدەدات
لە وڵاتی کوەیتدا هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ خاوێنکردنەوەی کەرتی فێرکردن لە بڕوانامە تەزویرکراوەکان ئەنجامدەدرێت. ئەم کارەی دەوڵەت بەشێکە لە هەڵمەتێکی فراوانتر کە دەستەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەستیان پێکردووە بۆ کەمکردنەوەی کەموکووڕییە زۆرەکانی ناو ئەو دامەزراوە گەورە و هەستەوەرە، کە حکومەت بودجەیەکی زۆر فراوانیشی تێدایە خەرج دەکات.
لەم چەند ساڵەی دوواییدا تێبینیکراوە، کەسانێکی زۆر لە دەرەوەی کوەیتەوە دەچنە ناو کەرتی پەروەردەوە و زۆریشیان بڕوانامەی تەزویری بێ بنەمایان داوە بە حکومەت بۆئەوەی بچنە سەر کار لەو کەرتە گرنگەدا.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
پزیشکانى بەریتانیا ئاگادارییەکی توند رادەگەیەنن لەکاتێکدا وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکە رووبەڕووی گەورەترین کورتهێنانی بودجە لە 50 ساڵی رابردوودا دەبێتەوە
بەگوێرەى رۆژنامەى گاردیان وەزارەتی تەندروستیی بەریتانیا رووبەڕووی گەورەترین کەمبوونەوەی بودجە دەبێتەوە، کە لە ساڵی 1970ـەوە هاوشێوەی نەبووە. لەکاتێکدایە تا دێت فشارەکان لەسەر جێرمی هەنت، وەزیری خەزێنە زیاتر دەبن، بۆئەوەی دابینکردنی بودجە بۆ کەرتی خزمەتگوزاریی گشتیی بکاتە کاریی لەپێشینە، لەبەرامبەر کەمکردنەوەی داهاتی باج لە بودجەی وڵاتەکەدا. کەمبوونەوەی بودجەی کەرتی تەندروستی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ستاف، پارە وەرگرتن لە نەخۆش یان کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان.
دەیلی تەلەگراف
یاخیبوون لە یاسای ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا لە ئەنجومەنی لۆردەکانی بەریتانیا لە بەرژەوەندیی قاچاغچییەکاندایە
جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، رایگەیاند دواخستنی یاساکەی ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کە تایبەتە بە ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا، لەبەرژەوەندیی قاچاغچییەکاندایە. ئەمەش دوای ئەوە دێت حکومەتی وڵاتەکە رووبەڕووی چەندین شکست بووەتەوە لە ئەنجومەنی لۆردەکانی ئەو وڵاتەدا بۆ تێپەڕاندنی یاساکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پارتی کرێکاران خەریکە هەموو ئەو ئامرازانە دوور دەخەنەوە کە رێگریی لە کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتەکە دەکەن و خۆشیان هیچ بەدیلێکیان پێ نییە بۆ چارەسەریی ئەو پرسە.
واشنتن پۆست
دادگای باڵای ئەمریکا ترەمپ لە بەشداریکردنی هەڵبژاردنەکان لەسەرتاسەریی وڵاتدا دەهێڵێتەوە
دادگای باڵای ئەمریکا بەکۆی دەنگ پشتیوانیی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە کرد و رێگەیان دا لە سەرتاسەریی وڵاتدا بەشداریی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2024دا بکات و بڕیارەکەی دادگای ویلایەتی کۆلۆرادۆی هەڵوەشاندەوە، کە بەتۆمەتی نانەوەی پشێوی و گۆڕینی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2020، ترەمپی لە بەشداریکردن لە هەڵبژارنەکان دوورخستەوە.
لە بڕیارەکەی دادگادا هاتووە رێگە بە هیچ ویلایەتێک نادات رێگریی لە خۆکاندیدکردنى کەسێک بکات بۆ پۆستێکی نیشتیمانی.
ئۆرشەلیم پۆست
بەرپرسانی ئەمریکا بە گانتزیان گوتووە قەیرانی برسێتیی لە غەزە جێگەی قبووڵکردن نییە
بەرپرسانی ئیدارەی بایدن رایانگەیاندووە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بە بێنی گانتز، وەزیری کابینەی جەنگیی ئسیرائیلیان گوتووە قەیرانی برسێتیی کە رووبەڕووی خەڵکی غەزە دەبێتەوە جێگەی قبووڵکردن نییە و پلانی باشترکردنی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەو کەرتە لە ترۆپکی ئەجێندای کۆبوونەوەکانیان دایە لەگەڵ گانتزدا، کە بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو گەیشتە واشنتن. سەردانەکەی گانتز بۆ ئەمریکا نیگەرانیی زۆرێک لە بەرپرسانی ئیسرائیلی بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە بەبێ پرسی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیران سەردانەکەی ئەنجامداوە و لایەنگرانی ناتانیاهۆ بە کارێکی ‘بێوەفایی’ وەسفی دەکەن.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
هەڵئاوسان گەیشتە گەدەى وەزیرى دارایی
محەمەد شیمشەک، وەزیرى دارایی تورکیا کاتێک کرا بە وەزیر نرخى کومپیر 80 لیرە بوو، ئێستا بە 180 لیرەیە.
محەمەد شیمشەک زۆرى حەز لە خواردنى کومپیرە، لەماوەى نۆ مانگدا هەڵاوسان گەیشتە %131 هەر لەو ماوەیەدا نرخی کومپیر، ئەو خواردنەى وەزیرى دارایی زۆر حەزی لێیەتى، نرخەکەى دوو هێندە زیاتر بەرزبووەتەوە.
ئەکشام
فەرماندەکانى ئەمریکا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەپەگە بەهێزتر دەکەن
مایکڵ ئێریک، فەرماندەى ناوەندەى هێزەکانى سوپاى ئەمریکا سەردانى مەزڵوم عەبدى و بەرپرسانى یەپەگەى کردووە، ئەو فەرماندەیە بە مەزڵوم عەبدی گوتووە، پەیوەندیی و هەماهەنگییەکانمان زیاتر دەکەین.
میلییەت
ئەردۆغان: لە هاوینى ئەمساڵدا ئامادەکاریی گەورە بۆ لێدانى پەکەکە دەکەین
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکۆمارى تورکیا هەڕەشەى لێدانێکى گەورە لە پەکەکە دەکات و رایگەیاند، تاوەکو هاوینى ئەمساڵ بازنەیەکى گەمارۆ لەسەر سنوورەکانمان لە باشوورى وڵات دروست دەکەین، بەمەش سنوورەکانى خۆمان دەپارێزین و هەنگاوێکى گەورە لە مەسەلەى روبەڕووبونەوەى “تیرۆر” دەنێین.
یەنى بیرلیک
سەرۆکى میت بۆ پرسی تیرۆر لە ئەمریکایە
ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکى دەزگاى هەواڵگریی نیشتیمانی تورکیا بە سەردانێکى فەرمى لە ئەمریکایە، بڕیارە لەگەڵ ویلیام بورنس سەرۆکى سی ئاى ئەی کۆببێتەوە. دواتریش لە کۆشکی سپى لەگەڵ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
رۆژنامەکە نووسیەتى، کاڵن دۆسییەیەکى قەبەى لەسەر پرسی تیرۆر پێیە، بابەتى رووبەڕووبونەوەى پەکەکە، یەپەگە، فەتۆ و داعش تاوتۆێ دەکەن.
رۆژنامە فارسییەکان
جیهانی سەنعەت
دۆخی ژیانی خەڵک رەنگدانەوەی لەسەر هەڵبژاردنەکان هەبووە و 60%ـى ئەوانەى مافى دەنگدانیان هەبوو دەنگیان نەدا
نزیکەی 60%ی خاوەن مافی دەنگدان پێیان باشتر بووە مافی دەنگدانیان بەکارنەهێنن، ئەمە هەڵسوکەوتی ئێرانییەکان دەردەخات کە توانیویانە بێ خۆپێشاندان لە شەقامەکان و بە نەهاتن بۆ سندووقی دەنگدان، دەسەڵاتداران ئاگادار بکەنەوە لە دۆخی نالەباری بژێوی ژیانیان.
لە راستیدا نەهاتنی هاوڵاتیان بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان رەنگدانەوەی مەترسی لەسەر سفرە و بژێوی رۆژانەی هاوڵاتیانە.
لەو ناوچانەی رێژەی دەنگەکان لە 50% زیاترە، پرسی خزمایەتی و عەشایەری سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
ئێرانییەکان هێزی دەنگ نەدانیان بەکارهێنا و ناڕەزایی خۆیان بۆ حکومەت نیشان دا.
ئەبرار
هەمووتان رەتکرانەوە جا دەڵێن ئێمە یەکەم بووین!
بەگوێرەی راپۆرتی خەبەر ئۆنلاین، محەممەد حەسەن رۆزیتەلەب، یەکێک لە خوێندکارەکانی میسباح یەزدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی،20 ساڵ هەوڵی هاوبەشی بناژۆخوازان و ریفۆرمخوازان و میانڕەوەکان بۆ نەهێشتنی میسباحی نەمر، دەرئەنجامەکەی ئەوە بوو سێ خوێندکارى میسباح بوونە یەکەم تاوەکو سێیەم لە هەڵبژاردنەکانی تاران.
لە وەڵامی ئەوەشدا، غوڵام حوسەین کەرباسچی دەڵێت، “شیاوبوونی هەموو کاندیدەکان رەتکرانەوە و دواتر دەڵێن ئێمە یەکەم بووین”.
ئیعتداڵ
رێبەری ئێران ستایشی میدیاکانى وڵاتەکەى لە دوای هەڵبژاردن دەکات
رۆژنامەکە نووسیەتى، دوابەدوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی ئێران، کە بەشداری بەربڵاو لە سەرانسەری وڵاتدا بەدیکرا، ئەنجامەکان هەژمار کران و نوێنەرانی داهاتوویان ئاشکرا کرد. میدیا رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو، پەخشی نیشتمانی دەستی بە رووماڵکردنی هەڵبژاردنەکان کرد لە رێگەی 200 کەناڵ شانبەشانی بەرنامەکانی دیکە، ئەمەش بەشداریکردنی گشتی بەرزکردەوە.
هەوڵەکان لەلایەن کارمەندانی میدیاوە، ستایشی رێبەری باڵای بەدەستهێنا و دەستخۆشی لە ئەدای رێکخراوی میدیایی نیشتمانی کرد.
رۆژنامەکە نووسیەتى، رێبەری ئێران لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ جێبەجێکارانی هەڵبژاردنەکان تیشکی خستەسەر خۆبەخشیی ماندوو نەناسانەی بەڕێوەبەرانی میدیا، لە لایەن خامنەیی دەستخۆشییان لێکرا بۆ بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا کە تا ئێستا وێنەی نەبووە لە مێژوودا.
کەیهان
مۆری کۆتایی لەسەر درۆی دەستکاریی هەڵبژاردن
رۆژنامەکە نووسیەتى، یەکەم وانەی ئەم هەڵبژاردنە شکستی دووبارەی بانگەشەی بایکۆتکردنی سندوقەکانی دەنگدان بوو، کە لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا بە چڕییەکی زۆر زیاترەوە لەلایەن هاوپەیمانیی دژبەران، سیاسییە بێئاگاکان، ریفۆرمخوازان، وڵاتانی دەرەوە و ئیمپراتۆریەتە میدیاییە زەبەلاحەکەی بانگەشەی بۆ دەکرا.
پێکهاتەی پەرلەمانی تازە، چ لە روانگەی سیاسی و چ لە روانگەی ئەوەی کە ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی پەرلەمانی پێشوو تێیدا ئامادە نین و گۆڕاون، ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی جدی لە پەرلەمانی داهاتوودا بە بەراورد بە قۆناغی ئێستا.