زووم:
لایەنە سیاسییەکانی تورکمان و کریستیانەکان لە هەرێم داوا لە کۆمەڵگەی عێراقی و نێودەوڵەتی و بەرپرسان دەکەن کاربکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ نەهێشتنی کورسی کۆتاکان کە ئەوان بە “ستەم” ناویان برد.
ئەمڕۆ سەرکردەی ئەو لایەنە تورکمان و کریستیانانە لە هەولێر گردبوونەوە و پەیامێکی هاوبەشیان بە زمانەکانی تورکمانی و سریانی خوێندەوە و تێیدا هاتووە، بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ نەمانی کورسییەکانیان بە نادەستوری ناوبرد.
گوتیشیان، کورسی کۆتاکان مافێکی دەستورییە و بە خوێنی شەهیدان و راپەرینی گەلی کورد هاتووەتەدی.
مونا قاوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمانی کە سکرتێری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بوو لە خولی پێنجەمدا داوای لە سەرۆککۆماری عێراق کرد بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی هەڵبوەشێنێتەوە.
ناوبراو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشی تۆمەتبارکرد بە سووکایەتیکردن بە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان و گوتی، ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک نابێت.