ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقى قودسی سوپاى پاسدارانی ئێران، لە سەردانێکى رانەگەیەندراودا گەیشتە بەغداد و لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
ئاژانسی مێهری ئێرانى لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ قائانی بە سەردانێکی پێشتر رانەگەیەندراو گەیشتووەتە بەغدادی پایتەختی عێراق و دیدارێکى کورتخایەنى لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق هەبووە.
سەرچاوەکەی مێهر رایگەیاندووە، قائانی لەبارەی حکومەتی نوێی عێراق قسەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کردووە و پشتگیری ئێرانی بۆ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕیوە، هەروەها پرسی ئاسایشی ناوچەکە و پەیوەندییە ئەمنییەکانی هەردوولا، بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی بووە.
ئاژانسی مێهر ئاشکراشی کردووە کە فەرماندەی فەیلەقى قودس، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی چوارچێوەی هەمانگیش کۆبووتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق کردووە.
سەردانەکەی قائانی لە کاتێکدایە دوێنێ دووشەممە، 14ی تشرینى دووەمی 2022، سوپای پاسدارانی ئێران، بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی شۆڕشگێری کوردستانى بە درۆن و موشەک بۆردومانکرد کە لە ئەنجامدا دوو پێشمەرگەى حزبى دیموکرات لە کۆیە کوژران و هەشتى دیکە برینداربوون.
دوابەدوای هێرشەکە، سوپای پاسدارانی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە بەردەوام دەبن لەسەر هێرشەکانیان داوای لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد پابەندى بەڵێنەکانیان بن، بۆ پاراستنى ئاسایشى سنورەکانى هەردوولا و چەککردن و دەرکردنى گروپەکانی دژی دەوڵەتی ئێران لە خاکى هەرێمى کوردستان.