زووم:
تونجای بەکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، ئەم هەڵبژاردنە بە تەنها هەڵبژاردن بۆ شارەوانییەکان نابێت، بەڵکو لەسەر سندوقی دەنگدان لێپێچینەوە لەوانە دەکەین لە شاری سلێمانی کورد دەکوژن.
بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەی یەنی یەشام، بەکرهان گوتویەتی، “دەسەڵاتی تورکیا لە هەر شوێنێکی دنیا بێت لە دژی کورد دەوەستێتەوە و کورد دەکوژێت، کورد لە هەرکوێیەک بێت ئەوان کۆمەڵکوژی دەکەن”. بەوەشەوە ناوەستێتەوە لە ژاپۆن رێگریی لە زمانی کوردی دەکات. لە کاتێکدا لە ژاپۆن زیاتر لە 10 هەزار کورد دەژی.
ئەو دەڵێت، لە دژی ئەو زیهنییەتە دەوەستینەوە کە کۆمەڵکوژی گەلی کورد دەکات لەهەر شوێنێکی دنیا بێت.
لەبارەی لێدوانێکی ئەردۆغان کە گوتبوی “تیرۆریستان” هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، ئەوەی ئەردۆغان دەیڵێت مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە، ئێمە دەڵێین ئەوێ تیرۆریستان نییە و کوردستانە.