زووم:
تا ئێستا رووداوی کوژرانی دەیان فەڵەستینی لەکاتی وەرگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان بەتەواوەتی رووننەبووەتەوە، حەماس و ئیسرائیل قسەی جیاوازیان لەبارەیەوە هەیە.
حەماس وا رووداوەکە دەگێڕێتەوە، لە نزیک بارهەڵگرەکانی هاوکاریی مرۆیی لە غەزە، فەڵەستینییەکان بەپەرۆشییەوە چاوەڕێی وەرگرتنی هاوکارییەکان بوون، بەڵام لەناکاو بە تەقەی سەربازانی ئیسرائیل راچڵەکین.
شایەتحاڵان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان گوتووە، رۆژی پێنجشەممە چەند سەربازێکی ئیسرائیلی لەنزیک بارهەڵگرەکانی هاوکارییە مرۆییەکان تەقەیان بەسەر کۆمەڵێک خەڵکدا کردووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی سەر بە حەماس، 115 کەس بەهۆی رووداوەکەوە کوژراون و 760 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەڵام ئیسرائیل هۆکاری رووداوەکە بەشێوەیەکی دیکە دەگێڕێتەوە، دەڵێت، کۆمەڵێک سەربازی ئیسرائیل دابەشکردنی یارمەتییەکانیان پاراستووە، بەڵام بەهۆی پاڵەپەستۆی خەڵکەکەوە هەستیان بە هەڕەشە کردووە، بۆیە لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردن بەشێوەیەکی سنووردار تەقەیان کردووە بەو هۆیەوە دەیان کەس بریندار بوون و کوژراون.
ئیسرائیل کوژرانی ئەو دەیان کەسە تەنها بۆ تەقەکردنەکە ناگەڕێنێتەوە، بەڵکو “ئەفیخای ئەدرەعی” گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بۆ جیهانی عەرەبی رایگەیاند، زۆرێک لەو فەڵەستینییانە بەهۆی پاڵەپەستۆ و هەروەها رۆیشتنی بارهەڵگرەکان بوون بە ژێرەوە و گیانیان لەدەستداوە، ڤیدیۆی مانگە دەستکردەکانیشیان بڵاوکردووەتەوە بۆ سەلماندنی قسەکانیان.
بۆیە ئەدرەعی چیرۆکەکەی حەماس بە “درۆ” ناودەبات.
ئەم ناڕونییە و گەورەیی کارەساتەوە، وای لە ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا و چەند وڵاتێکی دیکە کرد داوا بکەن لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و کارا لە رووداوەکە بکرێت، واشنتنیش داوای لە ئیسرائیل کرد وەڵامدانەوەی بۆ ئەو کارەساتە هەبێت و بگاتە رێککەوتنی ئاگربەستی کاتی.
رووداوەکە ئەمریکای هاندا ئەمجارە هاکارییەکان لە ئاسمانەوە و بە هەڵدانەخوارەوە بگەیەنێتە غەزە، وەک ئەوەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا هاوکاری و دەرمانی زیاتر بۆ خەڵکی غەزە دەخەنە خوارەوە.
پاڵنەری ئەم هەنگاوەی ئەمریکا دروستنەبوونی پشێوی و رێگریکردنە لە رووداوی نەخوازراو لەکاتی دابەشکردنی هاوکارییەکان، بەڵام لیژنەی فریاگوزاریی نێودەوڵەتی “ئای ئاڕ سی” ئاماژە بەوە دەکات، پڕۆسەی هەڵدانەخوارەوەی هاوکاری ناتوانێت گرەنتی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بکات.